چۆن دەتوانرێت بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بکرێت؟ مەسرور بارزانی وەڵام دەداتەوە

شەیری بکە لە:
چۆن دەتوانرێت بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بکرێت؟ مەسرور بارزانی وەڵام دەداتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز


دابەشکردنی مووچە بە داهاتی ناوخۆ بژاردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە ئەگەری ڕێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا، هەرچەندە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت بێئومێد نییە و لە هەوڵەکانیان بەردەوامن لەگەڵ بەغدا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کێشەکە چارەسەر بکرێت.

 

چیرۆکی سەرەکی: "شەوی ڕابردوو لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق قسەم كرد سەبارەت بە چارەسەرکدنی كێشەی مووچە، بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا شاندێکی حکومەتی عێراق بۆ ئەم مەبەستە سەردانی هەولێر بکات". ئەمە نوێترین هەواڵ بوو مەسرور بارزانی، سەرۆکوزیرانی کوردستان دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی مووچە ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا پلانی حکومەت ئەوەیە بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بکات، هەرچەندە مەسرور بارزانی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بە باشترین چارەسەر دەزانێت و بێئومێدیش نەبووە، وەک خۆی گوتی: "بێئومێد نیم و ئومێد هەیە لەم ڕۆژانە کێشەکە چارەسەر بکرێت".


لێدوانی فەرمی: لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: "
هەرچی پێمان بكرێت لە هەرێمی كوردستان بە داهاتی ناوخۆ و بە كەمكردنەوەی خەرجییەكان بە هەر جۆرێك بێت ناهێڵین خەڵك پەکی بكەوێت، ئەگەر نەشتوانین لەكاتی خۆی و  وەكو پێویست لەم بارودۆخەدا هەموو مافەكانی مووچەخۆران دابین بكەین، ئەوا بەپێی توانامان بێگومان ئەوە دەكەین و مووچە دەدەین".

 

مەسرور بارزانی لەسەر دابەشکردنی مووچە بە داهاتی ناوخۆ زیاتر وەستا و گوتی: "نیەتێك هەبوو بۆ دابەشكردنی مووچە بە لێبڕینەوە، بەپێی ئەو داهاتەی حكومەتی هەرێم لەبەردەستی دایە، خۆ ئەگەر نەگەیشتنە ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا، هەر پەنا دەبرێت بۆ لێبڕین و بەپێی ئەو داهاتەی لەبەردەستدایە مووچە دابەش دەكرێت".

ئاستەنگەکان: سەرۆکوەزیران باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم دابەشکردنی مووچە بە داهاتی ناوخۆ کرد، دووپاتی کردەوە "بەهۆی فشاری بەغدا لە ڕاگرتنی نەوت و داهاتی گومرگی، حکومەتی هەرێم ناتوانێت بە داهاتی ناوخۆ مووچە بەتەواوی دابەش بکات، چونکە ئێستا داهاتی حکومەتی کوردستان زۆر کەم بووەتەوە، داهاتی نانەوتیش جێگیر نییە و مانگانە دەگۆڕێت". زیانەکانی ڕاگرتنی نەوتی بە نموونە هێناوەیە و گوتی: "هەرێمی کوردستان لە ڕاگرتنی نەوت 25 ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە". وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئەو نەوتەی لە ناوخۆ دەفرۆشرێت پارەکەی چی لێدێت و گوتی: "بەشێکی مافی کۆمپانیاکانە کە خۆیان دەیفرۆشن لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان" سەرۆکوەزیران مەبەستی لە دابینکردنی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان بوو لەڕێگەی فرۆشتنی نەوت لە ناوخۆدا.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ