فوئاد حوسێن و قوباد تاڵەبانی لە بەغدا کۆبوونەوە: گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن

شەیری بکە لە:
فوئاد حوسێن و قوباد تاڵەبانی لە بەغدا کۆبوونەوە: گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن

فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و قوباد تاڵەبانی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

ئاڤا نیوز

 

د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە بەغدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە. فوئاد حوسێن دەڵێت: "گفتوگۆیەکی ڕاشکاو و شەفافمان کرد، بڕیاریشماندا لەو چەند ڕۆژە کەمەی ماوە، درێژە بە گفتوگۆکان بدەین".

بڵاوکراوەی فەرمی: د.فوئاد حوسێن، عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: ئەمشەو پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان کردووە و هەردوولا باسیان لە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و حکومەتی کوردستان و کاندیدبوون بۆ سەرۆکایەتی کۆمار کرد.

- ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکی ڕاشکاو و شەفافیان کردووە و بڕیاریانداوە لەو چەند ڕۆژە کەمەی ماوەی درێژە بە گفتوگۆکان بدەن، ئەویش بەجۆرێک بێت کە کارئاسانیی و خزمەت بە حکومەتی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ بکات.

لەلایەکی دیکە؛ بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاڤا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار وەرەقەیەکی نوێی داوەتە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، ئاڤا زانیویەتی: پارتی پێشنیازی بۆ یەکێتی کردووە پۆستەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن، پارتی پۆستی سەرۆکۆمار و دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری وەربگرێت، لە بەرامبەرا یەکێتی جێگری سەرۆکوەزیران، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتێکی سیادی و وەزارەتێکی خزمەتگوزاری وەربگرێت.


-تا ڕۆژی یەکشەممە مۆڵەت دراوەتە پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی لەنێوانی خۆیان ڕێک بکەون، ئەگەر تا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکنەکەون، پەرلەمان یەکشەممە کۆدەبێتەوە.

باکگراوند: ئەمڕۆ بڕیار بوو پەرلەمانی عێراق لەناو 18 کاندید، سەرۆککۆماری نوێی عێراق لەسەر پشکی کورد هەڵبژێرێت، د.فوئاد حوسێن کاندیدی پارتییە و نزار ئامێدیش کاندیدی یەکێتییە، ئەم دوو حزبە تائێستا لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش ڕێکنەکەوتوون بۆیەش داوایان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد، هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تا یەکشەممەی داهاتوو دوابخرێت، سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەهۆی نەبوونی نیساب بۆ کۆبوونەوە و لەسەر بنەمای ئەم داواکارییە، بڕیاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی دا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: