ڕووماڵی ناپیشەییانەی میدیایەکی کوردی دەبێتە هۆی بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەک هاووڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

شەیری بکە لە:
ڕووماڵی ناپیشەییانەی میدیایەکی کوردی دەبێتە هۆی بێسەروشوێن بوونی ژمارەیەک هاووڵاتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

دیمەنی دۆخی ئێران. وێنە؛ AFP

ئاڤا نیوز

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو میدیایەکی باشووری کوردستان، ڤیدیۆی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بڵاوکردەوە کە هاتبوونە سەر سنوور بۆ سوود وەرگرتن لە ئینتەرنێت بەمەبەستی گەیاندنی هەواڵی خراپی دۆخی خۆیان بە کەس و کارییان لە دەرەوەی ئێران، بەگوتەی نوێنەری ڕێکخراوی CPT ئەمریکی "بەهۆیەوە سەرجەمیان لەلایەن ئیتلاعاتەوە ڕفێنراون."

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی 13ـی ئەم مانگە میدیایەکی باشووری کوردستان ڤیدیۆی ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییانە دەگوازێتەوە کە بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندیکردن و وەستاندنی ئەنتەرنێت لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانەوە، ڕۆژانە دەهاتنە سەر سنووری باشووری کوردستان و بە بەکارهێنانی تۆڕەکانی پەیوەندیکردنی عێراق، دەنگوباس و هەواڵی خراپی دۆخیان بە کەس و کار و خەڵکی باشوور و دۆستانییان لەدەرەوەی ووڵات دەگەیاند. لە ڤیدیۆکەدا ژمارە و جۆری ئۆتۆمبێلەکانییان تێیدا بە ڕوونی دەردەکەوێت و ئاشکرادەبێت.

لێدوانی فەرمی: کامەران عوسمان، نوێنەری ڕێکخراوی CPT ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان؛ بە ئاڤای گوت، "دروست ڕۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیدیۆیە، لێکۆڵینەوە لە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان دەکرێت، دەزگای ئیتلاعاتی ئێران، تەواوی ئەو هاووڵاتییانە کە ژمارەیان 36 کەسە و هەموویان کوردی دانیشتووی شاری بانەن دەدۆزێتەوە و دەیانڕفێنێت. تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو هاووڵاتیانە دیارنییە و کەس نازانێت چیان بەسەر هاتووە."

زانیاریی زیاتر: بەگوتەی نوێنەری ڕێکخراوی CPT ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، سوپای پاسداران، ژمارەیەکی زۆر سەرباز لەسەر سنوری بانە و مەریوان بڵاوەپێدەکەن و زاڵگە دروست دەکەن بۆ دەستگیرکردنی هەر کەسێک کە بیەوێت بچێت بۆ سەر سنوور و هەواڵی خەڵکی ڕۆژهەڵات بەدەرەوە بگەیەنێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ