ئاڤا وردەكاری لەبارەی كێڵگە نەوتییە بەئامانجگیراوەكانی كوردستان دەخاتەڕوو

شەیری بکە لە:
ئاڤا وردەكاری لەبارەی كێڵگە نەوتییە بەئامانجگیراوەكانی كوردستان دەخاتەڕوو

دیمەنی کێڵگەیەکی نەوتی کوردستان دوای هێرشی درۆنی. وێنە؛ AFP

ئاڤا نیوز

ئاڤا زانیاریی لەبارەی ئەو پێنج كێڵگە نەوتییەی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە كە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بەرهەمهێنان تێیاندا وەستێنراوە.

وێنە گەورەكە: لە هەرێمی کوردستان، 52 بلۆکی نەوتی هەیە، بەڵام تەنیا لە 9 بلۆک کار دەکرێت، هەشت بلۆکیان لە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆکن و یەکێکیان لە سنووری پارێزگای سلێمانییە.

چیرۆكی سەرەكی: هەفتەی ڕابردوو هێرشی درۆنی كرایە سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان، بەهۆیەوە کارکردن لە پێنج کێڵگەی نەوتی وەستا، ئەوانەی دیکەش بەهۆکاری ئەمنی کارکردنیان سنووردار کرد.

بابەتە ستراتیژییەكە: ئاڤا وردەكاری لەبارەی ئەو كێڵگە نەوتییانە بڵاودەكاتەوە كە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە، ئێستا كاركردنیان وەستاندووە.

هەردوو كێڵگەی نەوتیی تاوكێ و پیشخابور: لە ئیدارەی زاخۆ، كە كۆمپانیاكانی گەنەڵ ئینێرجی و دی ئێن ئۆ، كاری تێدا دەكەن، ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی 80 هەزار بەرمیلە، دوای ڕووبەڕووبوونەوەی بە هێرشی درۆنی، بەرهەمهێنان لەو دوو كێڵگە نەوتیە وەستێنراوە.

كێڵگەی نەوتی شێخان: یەكێكی دیكەیە لەو كێڵگە نەوتییانەی كە هێرشی درۆنی كرایە سەر و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت تێیدا وەستاوە، كۆمپانیای GKP كاری بەرهەمهێنانی تێدا دەكات و توانای بەرهەمهێنانی 35 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا.

كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە دهۆك: كە كۆمپانیای HKN ئەمریكی كاری تێدا دەكات، ئاستی بەرهەمهێنانی 30 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێكدا، ئێستا بەهۆی هێرشە درۆنییەكە بەرهەمهێنان تێیدا وەستێنراوە.

كێڵگەی نەوتی ئەتروش لە دهۆك: كۆمپانیای شاماران پیترۆلیۆم كاری تێدا دەكات، ئاستی بەرهەمهێنان 35 هەزار بەرمیلە، بەهەمان شێوە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە بەرهەمهێنان تێیدا وەستاوە.

زانیاریی زیاتر: جگە لەو كێڵگانەی ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، ژمارەیەك كێڵگەی نەوتیی دیكەش لەبەر مەترسی پێشبینیكراو، بەرهەمهێنانیان ڕاگرتووە یاخود سنوورداریان كردووە، لەوانەش:

كێڵگەی نەوتی هەولێر: كە دەمیرداغ و زێی گەورە و عەین سەمرە دەگرێتەوە، ڕۆژانە 10 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەو كێڵگەیە هێرشی نەكراوەتە سەر و كاركردن تێیدا نەوەستاوە، بەڵام سنووردار كراوە.

كێڵگەی نەوتی خورمەڵە: لە سنووری پارێزگای هەولێرە و گەورەترین كێڵگەی نەوتییە لە هەرێمی كوردستان، كۆمپانیای كار كاری بەرهەمهێنانی تێدا دەكات، ئاستی بەرهەمهێنانی پێشتر 100 هەزار بەرمیل نەوت بوو لە ڕۆژێكدا و ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان بۆ خوار 80 هەزار بەرمیل دابەزیوە.

كێڵگەی نەوتی سەرقەڵا: لە ئیدارەی گەرمیان، كە كۆمپانیاكانی گازپرۆم و وێسترن زاگرۆس كاری بەرهەمهێنانی تێدا دەكەن و ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 9 بۆ 10 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، كاركردن تێیدا نەوەستاوە.

جگە لەو كێڵگانە، چەند كێڵگەیەكی دیكەی لاوەكیش هەن كە ئاستی بەرهەمهێنانیان سنووردارە.

زیانە سەرەکییەکان: كۆی بەرهەمی ڕۆژانەی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بە 300 هەزار بەرمیل مەزەندە دەكرێت، بەڵام بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە بڕی بەرهەمهێنان بۆ خوار 80 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، دابەزیوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لیژنە تەکنیکیەی وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ كە سەردانی كێڵگە نەوتییەكانیان كرد و ماوەی چوار ڕۆژ مانەوە، ڕاپۆرتی خۆیان لەبارەی ڕێكارەكانی هەناردەكردنەوەی نەوت نووسیوە، ئاڤا زانیویەتی، لەو ڕاپۆرتەی لیژنەکە ئامادەی کردووە ئاماژە بەوە کراوە، "لە 16ـی مانگەوە بەهۆی هێرشی درۆنییەوە توانای بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە بۆ کەمتر لە 80 هەزار بەرمیل نەوت دابەزیوە".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ