هۆکارەکانی پشت دابەزینی خێرای بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق

  • بزنس
  • 3 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
هۆکارەکانی پشت دابەزینی خێرای بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق

دیناری عێراقی و دۆلاری ئەمریکی. گرافیک؛ ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

بازاڕەکانی عێراق لە ڕۆژ و هەفتەکانی ڕابردوودا، دابەزینێکی خێرای لە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار بەخۆیەوە بینیوە، دوای ماوەیەکی درێژ لە جێگیری یان دابەزینی زۆر هێواش، لەگەڵ پێشبینی ئەوەی کە لەوانەیە دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

چیرۆکی سەرەکی: پێش مانگی ڕەمەزان، بەهای 100 دۆلار لە دەوروبەری 150 هەزار دینار بوو، لە مانگی ڕەمەزاندا بەهای دۆلار تاڕادەیەک جێگیر بوون لە نێوان 147 بۆ 149 هەزار دینار، بەڵام لەگەڵ دەستپێکی مانگی نیسانی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەپاندنی جەنگی باجی گومرگی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، بەهای دۆلار لە عێراق بە شێوەیەکی خێرا دابەزی، کە ئێستا بەهای 100 دۆلار گەیشتووەتە 142 هەزار دینار.

هۆکارە زانراوەکان: شارەزایانی ئابووری چەندین هۆکاری جۆراوجۆر بۆ ئەگەری دابەزینی بەهای دۆلار دەخەنەڕوو، مەنار عوبەیدی، کە توێژەری ئابوورییە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، دابەزینی بەهای دۆلار لە عێراق چەندین گۆڕانکاری لە داواکاری و خستنەڕوو لە ناو بازاڕی ناوخۆدا پیشان دەدات.

ئەو توێژە ئابوورییە ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەکات لەوانە:

یەکەم: دابەزینی داواکاری بەرامبەر زۆری خستنەڕوو
هۆکاری سەرەکی ئەم دابەزینە دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی داواکاری لەسەر دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا، هاوکات لەگەڵ زیادبوونێکی بەرچاو لە خستنەڕووی دراوی بیانی لە ناو بازاڕدا. ئەم هاوسەنگییە نوێیە یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان نرخی هاوتەریب و نرخی فەرمی.

دووەم: گۆڕینی ئاڕاستەی وەبەرهێنەران بەرەو زێڕ

دابەزینمان لە متمانەی هەندێک لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی بەدیکردووە بە دۆلار وەک ئامرازێکی پاشەکەوت، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبوونی پێشبینییەکان بۆ دابەزینی بەهاکەی بەرامبەر بە زێڕ. ئەم ئاڕاستەیە زۆرێک لەوانی هان داوە بۆ فرۆشتنی دۆلارەکانیان و گۆڕینی بۆ زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام، کە بووەتە هۆی زیادبوونی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕدا.

سێیەم: لێشاوی دۆلار لە سەرچاوە نانەوتییەکان
بڕی دۆلاری هاتوو لە دەرەوەی عێراق زیادیکردووە، بەتایبەتی لە وەبەرهێنانی بیانی و حەواڵە داراییەکانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە لە ناو وڵاتدا کار دەکەن، کە ئەمەش قەبارەی خستنەڕووی دۆلاری بەهێز کردووە بەبێ پەیوەندی بە فرۆشتنی نەوتەوە.

چوارەم: کەمبوونەوەی قەباری دراوی دینار
بانکی ناوەندی عێراق لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەبڕی زیاتر لە 6 تریلیۆن دینار قەبارەی دراوی دیناری کەمکردووەتەوە، لە 104 تریلیۆن دینارەوە بۆ 98 تریلیۆن دینار. ئەم کەمبوونەوەیە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بە شێوەیەکی ڕێژەیی، کە فشاری خستووەتە سەر بەهای دۆلار بەرەو خوارەوە.

پێنجەم: دابەزینی هاوردەکردن و کەمبوونەوەی بازرگانی
سەرەڕای بەرزبوونەوەی هاوردەکان لە چینەوە بە ڕێژەی 6%، بەڵام هەناردەکان لە وڵاتانی سەرەکی وەک هیندستان، تورکیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان دابەزینیان بەخۆیەوە بینیوە. هەروەها چاوەڕێی داتای هاوردەکردن لە ئیماراتەوە دەکەین - گەورەترین هاوبەشی بازرگانی عێراقە - کە 30%ـی کۆی هاوردەکانی پێکدێنێت. پێشبینی دەکرێت ژمارەکان دابەزینێک پیشان بدەن، کە دابەزینی ئابووری و کەمبوونەوەی داواکاری گشتی پیشان دەدات، لە ئاکامدا کەمبوونەوەی پێویستی بۆ دۆلار.

شەشەم: فرەچەشنی کەناڵەکانی بەدەستهێنانی دۆلار بە نرخی فەرمی
لەم ماوەیەی دواییدا کەناڵەکانی دەستگەیشتن بە دۆلار بە نرخی فەرمی، لە ڕێگەی گواستنەوەی بانکی، کارت و گواستنەوەی راستەوخۆوە فراوانبوونی بەخۆوە بینیوە. زۆرێک لە بازرگانان خۆیان لەگەڵ ئەم کەناڵانە گونجاندووە و پەنایان بۆ بازاڕی تەریبی کەم کردووەتەوە.

حەوتەم: کاریگەری بارودۆخی هەرێمی

خراپبوونی بارودۆخی ئابووری لە ئێران بووەتە هۆی کەمبوونەوەی داواکاری لەسەر کاڵای هاوردەکراو لە عێراقەوە، بەتایبەتی کە ڕێژەیەک لەم کاڵایانە دووبارە بۆ ئێران هەناردە دەکرانەوە. هەروەها، وەستانی چالاکی بازرگانی لەگەڵ سووریا کە بەشێک لە کاڵای عێراقی لە ڕێگەی دووبارە هەناردەکردنەوە وەردەگرت یارمەتیدەر بووە لە کەمکردنەوەی داواکاری لەسەر هاوردەکردن، لە ئاکامدا لەسەر دۆلار.

هەشتەم: گوشار لەسەر بازرگانی نەوتی قاچاخ

بازاڕەکان تووندکردنەوەیان لەسەر کەناڵەکانی قاچاخی نەوتی ئێرانی بەخۆیانەوە بینیوە، کە بازاڕی عێراقیان بۆ بەدەستهێنانی دۆلار بەکاردەهێنا. ئەم تووندکردنەوەیە قەبارەی دۆلارەکانی داواکراو بۆ ئەم چالاکییانە کەمکردووەتەوە، بەم پێیە بەشداریکردووە لە کەمکردنەوەی گوشار لەسەر دراوی بیانی.

نۆیەم: دابەزینی بازرگانی نایاسایی بەهۆی وەستانی سەرچاوەکانیانەوە
بازرگانی ماددەی هۆشبەر و هاوشێوەکانی کە بەشێکی گەورەی لەگەڵ سووریادا دەکرا و گوشارێکی گەورەیان لەسەر نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتەریبدا دروست دەکرد، چونکە داپۆشینی ئەم بازرگانییە لە ڕێگەی بازاڕی هاوتەریبەوە دەکرا.

ئەوەی پێبینی دەکرێت: هەموو ئەم هۆکارانە پێکەوە ژینگەیەکیان دروستکردووە کە نرخی گۆڕینەوەی دۆلاریان بەرەو دابەزین برد و پێشبینی دەکرێت لە ژێر بەردەوامبوونی ئەم نیشاندەرانە، بەردەوام بێت لە دابەزین تا نزیک دەبێتەوە لە ئاستەکانی 1395 دینار بۆ یەک دۆلار لە ماوەی داهاتوودا، ئەگەر گۆڕانکاری گرنگ لە سیاسەتی دراو یان بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا ڕوو نەدات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ