ئەنجوومەنی دەوڵەت دەستکاری وەڵامەکەی دەکات لەبارەی داهاتی ناوخۆ و خاڵێک دژی کوردستان دەگۆڕێت
- هەواڵ
- 22 ئەیلوول

نووسراوی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی گرفتی نێوان هەولێر و بەغدا
ئاڤا نیوز
ئەنجوومەنی دەوڵەت کە ئەرکی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیی هەولێر و بەغدای پێسپێردرابوو لەبارەی داهاتی ناوخۆی کوردستان، دەستکاری وەڵامەکەی کردووە و خاڵێکی لەبارەی داهاتی گورگ دژی هەرێمی کوردستان گۆڕیوە.
چیرۆکی سەرەکی: دوێنێ یەکشەممە ئەنجوومەنی دەوڵەت دوای پێنج کۆبوونەوە بە نووسراوی فەرمی و بە 17 لاپەڕە بۆچوونی خۆی لەبارەی داهاتی نانەوتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نارد، بەڵام ئەمڕۆ دەستکاری وەڵامەکەیان کردووە، چوار لاپەڕەیان بۆ زیاد کردووە و جارێکی دیکە کەریم خەسباک، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە واژۆی لەسەر کردووە و دووبارە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نێردراوەتەوە.
بڵاوکراوەی فەرمی: ئاڤا کۆپییەکی نووسراوەکەی دەستکەوتووە و بە پێشەکییەوە 22 لاپەڕەیە، ناوەڕۆکەکەی لەبارەی ناکۆکیی هەولێر و بەغدا چەند خاڵێک لەخۆدەگرێت:
یەکەم: دەبێت داهاتی گومرگی خاڵە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان 100% بۆ عێراق بگەڕێنرێتەوە و هیچ بەشێکی بۆ کوردستان، ئەمەش پێچەوانەی خواست و داواکاریی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە داوا دەكات 50% بە 50% بێت.
دووەم: ئەنجوومەنەکە پێشنیازیش دەکات ڕسووماتی گومرگی 50% بە 50% بێت. حکومەتی کوردستان بەم خاڵە ڕازییە و لاری لەسەر نییە.
سێیەم: ئەنجوومەنی دەوڵەت پێشنیاز دەكات 50%ی باج و ڕسوومات ئەوانەی بەپێی یاسا فیدڕاڵییەكان كۆدەكرێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و 50%یشی بۆ عێراق بێت. حكومەتی هەرێمی كوردستان کێشەی لەگەڵ ئەم پێشنیازەدا نییە.
چوارەم: ئەنجوومەنی دەوڵەت پێشنیاز دەکات ئەو داهات و باجانەی بەپێی یاساكانی هەرێمی كوردستان كۆدەكرێنەوە، وەکو شارەوانی و کارەبا و..هیتد، 100%ی بۆ هەرێمی كوردستان بێت. ئەم خاڵە لە بەرژەوەندیی حکومەتی کوردستانە.
پێنجەم: خاڵێكی گرنگی نێو نووسراوەكەی ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەوەیە لێكدەركردن یاخود لێبڕین (مەقاسە) بکرێت لەنێوان هەولێر و بەغدا، واتا ئەگەر حکومەتی کوردستان خەرجی و پێداویستی هەبوو دەتوانێت پێشوەختە لە پارەکە بیگێڕێتەوە یان هیچ بڕە پارەیەک کە پشکی بەغدا بێت بۆی نەنێرێت، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق لەکاتی ناردنی مووچە و بودجە ئەم پارەیەی لێ کەم بکاتەوە.
بۆ نموونە ئەگەر هەرێمی کوردستان پێویست بوو 150 ملیار دیناری داهاتی گومرگ ڕەوانەی بەغدا بکات، لە هەمان کاتدا بەغدادش دەبوو 950 ملیار دینار بۆ مووچە بنێرێت، ئەوا بەپێی ئەم مەقاسەیە، وەزارەتی دارایی عێراق ڕاستەوخۆ 150 ملیار دینارەکە لە پشکی هەرێمی کوردستان دەبڕێت و تەنیا 800 ملیار دینار دەنێرێت، حکومەتی کوردستان لای خۆیەوە 150 ملیار دینارەکەی بۆ مووچە دەخاتە سەر.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئاڤا لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردەوە وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت تا ڕادەیەکی باش لە بەرژەوەندیی کوردستانە، بەڵام بەگوێرەی نووسراوەکەی ئەمڕۆ، خاڵێکی سەرەکی لە بەژەوەندیی کوردستان نییە کە داهاتی خاڵە سنوورییەکانە.
بەپێی بەدواداچوونی ئاڤا، ئەنجوومەنی دەوڵەت لەم خاڵە پەشیمان بووەتەوە و لە دژی کوردستان دەستکارییان کردووە، ئەو نووسراوەی دوێنێ بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانییان ناردووە، پێشنیازیان کردووە داهاتی خاڵە سنوورییەکان 50% بە 50% بێت، بەڵام ئەمڕۆ داهاتی خاڵە سنوورییەکانیان دابەشی دوو جۆر کردووە، یەکەمیان گومرگ، دووەمیان ڕسوومات. زۆربەی داهاتی خاڵە سنوورییەکانیش گومرگە، دەڵێن دەبێت 100%ی بۆ عێراق بێت.
زانیاریی تایبەت: ئاڤا زانیویەتی ئەنجوومەنی دەوڵەت بەهۆی پارێزگاکانی تری عێراق دەستکاری ئەو خاڵەی کردووە، چونکە حکومەتی عێراق ترسی هەیە لەوەی ئەگەر 50%ی داهاتەکە بە هەرێمی کوردستان بدات، ئەوا پارێزگاکانی تریش داوای بکەن.
گۆشەیەکی دیکە: لەبارەی وەڵامەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت، پسپۆرێکی یاسایی کە ئەندامی دادگای فیدراڵی عێراقە، بە ئاڤای گوت: وەڵامەکە بەتیابەت لەبارەی داهاتی خاڵە سنوورییەکان مەتاتی نووسراوە و ڕوون نییە، پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە، دەکرێت هەردوو وەزارەتی دارایی کوردستان و عێراق، یان شاندە دانوستانکارەکانی هەردوولا لەسەر بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
ئەندامەکەی دادگای فیدراڵی دەڵێت، وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت بۆچوونە و بڕیار نییە، ڕاستە بۆچوونەکەیان بەهەند وەردەگرێت، بەڵام ناتوانێت هیچ لایەنێک ناچار بکات پێوەی پابەند بن.
ئەوەی پێشبینی دەکرێت: سبەی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرپەرشتیی سوودانی کۆدەبێتەوە. ئاڤا کارنامەی کۆبوونەوەکەی دەستکەوتووە پرسی مووچەی خەڵکی کوردستانی تێدا نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیاکان لە پاشکۆی کۆبوونەوەکە زیاد بکرێت، یان سوودانی خۆی ئەو دوو پرسە لە کۆبوونەوەکە بخاتەڕوو و بڕیاریان لەبارەوە بدرێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- عێراق
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
شەقامەکانی شاری سەدر لە بەغدا خاڵین لە دیمەنی بانگەشەی هەڵبژاردن
- هەواڵ
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
میدیاکانی ئیسرائیل: ڕێککەوتنی غەززە واژۆ دەکرێت و ترەمپ دەچێتە میسر
- جیهان
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
ئیسپانیا گەمارۆی چەک دەخاتە سەر ئیسرائیل
- هەواڵ
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەڵمانیا دەسەڵات بە پۆلیس دەدات درۆن بخەنە خوارەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
ئەڵمانیا دەسەڵات بە پۆلیس دەدات درۆن بخەنە خوارەوە
5 کاتژمێر لەمەوپێش
چیرۆکێکی کاریگەر؛ مردنی کچێک لە سەقز ژیانی دایک و باوکی گۆڕیوە بۆ تراژیدیا
6 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤا میدیا خەڵاتی دیجیدەی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک دەباتەوە
14 کاتژمێر لەمەوپێش
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وردەکاریی کۆبوونەوەی مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکات
7 تشرینی یەکەم
شاخەوانێکی کورد بەسەر لووتکەی شاخی پیرۆ سەردەکەوێت
7 تشرینی یەکەم
- عێراق
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
شەقامەکانی شاری سەدر لە بەغدا خاڵین لە دیمەنی بانگەشەی هەڵبژاردن
- هەواڵ
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
میدیاکانی ئیسرائیل: ڕێککەوتنی غەززە واژۆ دەکرێت و ترەمپ دەچێتە میسر
- جیهان
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
ئیسپانیا گەمارۆی چەک دەخاتە سەر ئیسرائیل
- هەواڵ
- 5 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەڵمانیا دەسەڵات بە پۆلیس دەدات درۆن بخەنە خوارەوە