سیپان حەمۆ: یەکگرتوویی و هاوسۆزی کورد ڕۆژئاوای سەرخست

شەیری بکە لە:
سیپان حەمۆ: یەکگرتوویی و هاوسۆزی کورد ڕۆژئاوای سەرخست

سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی (هەسەدە)

ئاڤا نیوز

سیپان حەمۆ، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی (هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت ڕێککەوتنی نێوان ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستان و حکوومەتی سووریا بەرهەمی 14 ساڵ تێکۆشان و خوێنی 14 هەزار شەهیدە. ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە ئەم هەنگاوە بنەمایەک دەبێت بۆ ئەوەی کورد ناسنامەی سیاسیی خۆی لە سووریا گەرەنتی بکات.

لێدوانی فەرمی: سیپان حەمۆ گوتی: ڕێککەوتنەکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت. سەرەتا پابەندبوون بە ئاگربەست، پاشان کشانەوەی هێزە سەربازییەکان بە شێوەی قۆناغبەند و لە وێستگەی کۆتاییدا، تێکەڵبوونی دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر و حکومەتی سووریا دەست پێ دەکات.

- سەبارەت بە دۆخی کۆبانی، سیپان حەمۆ ئاماژە بەوە دەدات گەمارۆدانی ئەو شارە جیاوازتر بووە لە شوێنەکانی دیکە و دەڵێت: بەرەی بەرانبەر نەیاندەتوانی یەک هەنگاو بەرەو ناو گوندەکانی کۆبانی بچێتە پێشەوە، بۆیە پەنایان بردە بەر گەمارۆدان. حەمۆ دڵنیایی دا لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنە نوێیەدا، بەمزووانە گەمارۆی سەر کۆبانی هەڵدەگیرێت.

- فەرماندەکەی هەسەدە باسی لەوە کرد کە پیلانێکی گەورە هەبووە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕی خوێناویی لە نێوان کورد و عەرەب کە بۆ ساڵانێکی زۆر بەردەوام بێت و دەڵێت: بۆ ڕێگەگرتن لە کۆمەڵکوژی خەڵکی مەدەنی و لەباربردنی ئەم پیلانە لە ڕەقە و دێرەزوور کشاینەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: حەمۆ ستایشی خۆپیشاندان، ڕێپێوان و گردبوونەوەی کوردی کرد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بۆ ڕۆژئاوا و وتی، هاوکێشەی 2+2=1 ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە و ناتوانرێت نکۆڵی لێ بکرێت.

- سیپان حەمۆ جەخت لەوە دەکاتەوە ئەگەر پشتیوانی سلێمانی، هەولێر، زاخۆ، ئامەد، جزیرێ و دێرسم و ڕاپەڕینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەبووان، هاوکێشەکان بەم شێوەیە نەدەگۆڕان و دەشڵێت: کورد پلانی دوژمنی بۆ سەر ڕۆژئاوا شکست پێ هێنا و بە تەواوی جیهانی نیشان دا کورد یەکڕیز و یەکگرتووە. ئێمە شەڕڤانی گەلی کوردین و تاوەکو دوا هەناسە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانمان بەردەوام دەبین لە خەبات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: