بەهۆی بڕیارێکی حکومەت مانگرتنی سەرتاسەری بازرگان و خاوەنکاران لە بەغدا دەستیپێکرد

شەیری بکە لە:
بەهۆی بڕیارێکی حکومەت مانگرتنی سەرتاسەری بازرگان و خاوەنکاران لە بەغدا دەستیپێکرد

یەکێک لە دووکانەکانی بەغدا کەبە هۆی ڕێکارەکانی حکومەت داخراون

ئاڤا نیوز

مانگرتنی سەرتاسەریی بازرگان و خاوەنکاران لە بەغدا و شارەکانی عێراق دژی بڕیاری حکومەت بۆ زیادکردنی ڕسووماتی گومرگ و باج دەستیپێکرد.

هۆکارە زانراوەکان: ماوەیەکە بازرگانانی عێراق دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و ناڕازین بەرامبەر بە بڕیاری ژمارە 957ـی حکومەت کە پەیوەستە بە زیادکردنی پێناسی گومرگی لەسەر بەشێک لە کاڵا هاوردەکراوەکان.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ یەکشەممە لە بەغدا زۆربەی بازاڕە سەرەکییەکان هەر لە ناوچەی شۆرجەوە تاوەکوو شەقامی موتەنەبیی بەناوبانگ، شەقامی ڕەشید، ڕوبەیعی، سناعە، ناوچەکانی کەڕادە و جەمیلە داخراون و پۆستەری ناڕەزایەتی و بەردەمیدان بە مانگرتنەکە لەسەر دەرگەکانی بازاڕەکان دراون.

زانیاریی زیاتر: بازرگانان تەنیا مانیان نەگرتووە، بەڵکوو بەشێک لە بازرگانان و خاوەنکارەکان لە بەغدا بە تایبەتی لە ناوچەی شۆرجە ڕژانە سەرشەقام و داوا دەکەن بڕیارەکەی حکومەت هەڵبوەشێتەوە و دەڵێن: ئەو بڕیارە زیانێکی زۆری لێداوین و چیدی ناتوانین بازرگانی بکەین.

ئەمەش بزانە: ڕۆژی شەممە، کۆمەڵەی بازرگانانی عێراق داوایان کرد لە ڕۆژی یەکشەممە 8ی شوبات هەموو بازاڕەکان دابخرێن و تا کاتێکی نادیار دووکان و ناوەندە بازرگانییەکان بەداخراوی بمێننەوە.

کاریگەری و لێکەوتەکان: بڕیاری بەرزکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر بەشێک لە کاڵاکان بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی ژمارەیەکی زۆری کۆنتێنەر لە بەندەرەکان و پەکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتی گشتی هەبووە. شارەزایان پێیان وایە یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی مووچەی مانگی یەکی فەرامانبەران جێبەجێکردنی ئەم ڕێکارە بووە.

- بەگوێرەی لیژنەی هەماهەنگیی بازرگانانی عێراق، زیاتر لە 60 هەزار بارهەڵگر کە کەلوپەلی جۆراوجۆریان هەڵگرتووە، لە بەندەرەکاندا گیریان خواردووە، چونکە بازرگانان بەهۆی زۆریی تێچووەکەوە ناتوانن بارەکانیان بۆ ناو بازاڕەکان بهێنن.

باکگراوند: هەفتەی ڕابردوو، نووسراوێکی فەرمی دەست ئاڤا میدیا کەوت کە تێیدا هاتبوو، 25 پەرلەمانتاری عێراق نووسراوێکیان داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیارەکەی زیادکردنی پێناسی گومرگی، بەڵام تا ئێستا لەسەر ئاستی حکومەت و پەرلەمان هیچ هەنگاوێکی کردەی بۆ ئەم بابەتە نەنراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ