ئاڤای خەڵک گرفتی قوتابییانی حەوت گوندی گوێڕ چاره‌سه‌ر ده‌كات

شەیری بکە لە:
ئاڤای خەڵک گرفتی قوتابییانی حەوت گوندی گوێڕ چاره‌سه‌ر ده‌كات

گرافیک ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

 لە قوتابخانەی ئامادەیی تەرجانی تێکەڵاو لە سنووری ناحیەی گوێڕ، کە قوتابیانی حەوت گوند لێی دەخوێنن، گرفتێکی گەورەی نەبوونی مامۆستای وانە زانستییەکان هەیە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکەش هۆشداری دەداتە دایک و باوکانی قوتابیان.

 

بەدواداچوونی ئاڤا؛ بەپێی بەدواداچوونی هیشام سەعید، پەیامنێری ئاڤا، لەو قوتابخانەیە کە دەکەوێتە سنووری قەزای مەخموور، قوتابیانی پۆلەکانی حەوتی بنەڕەتی تاوەکو 12ی ئامادەیی، بەدەست نەبوونی مامۆستای "بیرکاری" و کەمیی مامۆستای وانەکانی "ئابووری و ئینگلیزی"ـەوە دەناڵێنن.

 

هێرش ڕەسوڵ، دانیشتووی گوندی تەرجان و باوکی سێ قوتابی، نیگەرانە لە دۆخەکە و دەڵێت: "لەوەتەی دەوامی فەرمی دەستیپێکردووە، ئەم گرفتە هەیە و چارەسەر نەکراوە."

 

کاریگەری و لێکەوتەکان؛ دۆخەکە بە جۆرێکە مەترسی لەسەر چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی قوتابیان دروستکردووە. دڵشاد ئیسماعیل، دانیشتووی گوندی شەمامەر دەڵێت: "بەڕێوەبەری قوتابخانەکە پێی گوتووین مامۆستای بیرکاری بۆ منداڵەکانتان پەیدا بکەن، ئەگەرنا ئەمساڵ هەموویان لەو وانەیە دەمێننەوە و دەکەون."

 

هاوکات دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەکە ئاشکرای کرد کە قوتابخانەکە مامۆستایەکی بیرکاری هەیە، بەڵام "کەمتەرخەمە و زۆربەی کات مۆڵەت وەردەگرێت و دەوام ناکات."

 

چارەسەرەکان؛ لەبارەی چارەسەرکردنی ئەم گرفتە، پەیامنێری ئاڤا پەیوەندی بە ڕەسوڵ محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای مەخموورەوە کرد. ناوبراو بەڵێنی چارەسەری خێرای دا و گوتی: "پشتیوان بە خودا ڕۆژی یەکشەممە کێشەکەیان بۆ چارەسەر دەکەین و مامۆستا بۆ قوتابخانەکە دابین دەکەین."

 

لەلایەکی دیکە؛ سەبارەت بەو مامۆستایەی کە تۆمەتبارە بە کەمتەرخەمی لە دەوامکردن، بەڕێوەبەری پەروەردەی مەخموور جەختی کردەوە: "لیژنەیەکی یاساییمان لەسەر پێکهێناوە و بە دڵنیاییەوە سزا دەدرێت."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ