هێرشەکەی کۆرمۆر بە چی کراوە، زیان بەر کوێ کەوتووە و گومان دەکرێت هێرشەکە لەکوێوە کرابێت؟

شەیری بکە لە:
هێرشەکەی کۆرمۆر بە چی کراوە، زیان بەر کوێ کەوتووە و گومان دەکرێت هێرشەکە لەکوێوە کرابێت؟

دیمەنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ساتی ئەنجامدانی هێرشەکە

ئاڤا نیوز

هەرچەندە تاوەکو ئێستا دەزگا ئەمنییەکان لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر هیچیان نەوتووە، بەڵام کۆمپانیای دانەغاز دەڵێت، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکەوە کراوە. لەلایەکی دیکەوە، ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاشکرای دەکات، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکی گرادەوە کراوە و گرووپە میلیشیاکانی عێراقیش بە ئەنجامدانی کردەوەکە تۆمەتبار دەکات.

چیرۆکی سەرەکی:  شەوی ڕابردوو کاتژمێر 11:30 هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ و لە ئەنجامدا ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی غاز کەوتەوە، هێرشەکە هەرچەندە زیانی گیانی نەبوو، بەڵام بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 80% کەم بووەتەوە.

زانیاریی ئاڤا: ئاڤا زانیویەتی زیان بەر خەزانێکی غاز کەوتووە و بە تەواوی سووتاوە، ئەو خەزانە جۆرە غازێکی سووکی تێدایە و بۆ غازی ماڵان بەکاردێت. هەروەها ئاگری کێڵگەکە تا کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوام بوو، ئینجا توانرا کۆنترۆڵ بکرێت.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: کۆمپانیای دانا غاز لە ڕاگەیێنراوێکدا دەڵێ، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەک کراوە، بەڵام هێشتا دەزگا ئەمنییەکان لەو بارەیەوە هیچیان نەوتووە، نازانرێ ئایا لە ڕێگەی مووشەکەوە بووە یان لە ڕێگەی درۆنەوە بووە. 

لێدوانی فەرمی: هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، گرووپە چەکدارە میلیشیاکانی عێراق بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، هێرشەکە لە ڕێگەی مووشەکی گرادەوە بووە، لە میحوەری خورماتووەوە ئاراستە کراوە، ئامانجیش لێی تێکدانی ئابووری و ژێرخانی هەرێمی کوردستانە.

هۆشیار زێباری دەشڵێت: هێرشەکە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی حکومەت کۆنترۆڵی بەسەر ئەو گرووپانەدا نییە، بەڵام سزادانی ئەنجامدەرانی ئەمجارە دەتوانێت وەرچەرخانێک بێت بۆ سەلماندنی دەسەڵاتی حکومەت.

پەیامێکی تایبەتیش بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەنێرێت و دەڵێت: لەبەردەم حکوومەتەکەی سودانیدا دەرفەتێکی زێڕین هەیە بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی خۆی و سزادانی تاوانباران، ئەمەش دەرفەتی خۆکاندیدکردنەوەی بۆ ویلایەتی دووەم بەهێز دەکات.

یەدەگی غازی کێڵگەی کۆرمۆر چەندە؟

یەدەگی غازی کێڵگەکە هەشت ترلیۆن پێ سێجایە و سەرەکیترین کێڵگەی غازی کوردستانە. کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی کاری تێدا دەکات، مانگی سێی ئەمساڵ توانای بەرهەمهێنانی غاز لەو کێڵگەیە گەیێنرایە 525 ملیۆن پێ سێجا لە ڕۆژێکدا. 


بۆچی لیژنە تەکنیکییەکەی هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکان ڕێگەیان پێ نەدرا بچنە ناو کێڵگەکە؟

ئەمڕۆ لیژنەیەکی تەکنیکی هاوبەشی وەزارەتەکانی کارەبا و سامانە سروشتییەکان بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی کێڵگەکە و توانای بەرهەمهێنان چوونەتە کۆرمۆر، بەڵام بەهۆی ئەوەی لیژنەیەکی ئەمنی لێکۆڵینەوە لەناو کێڵگەکە بوون تا درەنگ لیژنەکە ڕێگەیان پێنەدراوە بچنە ناو کێڵگەکە، دواتر لیژنەکە گەڕانەوە.

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەوە یانزەهەمین جارە هێرش دەکرێتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، بەڵام تا ئێستا حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی جدی لێکۆڵینەوەی نەکردووە و هیچ کەسێک لەسەر ئەم هێرشانە نەدراوەتە دادگا.

زیانەکانی دوای هێرشەکە

هێرشەکەی دوێنێ شەو وایکرد نزیکەی سێ هەزار مێگاوات کارەبا لەدەست بدرێت، واتا 75٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان بەو هۆیەوە کەمبوویەوە. ئەو بڕەی ماوە، نزیکەی هەزار و 400 مێگاوات کارەبایە، ئەویش بەشی شەش تا هەشت سەعات کارەبا دەکات بدرێتەوە بە هاونیشتمانیان. لەهەمان کاتدا، زیانی لە کارەبای عێراقیش داوە، بەتایبەت لە کەرکووک و موسڵ و سەڵاحەددین کارەبا زۆر کەمبووەتەوە.

ئینجا شوێنی جوگرافی کێڵگەی غازی کۆرمۆر

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، هەروەها دەکەوێتە ناوەندی پارێزگاکانی سلێمانی، کەرکووک و دیالەوە.

- لە ناوەندی کەرکووکەوە 73 کیلۆمەتر و نیو دوورە.

- 63 کیلۆمەتر لە ناوەندی چەمچەماڵەوە دوورە.

- لە دووزخورماتووەوە 47.7 کیلۆمەتر دوورە.

- پێشتر لە نزیکی ئەو ناوچانەی کە سەر بە خوورماتوون بە درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان.
- 59 کیلۆمەتر و نیو لە سلێمان بەگەوە دوورە.

- لە سەنگاوەوە 53.7 کیلۆمەتر دوورە.

- لە قەزای کفرییەوە 90 پۆینت شەش کیلۆمتر دوورە.

- 133 کیلۆمەتر لە کەلارەوە دوورە.

- 137 کیلۆمەتر لە حەویجەوە دوورە.

لە ناوەندی پارێزگاکانیش 

- 165 کم لە هەولێرەوە دوورە.
- 123 کم لە سلێمانی دورە.
- 165 کم لە هەڵەبجە دوورە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ