ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلام ترسە یان خۆشەویستی؟
- بیروڕا
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش

د. عەبدوڵڵا شێرکاوەیی
ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و گوتەبێژی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان

مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەبووە
ئەوەی بەرێز مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی پەیمانگای ئەزهەر و ئاهەنگی دەرچووانی خولی یەکەم و دووەمی پەیمانگاکە باسی لێوەکرد، ئاماژەیەکی گرنگ و لۆژیکی و بەجێبوو، کە پێویستە هەمووان بەتایبەت خوازیارانی زانستە شەرعییەکان و کاراکتەری ئایینی و زانایان هەڵوەستەی لەسەر بکەن و بە هەندی وەربگرن.
لە گوتارەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لە پێویستی و گرنگی پەیمانگاکە وەک فاکتەری درێژەپێدانی پەیوەندی مێژوویی نێوان میسر و کوردستان کرد، ئەوەی خستەڕوو كە لە سەردەمی سەرکردەی کورد سەڵاحەددینی ئەیوبییەوە، ژمارەیەکی زۆری کورد روویان لە میسر کردووە و لەوێ نیشتەجێ بوون و کەسایەتیی بە نێوبانگ و زانا و شاعیر و نووسەر و پیاوی گەورە و ناسراویان لێ هەڵکەوتووە.
مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان هەبووە، ڕۆڵێکی دیار و بەرچاویان لە بەرگریکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و پرسە نیشتمانییەکان و گەشەپێدانی هزری میانڕەوی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئایینی لە کوردستان گێڕاوە، لەسەر ئەمەش جەنابیان گوتی: "دەمەوێ ڕوو لە مامۆستایانی ئایینی بەڕێز بكەم، سوپاسیان بكەم بۆ پشوودرێژیی و ماندووبوونیان، بۆ ئەو زەحمەتەی كە دەیكێشن لە ڕێنماییكردنی گەلەكەمان كە بەڕاستی جێگەی دەستیان دیارە لە هەموو شۆڕشەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، بینیومانە كە مامۆستا هاوشانی پێشمەرگە لە جەبهە دژ بە ستەم و ستەمكاران وەستاوەتەوە و پەیامی میانڕەی لەناو كۆمەڵگەی كوردستاندا كە بڵاوبووەتەوە، ئەنجامی ڕێنمایی و ئامۆژگارییەكانی مامۆستایانی ئایینی بەڕێزە، بۆیە من ڕوو لە مامۆستا گەنجەكانیش دەكەم و داواكارم مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی بەردەوام بن لە بڵاوكردنەوەی ئەو پەیامە میانڕەوییە كە پێویستە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا زیاتر گرنگی پێ بدەین و ڕێگە نەدەین پەیامی تووندڕەوی، تووندوتیژی، یەكتر قەبووڵنەكردن، دژایەتیكردنی یەكتر و ئەم شتانە بواریان پێ بدرێت لە كوردستان بڵاو بكرێنەوە".
ئەوەی زیاتر مەبەستی منە هەڵوەستەیەکی جددی لەبارەوە بکەم، رێک ئەو پەیامە گرنگەیە کە بەرێزیان ئاماژەی پێدا بەوەی "ئێمە بەوەوە جوانین كە ڕووی ڕاستەقینەی ئیسلام چییە ئەوە ببینین، مامۆستایانی ئایینی دەبێ وابكەن خەڵك ئیسلامیان خۆش بوێت نەك لێی بترسن".
ئەم پەیامە بە واتای ئەوە نییە کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزی دینداری و کەشێکی تووندڕەت دایە، بەڵکو ئاماژەیە بەوەی پاراستنی ڕێبازی رەسەنی دینداری گەلەکەمان کە ساڵەهای ساڵە لەسەر دەستی زانایانی ئایینی ئیسلام پەروەری نیشتمانپەروەری بڵاودەبێتەوە بۆ ئەم قۆناغە گرنگە و زێدە پێویستە، چونکە هەندێ جار کە دین لە چوارچێوەی فکرو ئایدۆلۆژیاو دەقەلایەکی کەسی و تایبەتی و دوور لە رێ و رێبازی گەورە زانایان و تێگەیشتنی دروست و زانستی دەخرێتەڕوو، وێڕای ئەوەی ئیسلام بچووک نیشان دەدات و نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە پیشان نادات، لەهەمان کات کۆمەڵێک لێکەوتە و دەرهاوێشتەی نامۆ سەرهەڵدەدەن و دەبنە هۆکاری پەیامی تووند و بڵاوکردنەوەی ڕق و کینە و یەکترشکاندن کە ڕێڕەوێکی پێچەوانەی ئەو بنەما دروست و گشتیانەی هەزار ساڵە زانایانی کورد بناغەیان بۆ داناوە، کە لەمەدا کوردستان خاڵی نییە و هەندێ جار شڵەژان و ناتەبایی و تەنانەت تەکفیر و تەفسیق و جنێوبازی و ئاست نزم لەناو بەشێکی موسڵمان هەست پێ دەکرێ و لە سۆشیال میدیا دەبێتە باسێکی گەرم.
زانایانی کورد هەمیشە ئامانج و پەیامی گرنگ و سەرەکیان ئەوە بووە، کە دینداری لای تاک شیرین و لای کۆمەڵگەش وەک رەحمەت نیشان بدەن، پەیامێک تەژی لە میانڕەوی و ڕێزلێکنان و یەکتر قبووڵکردن و ئاوێتەکردنی هەستی ئایین پەروەری و نیشتمانپەروەری و پارێزگاریکردن لە جوانییەکان و مایەی خێر بۆ گەشەی کیان و شارستانییەت و ئارامی و ئاشتی کۆمەڵایەتی، لەبەر ئەوە بەدرێژایی ئەو هەزار ساڵە کورد گرفتی ئایینی نەبووە و پابەندی و پارێزگاری لە عەقیدە و مەزهەب خۆی کردووە و رێڕەوەکەی پاراستووە.
کورد وەک گەلێکی موسڵمان کە بەشداری و هاوبەشییەکی دیار و کارای لە بونیادنانی شارستانییەتی ئیسلامی هەبووە؛ لە ڕووی ڕێبازی فیقهییەوە بە درێژایی پتر لە دە سەدە پەیڕەوی لە مەزهەبی ئیمامی شافیعی کردووە، تا ئەو ئاستەی لە ئەنجامی ئەم پەیوەندی و پابەندییە؛ کورد بەم مەزهەبە نێوبانگی دەرکردووە و بۆتە رەمزی یەکبوونی کورد و سیمایەکی دیاری کۆمەڵگەی کوردەواری، هەروەها بۆتە سەرچاوە و جێی قبووڵ و وەرگرتنی بەشێکی زۆر لە گەورە زانایان ئۆمەتی ئیسلامی، لەناو کوردیش ڕەگ و ریشاڵی مێژوویی قووڵی هەیە و سەرچاوەی دونیابینی و هۆکاری یەکڕیزی و یەک گوتاری میللەت و هەوێنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتیەکان بووە.
لەبەر ئەوە لەڕووی سەرکردایەتیکردنی میللەت و ئەدەبیات و عیرفان و نووسین و بزاڤی رۆژنامەگەری کوردی و هەڵوێستی نیشتمانی و شۆڕش و بەرخودانەکانیش؛ پیاوی گەورە گەورە لەناو کورد هەڵکەوتوون و بوونەتە ئەستێرەی ئاسمانی مێژووی کورد و رێبازی دینداری و خەباتی نەتەوەیی.
بەڵام کاتێ ئیسلام وەک موجامەلە و موجادەلە و فکر و ئەندێشە و قاڵبکراو ئایدۆلۆژیا نیشان دەدرێت ، کەمی لە شێوازەی گەیاندنی ئیسلام دروست دەبێت، یان شرۆڤە و ئیجتیهاد و بانگەشە و بانگەوازی نامۆ بە واقع و کولتوور و تێگەیشتنی زانستییانەی کورد بۆ دینداری دێتە ئاراوە، یان کەسانێک بێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر پرسی ئایینی و واقعی کۆمەڵگە ئەجێندای دەرەکی هاوردە دەکەن و، دەیانەوێت بە زۆر میللەتی کورد پەلکێشی ستایلێکی جیاوازی دینداری لە واقعی خۆی بکەن و بێ گوێدانە بنەمای دروست و زانستی گەورە زانایانی کوردو هەناوی ئەو میللەتەی چەندین سەدەیە بە ویستی خۆی و بە ئاشتیانە و بێ هەڕەشە و سەپاندن دینداری دەکات، ئەو کات لەجیاتی ئەوەی ئیسلام شیرین بێت لای خەڵک، دەبێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەڵکی لە ئیسلام بترسێن و گلەییش لە ئەهلی ئیسلام بکەن.
لەبەر ئەوە ئەو پەیامەی سەرۆکی حکومەت لە بۆنەیەکی وا گرنگ و مێژوویی، ئەرکی زانایان لەم قۆناغەدا قورستر دەکات، بەوەی هەوڵی خۆیان بۆ پاراستنی توراسی زانستی و میراتی گەورە زانایان چڕتر بکەنەوە و وەک هەمیشە بە مۆرک و تێگەیشتن و جیهانبینی خۆماڵیانە دینداری بڵاوبکەنەوە، بەو پێیەی ئیسلام لەپێناو بەرژەوەندی مرۆڤ و ژیاندۆستی و خۆشبەختی و بڵاوکردنەوەی ئاشتی و تەبایی و گەشە و ئاوەدانی مرۆڤ و کۆمەڵگەکان هاتووە و سەرچاوەی خۆشەویستی و سۆز و میهرەبانی و لێبوردەییە، ئیدی لەهەر کوێ ئەم تێڕوانینە بڵاوکرایەوە ئەوە ئیسلامی ڕاستەقینەیە و کار لەپێناو خۆشەویستی دەکات، بەپێچەوانەوە گوتاری تووندڕەوی سەرهەڵدەدات و زەمینەی ترس لە تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئیسلام بڵاو دەکاتەوە، میتۆدی یەکەم ئەسڵ و فەسڵی کوردستان بووە، ئەوەی دووەمیش بەرگێکی نامۆیە بە واقعی گەلەکەمان! لێرەوەیە پێویستیمان بە ڕێبازە ڕەسەنەکە دەرەکەوێت چەند زەروورە، ئەگەرنا فکر و ئەجێندای تووند و نامۆ بە کۆمەڵگەی ئێمە هیچ دەردێک دەرمان ناکا و، بگرە دەبێتە سەرئێشە و هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئایندەی کوردستان.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
شەوی سووری كریپتۆ: چۆن ترەمپ بازاڕی بیتکۆین و دراوە ئەلیكترۆنییەكانی هەژاند؟
11 تشرینی یەکەم
ڕۆژی جیهانیی دەرووندروستی: قەیرانە نێوخۆییەکان مەترسین لەسەر دەروونمان، چۆن؟
10 تشرینی یەکەم
لابردنی سفرەکان لەسەر دراو: چارەسەرێکی ڕیشەیی یان کات کوشتنێکی ژمێرەیی؟
10 تشرینی یەکەم
مەسرور بارزانی، هێزێک بۆ گۆڕینی قەیران بە بونیادی ستراتیژی
9 تشرینی یەکەم
لە هەردوو ستادیۆمی ئامەد و وانەوە؛ جاڕدانی مانیفێستی کوردبوون
7 تشرینی یەکەم
دۆخی عێراق و هەڵبژاردنەکان و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ
1 تشرینی یەکەم
هاوپەیمانێتیی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمی؛ سعوودیە – پاکستان
1 تشرینی یەکەم
شیكردنەوەی فراوانی ڕێككەوتنی نەوتی هەولێر و بەغداد (ئەیلوولی 2025)
28 ئەیلوول
کارتی زێڕینی ترەمپ: ستراتیژییەکی نوێ بۆ ڕاکێشانی سەرمایە
27 ئەیلوول
25/9 - ڕۆژی سەربەخۆیی کوردستان
25 ئەیلوول