گەنجێکی کورد بوو بە ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا

شەیری بکە لە:
گەنجێکی کورد بوو بە ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا

هێمن حەوێزی، ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا

ئاڤا نیوز

گەنجێکی کۆیی نیشتەجێی هۆڵەندا، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵەندا توانی کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت و بە وتەی خۆی، دەبێتە یەکەم پەرلەمانتاری کوردی باشووری کوردستان لە پەرلەمانی هۆڵەندا.

چیرۆكی سەرەكی: هێمن شێردڵ حەوێزی، گەنجێكی تەمەن 33 ساڵەی شارۆچكەی كۆیە، لە پارتی بانگەوازی دیموكراتی كریستیان 'CDA' بۆ یەكەمجار خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵەندا كاندید كرد و توانی ببێتە جێی متمانەی دووهەزار و 227 دەنگدەر، هاوكات حیزبەكەشی لەم هەڵبژاردنە سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێناوە و ژمارەی كورسییەكانی لە پێنج كورسییەوە گەیاندووەتە 18 كورسی و لەپلەی چوارەمی لیستە سەركەوتووەكانی هەڵبژاردنەكە دێت.

لێدوانی فەرمی: هێمن حەوێزی لەڕێگەی ئاڤاوە، سوپاسی هەموو ئەو لایەن و ڕێكخراوە كوردستانی و دەنگدەرە كوردانەی دانیشتووی هۆڵەندا دەكات، كە لەو ئەزموونە نوێیە، پشتیوانییان كردووە، دەشڵێت: ئەم سەركەوتنە، هی من نییە بەتەنیا، بەڵكو سەركەوتنی هەموو ئەو كەسانەیە كە باوەڕیان بە دیدگاكەمان هەبووە كە كورد دەبێت لە كایەی سیاسیی هۆڵەندا، دەنگی هەبێت.

گەنجە كوردەكە ئاماژەی بەوەكرد، بە بەدەستهێنانی دوو هەزار و 227 دەنگ، ئێستا دەتوانم چالاكی حیزبی و حكومی لە پێگەیەكی بەهێزترەوە ئەنجام بدەم، و پارتەكەشم بەشانازییەوە بەشداری لە پێكهێنانی حكومەتی تازەی هۆڵەندا دەكات و ئێستا بەهەموو وزە و توانامانەوە كاردەكەین بۆ وەرگێڕانی ئەم پشتیوانییە بۆ كردار و ئەنجام.

پەیوەست بەم بابەتە: بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی هۆڵەندا كە لە ڕۆژی 29ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، هیچ كام لە حیزبە براوەكان ناتوانن بەتەنیا حكومەت پێكبهێنن، بۆیە چاوەڕوانی پێكهێنانی هاوپەیمانی و دەستپێكردنی گفتوگۆكان دەكرێت بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن.

ئەمەش بزانە: هێمن شێردڵ حەوێزی، تەمەنی 33 ساڵە و لە شارۆچكەی كۆیە لەدایكبووە، بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە كارگێڕیی بازرگانی و ماستەری لە كارگێڕیی گشتیدا هەیە، ئێستا قوتابیی دكتۆرایە لە زانكۆی لایدن لە هۆڵەندا، ماوەی حەوت ساڵە لە وەزارەتی ناوخۆ و پەیوەندییە شاهانەكانی هۆڵەندا، لە بەشی كاروباری سیاسی و نێودەوڵەتی، بەرپرسیارییەتی لەئەستۆ بووە، چەندین ساڵیشە ئەندامی دەستەی كارگێڕیی پارتی بانگەوازی دیموكراتی كریستیان 'CDA'ـە لە شاری دێلفت و زوتەرمیر. شارەزایی لە بوارەكانی كۆمپیوتەر، ژیری دەستكرد و بەدیجیتاڵكردنی خزمەتگوزاریی گشتیدا هەیە.

 

زانیاری زیاتر: شێردڵ حەوێزی باوکی هێمنە، کە لە خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان ئەندامی پەرلەمان و لیژنەی کاروباری پێشمەرگەبوو، هەروەها وەزیری پێشووتری پێشمەرگە بووە، بەڵام چەندین ساڵە لەوڵاتی هۆڵەندا دەژی و خوێندنی باڵای هەر لەو وڵاتە تەواوکردووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ