بۆ جاری دووەم لە هەولێر هەزار کتێب پێشکەشی کتێبخانەی چەمچەماڵ دەکرێت

شەیری بکە لە:
بۆ جاری دووەم لە هەولێر هەزار کتێب پێشکەشی کتێبخانەی چەمچەماڵ دەکرێت

دیمەنی یەکێک لە کتێبخانەکانی کوردستان

ئاڤا نیوز


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، بۆ جاری دووەم هه‌زار كتێبی بە ناونیشانی جیاجیا پێشکەشی كتێبخانەی چەمچەماڵ دەکات و کتێبەکان بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی ناونیشانی جۆراوجۆریان لەخۆگرتووە.

لێدوانی فەرمی: سیروان عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی رۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر، بە ئاڤای وت: "ئەمە دەبێتە دووەم کاروانی بەخشینی کتێب بە کتێبخانەی چەمچەماڵ لە دوای ئەوەی بەهۆی لافاوەوە زیانی بەرکەوت، واتە دوو هەزار کتێبمان بە ناونیشانی جیاواز بەخشیوەتە کتێبەخانەکە."


سیروان عوسمان، وتیشی: "کتێبەکان بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی ناونیشانی جۆراوجۆریان لەخۆگرتووە و هەتاوەکو کتێبخانەکە نوژەندەکرێتەوە کتێبەکان ڕادەستی كتێبخانەی گشتیی هەولێرکران و دوای نۆژەنکردنەوەش سەردانی کتێبخانەی چەمچەماڵ دەکەین پیویستییان بە کتیبی زیاتر بێت بۆیان دەنێرین."


لەلایەکی دیکەوە: هێرش عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری کتێبخانەی چەمچەماڵ بە ئاڤای ڕاگەیاند: ڕێکخراوێکی ناوخۆیی خۆبەخشانە کتێبخانەکە نۆژەن دەکاتەوە، تەندەری پڕۆژەکە دراوەتە کۆمپانیا و بەپێی پلانی نۆژنکردنەوەکە  ١٢ ڕۆژی دیکە دەست بە نۆژەنکردنەوەی دەکرێت و لەماوەی 10 مانگدا تەوادەبێت.

بەڕێوەبەری کتێبخانەی چەمچەماڵ، دەشڵێت: "دوای لافاوەکەوەی چەمچەماڵ، 35 هەزار کتێب لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانەوە بەخشراوەتە کتێبخانەی چەمچەماڵ، هەر کەس و لایەنێکیش کتێب ببخشێت ئێمە دەمانەوێت و وەری دەگرین."


زانیاریی زیاتر: ڕووبەری گشتیی کتێبخانەی چەمچەماڵ چوارهەزار و 700 مەترە هەزار و 500 مەتری بینایە لەتوانایدایە زیاتر لە 300 هەزار کتێب لەخۆبگرێت. بەگوتەی بەڕێوەبەری کتێبخانەی چەمچەماڵ، "شوێنی تایبەتیان بۆ کتێبەکان کردووەتەوە تا کاری نۆژەنکردنەوەکە تەواو دەبێت."


باکگراوند: ڕۆژی سێشەممە 9-12-2025، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە بەهۆیەوە لە چەمچەماڵ، شۆڕش و تەکیە لافاو دروستبوو، ڕووداوەکە زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتەوە، یەکێک لەو فەرمانگانە کتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ بوو.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ