پرۆسەی گواستنەوەی دەستبەسەرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق لە قۆناغی کۆتاییە

شەیری بکە لە:
پرۆسەی گواستنەوەی دەستبەسەرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق لە قۆناغی کۆتاییە

ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی داعش لە سووریا

ئاڤا نیوز


پرۆسەی گواستنەوەی هەزاران دەستبەسەرکراوی داعش لە سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق گەیشتە قۆناغی کۆتایی، ئەمەش دوای ئەوەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان بەشێکی زۆریان گواستراونەتەوە بۆ زیندانەکانی بەغدا.

وێنە گەورەکە: ئەم پرۆسەیە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی گواستنەوەی چەکدارانی داعش دادەنرێت لە دوای ساڵی 2017ـەوە. ئامانجی سەرەکی، کۆنترۆڵکردنی ئەو "بۆمبە مرۆییە"یە کە لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە مابوونەوە لەوانە لە شەدادییە چەند شوێنێکی دیکە، تاوەکو ڕێگری بکرێت لە هەر ئەگەرێکی هەڵاتنی بەکۆمەڵ و تێکچوونی ئاسایشی سنوورەکانی نێوان عێراق و سووریا.


چی دەگوزەرێت: ئەمڕۆ پێنجشەممە، گواستنەوەی دوایین کاروانی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق جێبەجێ دەکرێت. بەمەش کۆی ژمارەی ئەو دەستبەسەرکراوانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا گەیشتوونەتە بەغدا، دەگاتە نزیکەی حەوت هەزار چەکدار، چەکدارانی زیاتر لە 60 ڕەگەزنامەی جیاوازی عەرەبی و بیانی لەخۆدەگرن.


لێدوانی فەرمی:
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە ئاڤای ڕایگەیاند: "تاوەکو ئێستا پێنج هەزار و 45 زیندانییمان وەرگرتووە و لە زیندانێکی پارێزراوی بەغدا دەمێننەوە. ئەم کەسانە تیرۆریستن و ڕادەستی زیندانەکانی سووسێ یان چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان ناکرێن، چونکە ئەو زیندانانە تەنیا بۆ تاوانە مەدەنییەکانن."

وردەکاریی ڕەگەزنامەکان و پۆلینکردنیان:

بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەکان، زۆربەی دەستبەسەرکراوەکان هاووڵاتی سوورین کە ژمارەیان سەروو دوو هەزار و 500 کەسە، لە دوای ئەوانیش عێراقییەکان دێن. هەروەها چەکدارانی وڵاتانی دیکەی وەک تورکیا، مەغریب، تونس و چەندین وڵاتی ئەوروپی و ئاسیایی لەناو گواستراوەکاندان. حکومەتی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە بۆ جیاکردنەوەی ئەو کەسانەی کە تەنیا لە سووریا چەکدار بوون، تاوەکو لە داهاتوودا ڕادەستی وڵاتەکانیان بکرێنەوە.

پلانی ئەمنی و دابەشکردنی زیندانییەکان:

سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان لە زیندانێکی تایبەت و لەژێر چاودێرییەکی یەکجار تووند لە بەغدا دانراون. وەزارەتی داد و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پلانێکی تایبەتیان هەیە بۆ دابەشکردنیان بەپێی ئاستی مەترسیدارییان. ئەمەش بۆ ئەوەیە ڕێگری بکرێت لەوەی زیندانەکان ببنە مەڵبەندێکی نوێ بۆ گەشەکردنی تووندڕەوی، بەتایبەت کە هەندێک لە "ئەمیرەکان" و سەرکردەکانی پلە یەکی داعشیان تێدایە.

ڕۆڵی هاوپەیمانان و ڕێکارە یاساییەکان:

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا، تەواوی تێچووی گواستنەوە و حەواندنەوەی ئەم زیندانییانەی لە ئەستۆ گرتووە. بڕیارە سەرجەم دەستبەسەرکراوەکان بەپێی یاسای دژە تیرۆری عێراق دادگایی بکرێن. هەروەها هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەستیان پێکردووە بۆ قایلکردنی ئەو 60 وڵاتەی کە هاووڵاتییەکانیان لەم زیندانانەن، تاوەکو بێن و بەپێی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی وەریانبگرنەوە.

باکگراوند: ئەم پڕۆسەیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی سیاسی و ئەمنی نێوان بەغدا و واشنتۆن جێبەجێ دەکرێت. ئامانجی سەرەکی کەمکردنەوەی بارگرانی سەر زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوو لە سووریا، کە بەردەوام مەترسی هێرشی داعشیان لەسەر بوو بۆ شکاندنی زیندانەکان. عێراق بەم هەنگاوە دەیەوێت کۆتایی بە دۆسیەی چەکدارە عێراقی و بیانییەکان بهێنێت کە لە دوای ڕووخانی "خەلافەت" لە سووریا دەستگیرکرابوون.

ڕەگەزنامەی ئەو زیندانییانەی لە زیندانەکانی سووریاوە ڕادەستی عێراق کراونەتەوە، عەرەبییەکان:

٠ عێراقی 271
٠ سووری 3245
٠ تونسی 208
٠ مەغریبی 142
٠ میسری 100
٠ سعوودی 51
٠ جەزائیری 23
٠ لیبی 22
٠ ئوردنی 19
٠ لوبنانی 14
٠ سوودانی 10
٠ یەمەن و سۆماڵ 10
٠ بەحرەین، کوێت و فەلەستین 11

نەتەوە و وڵاتانی دیکە:

٠ تورکی 160
٠ تورکستانی 148
٠ ڕووسی 131
٠ ئازەربایجانی 59
٠ تاجیکستانی 59
٠ ئەندەنووسی 38
٠ ئۆزبەکستانی 35
٠ قرغیزستانی 31
٠ ئەڵمانی27
٠ ئەفغانی 24
٠ ئێرانی 21
٠ بۆسنی 19
٠ وڵاتانی تر 168


کۆی گشتی دەستبەسەرکراوەکان: پێنج هەزار و 46 کەس

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ