پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار پێشنیازێکی نوێ دەداتە یەکێتی

شەیری بکە لە:
پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار پێشنیازێکی نوێ دەداتە یەکێتی

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و فوئاد حوسێن کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرککۆماری عێراق

ئاڤا نیوز


بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، فوئاد حوسێن و  بافڵ تاڵەبانی کاتژمێر پێنجی ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەتەوە و فوئاد حوسێن پێشیازێکی نوێی پارتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار داوەتە بافڵ تاڵەبانی.

وێنە گەورەکە: تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرککۆمار ڕێکنەکەوتوون و هەر حیزبە و کاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە هەیە، ئەمڕۆ بڕیاربوو ئەمڕۆ  پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی داوای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو دواخرا.


زانیاریی ئاڤا؛ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار وەرەقەیەکی نوێی داوەتە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، ئاڤا زانیویەتی: پارتی پێشنیازی بۆ یەکێتی کردووە پۆستەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن، پارتی پۆستی سەرۆکۆمار و دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری وەربگرێت، لە بەرامبەرا یەکێتی جێگری سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتێکی سیادی و وەزارەتێکی خزمەتگوزاری وەربگرێت.


زانیاریی زیاتر: تا ڕۆژی یەکشەممە مۆڵەت دراوەتە پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی لەنێوانی خۆیان ڕێک بکەون، ئەگەر تا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکنەکەون، پەرلەمان یەکشەممە کۆدەبێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە چی ڕووی دا؟ ڕۆژی دووشەممە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لایەنە شیعەکان بە جیا لەگەڵ شاندەکانی پارتی و یەکێتی کۆبوونەوە، لەسەر داوای هەردوولا شیعەکان ڕەزامەندییان دا کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت؛  ئاڤا زانیویەتی شاندی پارتی بە سێ پێشنیاز چووەتە لای چوارچێوەی هەماهەنگی:


یەکەمیان ئەوەیە هاوشێوەی ئەو سیناریۆیەی لەنێوان فوئاد مەعسووم و دکتۆر بەرهەم ڕووی دا ئێستا دووبارە بکرێتەوە و سەرۆککۆمار لەناو فراکسیۆنە کوردییەکان هەڵبژێردرێت.

دووەم: هاوشێوەی سوننەکان بکرێت کە گەورەترین حیزب کاندیدی هەبوو بۆ سەرۆکی پەرلەمان، لایەنە کوردییەکانیش گەورەترین حیزب کاندیدی خۆی پێشکەش بکات بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، واتا پۆستی سەرۆککۆمار بدرێت بە پارتی. 

سێیەم پێشنیاز: ئەگەر پارتی و یەکێتی هەر ڕێک نەکەوتن، ئەوا لە پەرلەمان پرسەکە یەکلا بکرێتەوە.

بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی وەک یەک کوتلە دەنگ نەدات بە لایەنێک دژی لایەنێکی دیکە، بەڵکو هێزە سیاسییەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی سەرپشک بکرێن لەوەی دەنگ بە چ کاندێک دەدەن.


بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا میدیا، پێش ئەوەی دکتۆر فوئاد حوسێن بچێتە لای چوارچێوەی هەماهەنگی، قسەی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کردووە، ڕێککەوتوون هەردوولا بچنە لای چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەمە هەڵوێستیان بێت. 


ئینجا دوای شاندەکەی پارتی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیش چوونەتە لای چوارچێوەی هەماهەنگی، ئەوانیش پێیان ڕاگەیاندبوون کە دەرفەتمان پێ بدەن هەوڵ دەدەین هەردوولا ڕێکبکەوین هەم لەسەر بەغدا و هەم لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی کوردستان. 

چوارچێوەی هەماهەنگیش لاری نەبووە لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام گوتوویانە با تاوەکو یەکشەممە دوابخرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بە یەکێتی و پارتی بدرێت پێکەوە دابنیشن و چارەسەر ئەو بابەتە بکەن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: