هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی: پێکهێنانی حکومەت پرسێکی عێراقییە بەڵام دەبێت کراوەبێت لەگەڵ دەرەوە

شەیری بکە لە:
هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی: پێکهێنانی حکومەت پرسێکی عێراقییە بەڵام دەبێت کراوەبێت لەگەڵ دەرەوە

وێنەی ئاماژەیی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە گەشەپێدان دەڵێت، هەرچەندە پرسی پێکهێنانی حکومەت پرسێکی ناوخۆییە و گرنگە ڕێز لە دەستوور و بڕیاری نیشتیمانی وڵات بگیرێت، بەڵام بە گرنگیشی دەزانن حکومەتی داهاتوو کۆکەرەوەی عێراقییەکان بێت و لەڕێگەیەوە ئارامی و ئاسایش بپارێزێت، کراوەشبێت بەڕووی وڵاتانی دۆست و جیهاندا.

چیرۆکی سەرەکی: دوای ڕاگەیاندنی ناوی نووری مالیکی وەکو تاکە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ناڕەزایی خۆی لەسەر ناوبراو دەربڕی، بەهۆیەوە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دواخرا، چونکە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ڕاستەوخۆ نووری مالیکی ڕادەسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەت. 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە ڕاگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوەكردووە، هاوپەیمانێتییەکەیان بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی و ئەوانیش مافی دیاریکردنی هەر کەسێکیان هەیە کە باوەڕیان وایە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم قۆناغە گونجاوە، ئەویش لەسەر بنەمای توانای سیاسی و ئەزموونی فراوانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران و ئاستەنگییەکان.

دەشڵێت، پێکهێنانی حکومەت پرسێکی نیشتیمانی عێراقە و لە ئیرادەی گەلەوە سەرچاوە دەگرێت، بۆ بەدیهێنانی ئارامی، ئاسایش و ئاوەدانیش، پێویستە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتیش بەجۆرێک بێت ڕەچاوی بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکانی تێدابکرێت، ئەویش بەهۆی گرنگی ئەم بابەتە بۆ داهاتووی عێراق  و ناوچەکە.

لەلایەکی دیکەوە: هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان پشتیوانی خۆیشی بۆ بوونی پەیوەندییەکی "ئەرێنیی و هاوسەنگ" لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان لەوانەش ئەمریکا دووپاتدەکاتەوە، ئەویش لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری وڵات، ئاراستە و ژیانی دەستووریی و دەرئەنجامەکانی پرۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن.

هاوپەیمانێتییەکەی سوودانی باوەڕیشی وایە ئەم قۆناغە وڵات پێویستی بە حکومەتێکی "نیشتیمانی کۆکەرەوە هەیە کە ڕەنگدانەوەی گەلی عێراق بێت، بتوانێت ئاسایش و ئارامی بپارێزێت و بەڕووی کاری پێکەوەیش لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوەبێت".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: