ئاڤا بەدواداچوون بۆ داواکاری سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی یەدەگ دەکات

شەیری بکە لە:
ئاڤا بەدواداچوون بۆ داواکاری سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی یەدەگ دەکات

سەرپەرشتیاری پەروەردەی لەکاتی ئەرکدا

ئاڤا نیوز

سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی یەدەگ داوا دەکەن، پلەی سەرپەرشتیاری پەروەردەییان پێبدرێت و مەرج و تاقیکردنەوەی نوێیان بۆ دانەنرێت.

چیرۆکی سەرەکی: مانگی ئابی 2022، تاقیکردنەوەی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ئەنجامدرا، بەشێک لە سەرپەرشتیاران لە تاقیکردنەوەکان دەرچوون، بەڵام بەهۆی پڕبوونەوەی ئەو خواستەی وەزارەتی پەروەردە دیاریکردبوو، ژمارەیەک سەرپەرشتیار وەک یەدەگ مانەوە، دواتریش بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا ئەوانەی لە تاقیکردنەوەکان دەرچوون  پلەی سەرپەرشتیاری پەروەردەییان پێنەدراوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە ساڵی 2023ـەوە بڕیار درا لە ماوەی سێ ساڵدا واتا تا یەکی ئەیلولی 2026، بەپێی پێویستی پەروەردەکان، سەرجەم سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی یەدەگ پلەی سەرپەرشتیاریان پێبدرێت. 

داوکاریی فەرمی: سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی یەدەگ داوا دەکەن بە فەرمانی وزاری پلەی سەرپەرشتیارییان پێبدرێت، بەبێ پێدانی شایستە داراییەکان تا ئەو کاتەی بە پێی ڕیزبەندی دەرچوون لە یەکەی سەرپەرشتیاری دەست بەکار دەبن، داواش دەکەن هیچ تاقیکردنەوە و مەرجی نوێیان بۆ دانەنرێت، چونکە ئەوان پرۆسەی تاقیکردنەوەکانی پلەی سەرپەرشتیارییان بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.

ئەو سەرپەرشتیارە پەروەردەییە یەدەگانە لە ڕێگەی ئاڤا میدیایەوە داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن، هیچ سنووردارکردنێک دانەنرێت و هەموویان پلەی سەرپەرشتیاری پەروەردەییان پێبدرێت و لەگەل دەستەبەکاربوونیشیان شایستە داراییەکانی ئەو پلەیەیان بۆ ببەسترێت.

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پەروەردە بە ئاڤا میدیای گوت: لەم قۆناغە چونکە ناتوانین مامۆستای نوێ دابمەزرێنین یان گرێبەست و وانەبێژی نوێ دابنێین، بۆیە ئەگەر ئەو مامۆستایانە پلەی سەرپەرشتیاری وەربگرن، بۆشایی میلاک لە قوتابخانەکان دروست دەبێت.

کیشەیەکی دیکەش ئەوەیە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، ئەمساڵ ناتوانرێت دەستکاری لیستی مووچەخۆران بکرێت، ناتوانرێت لە سیستمی پەیرۆل ئەو مامۆستایانە بکرێنە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی.

زانیاریی زیاتر: ئەو سەرچاوەیە وتیشی، فەرمانی سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی یەدەگ تا مانگی نۆی ساڵی داهاتوو کاری پێدەکرێت، تا ئەو کاتیش پرسی بودجەی ساڵی 2026 یەکلایی دەبێتەوە و بەپێی ئەو بارودۆخە کار لەسەر داواکاریەکەیان دەکرێت، چونکە ئێمە نووسراومان کردووە بۆ ئەوەی لەکاتی هەبوونی بودجەی پێویست یان هەر دەرفەتێک کە بتوانین جێگرەوە بۆ ئەوان لە قوتابخانەکان دابنێین لەهەمان کاتیش بتوانین پلەی سەرپەرشتیارییان پێبدەین، بێگومان ئەو بڕیارە جێبەجێ دەکەین.

ئەمەش بزانە: لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار 200 مامۆستا کە تاقیکردنەوەکانی پلەی سەرپەرشتیارییان بە سەرکەتووی تەواو کردووە و تا ئێستا وەک سەرپەرشتیاری یەدەگ دانراون.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ