گەنجانی باکووری کوردستان دەیانەوێت زمانی کوردی لە دامەزراوە فەرمییەکان بەکار بهێندرێت

شەیری بکە لە:
گەنجانی باکووری کوردستان دەیانەوێت زمانی کوردی لە دامەزراوە فەرمییەکان بەکار بهێندرێت

نووسینی ناوی کورد و کوردستان لەسەر تەختەی خوێندنی قوتابخانەیەک

ئاڤا نیوز

بەپێی ئەنجامەکانی چەند ڕاپرسییەک 82%ی گەنجانی باکووری کوردستان دەیانەوێت زمانی کوردی لە دامەزراوە فەرمییەکان بەکار بهێندرێت و 72%ی گەنجانیش هەست دەکەن بەهۆی کوردبوونیانەوە جیاکارییان پێ دەکرێت و مافیان دەخورێت. 

چیرۆکی سەرەکی:
بە مەبەستی زانینی داواکارییەکانی گەنجانی کورد لە باکووری کوردستان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، چەند ڕێکخراوێکی گەنجان ژمارەیەک ڕاپرسییان ئەنجامداون. ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکان لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی خرایە ڕوو.

لێدوانی فەرمی:
ساڵح تورهان، ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوە دا بەپێی ڕاپرسییەکی کۆمەڵەکەیان کە دوو هەزار کەس بەشداری تیادا کردووە لە 82%ی گەنجانی باکووری کوردستان دەیانەوێت زمانی کوردی لە دامەزراوە فەرمییەکان بەکار بهێندرێت و قەدەغەکارییەکانی سەر زمانی کوردی هەڵبگیرێن.

تەنها لە 28.5% بەشداربووان گەشبینن بە پرۆسەی ئاشتی، لە 11%ی یەکلانەبوونەتەوە، لە 26 متمانەیان بە تورکیا نییە، لە 8.4% متمانەیان هەیە و لە 25.4%یش بە ڕێزەوە لە هەوڵەکان دەڕوانن بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە.

بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: باران یاڵچینکایا، ئەندامی کۆمەڵەی گەنجانی هێنانەدی ئاشتی ئاماژە بەوە دەدات بەپێی ڕاپرسییەکی ئەوان لە 72%ی گەنجان هەست دەکەن بە هۆی کوردبوونیانەوە جیاکارییان پێ دەکرێت و مافیان دەخورێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: دوای بە دەمەوەهاتنی ئۆجەلان بە دەم داواکارییەکەی باخچەلی و بڕیاری پەکەکە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، کۆمیسیۆنە پەرلەمانییەکە لە 1.8.2025 پێکهێندرا. تاوەکوو ئێستا کۆمیسیۆنەکە 15 کۆبوونەوەی ئەنجامداوە بۆ گوێگرتن لە سەرنج و پێشنیازەکانی ئەو ڕێکخراو و کەسایەتییانەی نوێنەرایەتیی تەواوی چین و توێژە جیاوازەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەکەن و چاوەڕێ دەکرێت هەفتەی داهاتوو کۆتایی بە کۆبوونەوەکان بێت. 



 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: