جێفری ئێپستین سەر بە دەزگای هەواڵگریی ڕووسیایە؟ مۆسکۆ وەڵام دەداتەوە

شەیری بکە لە:
جێفری ئێپستین سەر بە دەزگای هەواڵگریی ڕووسیایە؟ مۆسکۆ وەڵام دەداتەوە

جێفری ئێپستین

ئاڤا نیوز

دواجار کۆشکی کرێملنی ڕووسیا لەسەر دۆسیەی ئێپستین هاتە دەنگ و ڕەتی کردەوە کە جێفری ئێپستین کاری هەواڵگری بۆ ڕووسیا کردبێت.

وێنە گەورەکە: بەشێك لە ئاژانسەكانی هەواڵ، چەندین بابەتیان لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و جێفری ئیپستین، ملیاردێری ئەمریکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوە دەدا کە ئێپستین ''پیاوی هەوڵگری'' ڕووسیا بووە.

- دۆناڵد تەسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لێکۆڵینەوەیەکی تایبەت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێپستین دەکات و گومانیان هەیە لەوەی ملیاردێرە کۆچکردووەتە بۆ دەزگا هەواڵگیرییەکانی ڕووسیا کاری کردبێت.

لێدوانی فرمی: لای خۆیەوە کۆشکی کرێملن ڕایگەیاند: ڕووسیا نایەوێت کاتی خۆی بە وەڵامدانەوەی ئەو ''بابەتە نەسەلمێنراوانە'' سەرقاڵ بکات کە میدیاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندیا بڵاویانکردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا مۆسکۆ سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە کە ئێپستین سیخوڕێکی ڕووسی بووبێت. 

- ڕووسیا دەڵێت ئەو بانگەشەی کە ئێپستین کاری بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕووسیا کردبێت، بەمەبەست لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە دروستکراوە بۆ ئەوەی ئابڕووچوونەکە لەسەر سەرکردە و دەسەڵاتدارانی خۆیان لاببەن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لەو فایلانەی وەزارەتی دادی ئەمریکا دەربارەی ئێپستین بڵاوی کردوونەتەوە، ناوی ڕووسیا هەزاران جار هاتووە، فایلەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەندێک لەو کچە گەنجانەی ئێپستین پەیوەندی پێوە کردوون خەڵکی ڕووسیا بوون، لەوانە ژنێکی تەمەن 26 ساڵ کە ئێپستاین هەوڵیدابوو بیناسێنێت بە ئاندرو مۆنتباتن ویندزۆر، برای بچووکی شا چارڵزی بەریتانیا.

ئەمەش بزانە: لە ڕووسیا، چەندین دەزگای میدیایی پێشبینی ئەوەیان کردووە کە ئێپستین بۆ دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی یان سی ئای ئەی ئەمریکی سیخوڕی کردبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی یەکلاکەرەوە لەلایەن هیچ دەزگایەکی هەواڵیی باوەڕپێکراوەوە بڵاونەکراوەتەوە کە بیسەلمێنێت جێفری بۆ دەزگایەکی هەواڵگری کاری کردبێت. 

باکگراوند: دۆسیەی جێفری ئێپستین، سەرمایەداری کۆچکردووی ئەمریکی، بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانە سێکسییەکان و پەیوەندییە فراوانەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان، جیهانی هەژاندووە. ناوی کەسایەتییەکی زۆری وەک دۆناڵد ترەمپ، بیڵ کلنتن، ئیلۆن مەسک و بیڵ گەیتس لە ناو بەڵگەکاندا هاتووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: