سووریا دراوی نوێ چاپ دەکات و دراوەکانیش بێ وێنە و هێما دەبن

شەیری بکە لە:
سووریا دراوی نوێ چاپ دەکات و دراوەکانیش بێ وێنە و هێما دەبن

بڕێکی زۆر لە دراوی لیرەی سووری کە وێنەی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەی لەسەر نەخشێنراوە

ئاڤا نیوز



حاکمی بانکی ناوەندیی سووریا ڕایدەگەیێنێت، دراوی نوێی سووریا لە شەش جۆر دەبێت و هیچ وێنە یان هێمایەکی لەسەر نابێت، ئەمەش بۆ ئەوەی ڕوونتر و ئاسانتر بێت بۆ پشکنین و لەگەڵ ئاراستەی جیهانی بەرەو دیزاینی خاوێن و سادە بگونجێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: پێشتر حاکمی بانکی ناوەندیی سووریا ڕایگەیاندبوو، بانکەکە لە قۆناغێکی پێشکەوتوودایە بۆ دانانی پلانێک بۆ خستنەبازاڕی دراوێکی کاغەزی نوێ بۆ سووریا، کە بەپێی بەرزترین ستانداردە هونەرییە پەسەندکراوەکان لە بانکە ناوەندییەکانی جیهاندا دیزاین کراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخانی دراوی و ئاسانکاریی مامەڵەکانی ڕۆژانە.

 

جۆرەکانی بچووک، مامناوەند و گەورە


عەبدولقادر حەسریە، حاکمی بانکی ناوەندیی سووریا لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمی سووریا "سانا"ی ڕاگەیاند، دراوە نوێیەکە بە جۆرە جیاوازەکان دەردەکرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی مامەڵەی ڕۆژانە بە کارایی زیاتر. ئەم جۆرانە لە نێوان بچووک، مامناوەند و گەورەدا دەبن بۆ دڵنیابوون لە ئاسانی مامەڵەی دراو لە بازاڕەکاندا.

 

ئاماژەی بەوەدا کە بانکی ناوەندی وردەکارییەکانی هەر جۆرێک لە ڕووی بەها، قەبارە و دیزاینەوە لە کاتی گونجاودا ڕادەگەیەنێت، دوای تەواوکردنی ڕێکارە هونەری و ئەمنییەکانی تایبەت بە چاپکردن و دەرکردن.

 

دراوێک سەرنج دەخاتە سەر ناسنامەی دیجیتاڵی


حەسریە وتی: دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هێما یان وێنەی کەسایەتی یان شوێنەوارە مێژووییەکان لە دیزاینی دراوە نوێیەکەدا ئاراستەیەکی نوێیە، ئامانجی سادەکردنی شێوەی بینراو و تیشک خستنە سەر ناسنامەی دیجیتاڵی و کردارەکی دراوەکەیە، بۆ ئەوەی ڕوونتر و ئاسانتر بێت بۆ پشکنین و لەگەڵ ئاراستەی جیهانی بەرەو دیزاینی خاوێن و سادەدا بگونجێت، کە هێمای شەفافیەت و متمانەیە لە سیستمی دراویدا.

 

حاکمی بانکی ناوەندیی سووریا وتیشی: دراوە نوێیەکە تەنیا "ژمارە نابێت"، بەڵکو ناسنامەیەکی نیشتمانیی هاوچەرخی دەبێت کە دەربڕی نوێخوازی و سەقامگیریی ئابووری بێت.


ئاماژەی بەوەدا هاوکات لەگەڵ دەرکردنی دراوە نوێیەکەدا، ڕێکارەکانی لایەنی ناوەندی بە وریاییەوە دەگیرێنەبەر بۆ کۆنترۆڵکردنی نەختینە و پاراستنی سەقامگیریی نرخەکان، لەوانە چاودێریکردنی بازاڕی دراو، کۆنترۆڵکردنی جووڵەی دراوی گشتی لە بازاڕدا و چالاککردنی ئامرازەکانی سیاسەتی دراو بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هەڵاوسان یان قازانجکردن بەهۆی دەرکردنی جۆرە نوێیەکانەوە ڕوونادات.

 

چارەسەرکردنی لایەنێک لە کەمیی نەختینە


حەسریە ڕوونی کردەوە کە دەرکردنی دراوە نوێیەکە یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی لایەنێک لە کێشەی کەمیی نەختینە، بەتایبەتی لەڕێگەی گۆڕینەوەی پارە تێکچووەکان و خستنەبازاڕی پارەی کاغەزی نوێ کە کوالێتی و خۆڕاگری زیاتریان هەیە.

 

ئەو پێی وابوو کە ئەم ڕێکارە سووکی بە مامەڵەی دراوی نەختی لە بازاڕەکاندا دەبەخشێت بەبێ ئەوەی ببێتە هۆی زیادبوونێکی ڕاستەقینە لە دراوی گشتیدا، واتە ئامانج "نوێکردنەوەیە نەک فراوانکردنی دراو".

 

سوودەکانی دەرکردنی دراوە نوێیەکە


حاکمی بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەدا کە سوودەکانی دەرکردنی دراوە نوێیەکە فرەچەشنن، لەسەرووی هەموویانەوە بەهێزکردنی متمانە بە دراوی نیشتمانی و پێدانی شێوەیەکی نوێ و پێشکەوتوو، باشترکردنی کارایی مامەڵەی دراوی نەختی و کەم کردنەوەی تێچووی چاپ کردنی داهاتوو و پشتیوانیکردنی چالاکییە ئابوورییەکان لەڕێگەی ئاسانکاریی مامەڵە بازرگانی و دراوییەکانەوە. هەروەها لە ماوەی مامناوەنددا، یارمەتیدەر دەبێت لە باشترکردنی سەقامگیریی نرخی لیرەی سووری لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی متمانە بە سیاسەتی دراو و کەم کردنەوەی مامەڵەکردن بە پارەی تێکچوو یان ساختە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ