
ئیلیزابێت تسورکۆڤ، توێژەری ئیسرائیلی - ڕووسی کە پێشتر بارمتەبوو لای "کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق"
ئاڤا نیوز
ئێلیزابێس تسورکۆڤ، پێشتر بارمتەبوو لای میلیشیاکانی عێراق و پاڵێوراو بۆ بەدەستهێنانی دکتۆرا لە زانکۆی پرینستۆن ڕایدەگەیێنێت، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق گۆڕانکاری لە سروشتی هەڕەشەی میلیشیا شیعییەکانی لایەنگری ئێران دەردەخات، کە چیتر بایەخ بە "مقاوەمە" نادەن و لە جیاتی ئەوە بەدوای دەوڵەمەندبوون و کۆنترۆڵکردنی سیاسەتەوەن.
بڵاوکراوەی فەرمی: ئێلیزابێس تسورکۆڤ، ئەو توێژەرە ئیسرائیلی-ڕووسییەی بۆ ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ لەلایەن "کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق" ڕفێنراو دواتر لە 2025-9-9، ئازادکردنی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ڕاگەیێنرا، لە گوتارێکدا کە لە ڕۆژنامەی "ئەلمجلە" بڵاوکراوەتەوە، شرۆڤەی ئەو گۆڕانکارییە دەکات کە بەسەر میلیشیا شیعییەکاندا هاتووە و دەڵێت: سەرەڕای پێشڤەچوونیان لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵام ئەمە پاڵپشتییەکی ڕاستەقینەی جەماوەری نییە، چونکە بەشێکی زۆری شیعەکانی عێراق ڕقیان لەم میلیشیایانە هەیە، بەتایبەت لەدوای سەرکوتکردنی تووندوتیژانەی "ڕاپەڕینی تشرین" لە 2019.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: تسورکۆڤ ئاماژە بە ئەزموونی کەسیی خۆی دەکات لە ماوەی 903 ڕۆژ لە دیلێتی لەلایەن "کەتائیبی حیزبوڵڵا"وە، و دووپاتی دەکاتەوە ڕفاندنەکەی تەنیا تاوانێک بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە "بەرگری" لە ئیسرائیلەوە نەبووە. ئامانجی سەرەکی ڕفێنەرەکان وەرگرتنی فیدییەکی خەیاڵی بووە، کە لە سەرەتادا گەیشتووەتە 600 ملیۆن دۆلار. ئەمەش گۆڕانی ئامانجی میلیشیاکان لە "مقاوەمەوە" بۆ دەوڵەمەندبوون و کۆنترۆڵی سیاسی پیشان دەدات.
ژمارەکان وا دەڵێن: بە گوتەی تسورکۆڤ، میلیشیاکان بڕێکی زۆر پارەیان لە ڕێگەی تاڵانکردنی گەنجینەی دەوڵەت و سەندنی پارە لە هاووڵاتییان کۆکردووەتەوە، کە بەشێک لەم پارانە بۆ کڕینی دەنگی دەنگدەران لە هەڵمەتێکی بێ وێنەدا تەرخان کراوە. ئەم گرووپانەی لایەنگری ئێران گرنگی بردنەوەی زۆرترین کورسی پەرلەمانییان زانیوە، چونکە هەرچەندە لە پەرلەماندا پشکیان گەورەتر بێت، وەزارەت و پڕۆژەی زیاتریان پێدەدرێت، کە ئەمەش توانایان بۆ بەهەدەردانی سەرچاوەکانی دەوڵەت زیاتر دەکات.
ئەوەی پێشبینی دەکرێت: تسورکۆڤ دەڵێت، تاران پێیوایە گرنگی ئەم میلیشیایانە لە ڕۆڵی دیکەدایە، وەک قاچاخچێتی دۆلار بۆ ئێران، گواستنەوەی نەوت و کاڵا بۆ پشتگیریکردنی ئابووریی ئێران، هەروەها دڵنیابوون لە مانەوەی سیستمێکی لایەنگری لە بەغدا لە ڕێگەی دەستکاریکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن.
لەهەمان کاتدا: تسورکۆڤ پێیوایە هەر ستراتیژییەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم گرووپە چەکدارانە پێویستە گۆڕانکارییەکان لە ڕۆڵ و پێشینەکانیاندا لەبەرچاو بگرێت، مەترسیی ئەم گرووپانە چیتر لە توانای شەڕکردنیاندا نییە، بەڵکو لە دەستبەسەرداگرتنی جومگەکانی دەوڵەتی عێراقە، تاڵانکردنی سامانی گشتی بۆ خۆیان و سوودگەیاندن بە تاران و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی وڵاتە.
فشارە مەترسیدارەکە: تسورکۆڤ ئەو زانیارییە دەخاتەڕوو کە میلیشیاکان چەند مانگێک بەرلەوەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەندامەکانیان ناچارکردووە کارتی دەنگدانی خۆیان و کەسوکار و هاوڕێکانیان بهێنن و لە رۆژی هەڵبژاردندا دەنگ بدەن بە کاندیدی ئەو حیزبانەی شوێنکەوتەی میلیشیاکانن، هەر کەسێکیش ئەو داوایەی جێبەجێ نەکردبێت کارەکەی لەدەستداوە یان دەستگیرکراوە، بەو شێوەیەش سوودیان لە دەنگی 250 هەزار کەس بینیوە.
باکگراوند: رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام درا و ڕێژەی بەشداریی لە سەرانسەری عێراق لە دەنگدانی گشتی بریتی بوو لە 54.35% و ڕێژەی بەشداری لە دەنگدانی تایبەتیش 82.42% بوو. ڕۆژی 17ـی تشرینی دووەمی 2025 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی ڕاگەیاند.
دوایین هەواڵەکان
- ژینگە
- 9 خولەک لەمەوپێش
شەپۆلێکی دیکەی بەفربارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
- کولتوور
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
یەکەم کچە شاخەوانی کورد دەگاتە لووتکەی چیای مەناسلو لە نیپاڵ
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکردەیەکی حیکمە لەبارەی کاندیدبوونی مالیکی: بەبێ کۆدەنگی تێناپەڕێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

نهێنییەکانی فرمێسک؛ بۆچی مرۆڤ دەگری؟
22 کاتژمێر لەمەوپێش

ئاڤا هۆکاری دواکەوتنی لیستی مووچە ئاشکرا دەکات؛ بەغدا داواکاری نوێی هەیە
19 کانوونی دووەم

ڕۆبۆتەکان فڕۆکەی ئێرباس دروست دەکەن
19 کانوونی دووەم

لقی یەکێک لە بەناوبانگترین براندەکانی بێرگەر لە هەولێر دەکرێتەوە
18 کانوونی دووەم

بۆ یەکەمجار لە جیهاندا بە شەو خلیسکێنەی سەر بەفر لە کوردستان ئەنجام دەدرێت
18 کانوونی دووەم
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکردەیەکی حیکمە لەبارەی کاندیدبوونی مالیکی: بەبێ کۆدەنگی تێناپەڕێت
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک بارزانی و پاپای ڤاتیکان دیاری پێشکەش بە یەکتر دەکەن
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ئێران ئاماری گیانلەدەستدانی خۆپیشاندانەکان بڵاودەکاتەوە
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئاگرەکەی پاكستان بۆ نزیکەی 50 کەس بەرز بووەوە






