عێراق ناڕەزایەتی دژی لیدوانێکی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەردەبڕێت

شەیری بکە لە:
عێراق ناڕەزایەتی دژی لیدوانێکی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەردەبڕێت

محەممەد بەحر ئەلعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق

ئاڤا نیوز

 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق نیگەرانیی خۆی بەرامبەر لێدوانێکی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەربارەی دۆخی ئەمنی لە عێراق دەربڕی و بە پێشێلکردنی "نۆرمەکانی دیپلۆماسیی" وەسفی کرد.

 

چیرۆکی سەرەکی: ڕۆژی سێشەممە 10-2-2026، هاکان فیدان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی ڕایگەیاند: هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) لە ناوچەکانی شنگال و مەخموور و قەندیل کێشەیەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە سەرەوەریی عێراق هەیە و پێشبینیی کرد لەم نزیکانە گۆڕانکاریی لەو ناوچانە ڕوو بدەن، ئەوەش وایکرد ئەمڕۆ چوارشەممە، محەممەد بەحر ئەلعلوم، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق میوانداریی ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق لە شاری بەغدا بکات.



هەڵوێستی فەرمی: محەممەد بەحر ئەلعلوم، ناڕەزایی عێراقی لە لێدوانەکەی فیدان دەربڕی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەو لێدوانانە زیان بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەگەیێنن و دەستوەردانە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و پێشێلکردنی نۆرمەکانی دیپلۆماسییە. 

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد، پرسی شنگال و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی عێراق بابەتێکی نیشتمانییە و بەپێی میکانیزمی نیشتمانی چارەسەر دەکرێن و هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بۆ سەپاندنی چارەسەر یان بەکارهێنانی ئەم پرسە بۆ کاریگەریی سیاسی یان سەربازی ڕەتکردەوە.

زانیاری زیاتر: لەلایەکی دیکەوە، باڵیۆزی تورکیا ڕوونی کردەوە کە بە هۆی وەرگێڕانی نادروستەوە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا بە هەڵە لێکدراوەتەوە.ئاماژەشی بەوە کرد، ئەو لێدوانەی فیدان پەیوەندیی بە ئەندامانی پەکەکە هەبووە کە لە عێراقن و هیچ پەیوەندییەکیان بە کاروباری ناوخۆی عێراق و هاووڵاتیانی عێراقەوە نەبووە.

 

هاوکات باڵیۆزی تورکیا جەختیشی لەوە کردەوە کە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە عێراق لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیە و دووپاتی کردەوە کە هەڵوێست و ناڕەزایەتیی عێراق دەگەیەنێتە بەرپرسانی وڵاتەکە.

 

باکگراوند: لە چاوپێکەوتنەکەیدا، هاکان فیدان باسی ئەوەی کرد، لە پێنج ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی عێراق بە قسە باسی لەوە کردووە کە لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگات سەبارەت بە بوونی پەکەکە لە عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا بە کردەیی هیچ جۆرە هەنگاوێکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان نەناوە و ئاماژەی بەوەشکرد هەرچەندە پەکەکە بۆ "دژایەتیکردنی تورکیا" دامەزراوە، بەڵام هیچ ناوچەیەکی تورکیای لەژێر دەستدا نییە، کەچی ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکی لە عێراق (قەندیل، کەمپی مەخمور، چیای شەنگال) کۆنتڕۆڵ کردووە.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ