ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: کاندیدکردنەوەی مالیکی بەربەستە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت

شەیری بکە لە:
ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: کاندیدکردنەوەی مالیکی بەربەستە لەبەردەم پێکهێنانی حکومەت

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئەمریکی، کاندیدکردنەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراقی پەکخستووە و بابەتەکە پەیوەندی بەپۆستی سەرۆککۆمارەوە نییە.

چیرۆکی سەرەکی: ئەکادیمیای "ئەنجوومەنی ئەتڵەسی"ـی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کرد، ناڕەزایەتییە ئاشکراکانی واشنتن بەرامبەر کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی پەکخستووە نەوەک پۆستی سەرۆککومار.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هەرچەندە دواخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمان پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتییەوە لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار هەیە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەرفەتێکە بۆ لایەنە شیعەکان تا لەناو خۆیاندا لەسەر کاندیدێکی نوێ ڕێکبکەون، چونکە کاندیدکردنەوەی مالیکی لای ئەمریکییەکان گەڕانەوەی عێراقە بەرەو دواوە.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت: "ئاسانترین بژاردە لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگیدا، کشانەوەی مالیکییە بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ کەسایەتییەکی دیکە خۆش بکرێت."

زانیاریی زیاتر: لە ئەگەری سووربوونی مالیکی لەسەر کاندیدبوونی، ئەوا ڕەنگە پەنا بۆ داوای ڕێنمایی لە مەرجەعی باڵا عەلی سیستانی ببرێت یان کار لەسەر ئەوە بکرێت لە ناو پەرلەماندا لە ڕێگەی دەنگی کورد و سوننەوە کاندیدکردنەکەی پەکبخرێت، ڕاپۆرتەکە ئەمەشی خستەڕوو.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری دراوە لەوەی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو لەگەڵ ئیدارەیەکی تووندی ئەمریکا و ئاڵۆزییە ناوچەییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بۆیە داوا لە سەرکردە عێراقییەکان کراوە کەسێک هەڵبژێرن کە لەگەڵ واقیعە نوێیەکانی جیهان بگونجێت، نەک تەنیا بۆ ڕەزامەندی هێزە دەرەکییەکان، بەڵکو لە پێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ئابووریی عێراق.

ئەمەش بزانە: ئەنجوومەنی ئەتڵەسیی ئەمریکی سەنتەرێکی توێژینەوەی سەربەخۆیە لە بواری کاروباری نێودەوڵەتیدا، لە ساڵی 1961 لە واشنتن دامەزراوە و 10 ناوەندی هەرێمی و بەرنامەی کردەیی کە پەیوەندییان بە ئاسایشی نێودەوڵەتی و بوژانەوەی ئابووریی جیهانییەوە هەیە،  بەڕێوەدەبات.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ