فەرماندەیەک و 15 چەکداری هێزی دووپشک چۆن لە لالەزار ڕایان کرد؟

شەیری بکە لە:
فەرماندەیەک و 15 چەکداری هێزی دووپشک چۆن لە لالەزار ڕایان کرد؟

وێنەی فەرماندە ئەحمەد ئەسەف

ئاڤا نیوز

فەرماندەیەکی باوەڕپێکراوی لاهوور شێخ جەنگی بە ناوی ئەحمەد ئەسەف هەورامی، لەگەڵ 15 چەکداری هێزی دووپشک، ڕزگاریان بووە و ئێستا لە شوێنێکی پارێزراون. خۆیی و چەکدارەکانی دوای شەڕێکی قورس و لەناو ئاگری شەڕدا، توانیویانە خۆیان دەرباز بکەن.

چیرۆکی سەرەکی: دوای شەڕەکەی لالەزار و دەستگیرکردنی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای لەگەڵ بەشێکی زۆر لە ئەندامانی هێزی دووپشک، ژمارەیەک چەکداری هەردوولاش کوژران و بریندار بوون، لەم نێوەندەدا لەنێو تانک و تۆپ و درۆن، فەرماندەیەکی هێزی دووپشک لەگەڵ 15 کەسی دیکە ڕادەکەن و دەربازیان دەبێت.

لێدوانی فەرمی: ئەحمەد ئەسەف بە ئاڤای وت، هێزەکەیان نزیکەی 400 چەکدار بووە، لە بەرامبەردا هێزەکانی یەکێتی هەزاران چەکدار بوون. ناوبراو دۆخی شەڕەکەی بە "جەهەنەم" وەسف کردووە و دەڵێت: "گەورەترین مەدفەعییان بەکارهێنا، هەشت گوللـە مەدفەعی یەک لەدوای یەک خانووی دەبڕی. هەروەها مووشەکی میلان و درۆنیان بەکاردەهێنا، ئەو شوێنانەی چەک نەیدەگرتەوە، بە درۆن لێیان دەداین، بەتایبەتی زۆرترین گوشار لەسەرمان لەڕێگەی درۆنی خۆکوژییەوە بوو." لە بەرامبەردا، چەکی ئێمە دۆشکە و قازیفە بووە.

ئەسەف وتیشی کە زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە و پێم وایە زیاتر لە 30 کوژراومان هەبێت، بەڵام ژمارەی ورد نازانم.

چۆنیەتیی دەربازبوونیان: کاتێک هێزەکانی یەکێتی دەچنە ناو لالەزار و هەریەک لە لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی دەستگیر دەکەن، زۆربەی چەکدارەکانی هێزی دووپشک خۆیان بەدەستەوە دەدەن. لەناو ئەو فەوزا و ئاهەنگگێڕانەی کە بەهۆی دەستگیرکردنیانەوە دروست بوو، کاتژمێر 06:30 خولەکی بەیانی، ئەحمەد ئەسەف و 15 لە هاوڕێکانی دەرفەتەکە دەقۆزنەوە.

ئەوان خۆیان دەکەن بە کۆڵانێکدا و ڕووبەڕووی چەند هەمەرێکی سەربازیی هێزەکانی یەکێتی دەبنەوە. شەڕە تەقە و شەڕە ڕومانە لەنێوانیاندا ڕوودەدات و تەنانەت ئارپێجیش بەکاردەهێنن. دواتر لە ڕێگەی سەربانی خانووەکانەوە بە شێوەی گرووپی دوو کەسی و سێ کەسی خۆیان دەرباز دەکەن. ئەحمەد ئەسەف دەڵێت دوای دوورکەوتنەوەیان لە لالەزار، هێزەکانی یەکێتی شوێنیان نەکەوتوون.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا میدیا، 28 کەس لە هۆتیل لالەزار ون بوون و چارەنووسیان نادیارە، چونکە ناویان لە لیستی گیراواندا نییە و تەرمەکانیشیان ڕادەستی کەسوکاریان نەکراوەتەوە، بەمەش خێزانەکانیان سۆراخی کوڕەکانیان دەکەن و هیچ کەسێک وەڵامیان ناداتەوە، زۆرترین ئەو کەسانەی کوژراون لەو باڵەخانە سپیە بوون کە کەوتووتەوە تەنیشت لالەزار، دواتر تەرمەکانی دیکەش گوازراونەتە هەمان باڵەخانە و ڕێگە بەهیچ کەسێک نەدراوە بچێتە ئەو شوێنە، تەنیا ڕێگە بە میدیاکان درا سەردانی نووسینگەی لاهوور شێخ جەنگی بکەن.

زانیاریی زیاتر: بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست ئاڤا میدیا کەوتوون، لەکاتی دەستگیر کردنی لاهوور شێخ جەنگی چوار کەس کوژراون، دووانیان پاسەوانی پۆلاد بوون، یەکێکیش پاسەوانی بەردەرگای نووسینگە و ئەوی دیکە پاسەوانی تایبەتی لاهوور شێخ جەنگی بووە، بەڵام تەرمی هیچ کەسێکیان دیار نییە، پاسەوانێکی دیکەی پۆلاد لەسەر ئۆتۆمبێلی سەربازی کوژراوە و تەرمەکەی سووتاوە، ئەو تەرمەش ڕادەستی کەسوکارەکەی نەکراوەتەوە.

گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: کەسە نزیکەکانی لاهور شێخ جەنگی دەڵێن: زیاتر لە 20 چەکدار لەلالەزار کوژراون، تەرمی هەندێکیان بەهۆی سەختی هێرشی هێزەکانی یەکێتییەوە سووتاون و ناناسرێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە: عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند: خەڵکێکی زۆر پەیوەندیم پێوە دەکەن و کەسوکاریان دیار نین، کەسوکاریان باس لە کوشتنی 20 بۆ 30 کەس دەکەن.

باکگراوند: ئەحمەد ئەسەف هەورامی، کە خەڵکی گوندی یاڵانپێی هەورامانە، یەکێک بووە لە فەرماندە باوەڕپێکراوەکانی لاهوور شێخ جەنگی. پێشتر کارمەندی دژەتیرۆری یەکێتی بووە و بەرپرسیارێتیشی هەبووە. دوای ڕووداوەکانی 8ـی تەمموز، ماوەی سێ ساڵە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و یەکێک بووە لە داواکراوەکان، لەو ماوەیەشدا بەردەوام لەگەڵ خێزانەکەی لە لالەزار ژیاوە.

لە نوێترین پۆستیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، وێنەیەکی هەڵۆی بڵاوکردووەتەوە و لەسەری نووسیوە: "من هەڵۆی لووتكەی بەرزی داڵانیم، هەرگیز وەك قاڵاو ناكەومە چینە"، کە دێڕە شیعرێکی شاعیری کۆچکردوو مەلا حەسەنی دزڵییە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ