سوودانی وادەیەک بۆ خاوێنکردنەوەی ڕووباری دیجلە دادەنێت

شەیری بکە لە:
سوودانی وادەیەک بۆ خاوێنکردنەوەی ڕووباری دیجلە دادەنێت

کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ لیژنەی نیشتمانیی باڵای ئاو.

ئاڤا نیوز

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایدەگەیێنێت، دەبێت ڕێگریی لە بەفیڕۆدانی ئاو بکرێت و شارەوانیی بەغداش پابەند دەکات بە پاککردنەوەی ڕووباری دیجلە لە هەموو جۆرە پیسبوونێک.

 

چیرۆکی سەرەکی: بەپێی تۆمارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ڕێژەی پیسبوونی ئاو لە هەندێک ناوچەی خوارووی ڕووباری دیجلە سێ هێندەی ئاستی ڕیگەپێدراوە و پیسبوونی ڕووباری دیجلە یەکێکە لە مەترسیدارترین قەیرانە ژینگەییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، چونکە ئەم ڕووبارە سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ و پیشەسازییە بۆ ملیۆنان کەس.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: بەگوێرەی ڕاگەیێنراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی نیشتمانیی باڵای ئاوی کرد، لە کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیران بە پێویستی زانی ڕێگری لە بەکارهێنانی نایاسایی ئاو بکرێت و ئەم ڕێکارەش تەنیا بۆ کاتی کەمئاوی و وشکەساڵی نییە، بەڵکو دەبێت بەردەوام بێت.

 

هەنگاوی داهاتوو: سەرۆکی حکومەت وادەیەکی بۆ شارەوانیی بەغدا دانا تا 11 شوێنی پیسکەری ڕووباری دیجلە چاک بکەن، هەروەها ڕێنمایی نوێی بۆ لێدانی بیرە ئاوییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا پەسند کرد.

 

سەرۆکوەزیران فەرمانی کرد پێوەری ئاو بۆ ماڵان دابنرێت و تۆڕەکان نۆژەن بکرێنەوە، تاوەکو بە هەڵمەتی هۆشیاری ڕێگریی لە فەوتانی ئاو لە ناو شارەکاندا بە تەواوی بەڕێوەبچێت.

 

حکومەت بڕیاری دا پلانی کشتوکاڵی بە وردی جێبەجێ بکرێت و وتوێژ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چڕ بکرێتەوە، تاوەکو پشکی عێراق لە ئاوە هاوبەشەکان لە ساڵی 2026 بە باشی پارێزراو بێت.

 

پیسبوونی ڕووبارەکە: جگە لە ئاوی قورس و پاشماوەکان، پەیینی کیمیایی و قڕکەرەکان و پاشماوە پیشەسازییەکان، لەوانەش ئەو پاشماوانەی لە کەرتی نەوت و پاشماوە پزیشکییەکانەوە دێن، هەموویان ڕێگەیان بۆ ڕووبارەکە گرتووە، بەپێی گاردیان. لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2022 دەریخست کە کوالێتی ئاو لە چەندین شوێنی بەغدا "زۆر خراپ" بووە. لە ساڵی 2018، زیاتر لە 118 هەزار کەس لە نەخۆشخانەکانی بەسرە دوای خواردنەوەی ئاوی پیس نەخۆش کەوتن.

باکگراوند: ڕووباری دیجلە بە شێوەیەکی مەترسیدار ژینگەکەی پیس بووە و هەڕەشەی وشکبوونی لەسەرە، ئەگەر ڕێوشوێنی بەپەلە نەگیرێتەبەر بۆ ڕزگارکردنی، ئەوا ژیانی ئەو کۆمەڵگا دێرینانەی لەسەر کەنارەکانی دەژین بە شێوەیەکی بنەڕەتی دەگۆڕێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ