
دیمەنێکی قەڵای هەولێر لە ئاسمانەوە، وێنە: ئاڤا
ئاڤا نیوز
لە چەند ساڵی رابردوودا، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دیدگایەكی فراوان و پلانی ئاستبەرزەوە كاری بۆئەوە كردووە ئاستی كەرتی گەشتیاریی لە كوردستان بگۆڕێت و ژێرخان و سەرخانی گەشتیاریی كوردستان ببێتە جێگەی سەرنجی سەرجەم گەشتیاران لە جیهان.
وێنە گەورەكە: بەپێی ئامارە فەرمییەكانی حكومەتی هەرێم، ساڵی 2007 ژمارەی گەشتیاران 377.397 كەس بووە، بەڵام لە ساڵی 2024 بۆ نزیكەی 8 ملیۆن گەشتیار بەرزبۆتەوە.
ئەم بازدانە گەورەیە داهاتێكی زەبەلاحی بۆ كەرتی ئابووریی هەرێم هێناوە، تەنها لە ساڵی 2023، داهاتی كەرتی گەشتوگوزار لە نێوان 1.8 بۆ 2.2 ملیار دۆلار مەزەندە كراوە. ئەم داهاتە لە ڕێگەی خەرجییەكانی گەشتیارانەوە (كە بە تێكڕا 250 بۆ 300 دۆلارە بۆ هەر گەشتیارێك خەمڵێنراوە) دێتە ناو بازاڕی ناوخۆوە و سووڕی ئابووری چالاك دەكات.
جێگرەوەی سامانی نەوت: بەپێی خەمڵاندنەكانی رێكخراوی روونین لەبواری چاودێریی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان، كە 2025 بڵاوكراوەتەوە، ساڵانە داهاتی نەوت بە نزیكەیی دوو ملیار و 561 ملیۆن و 100 هەزار دۆلارە پاش ئەوەی خەرجییەكانی كۆمپانیاكانی لێدەردەكرێت و ئەگەر مانگانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی خاو بە نرخی 34 دۆلار بفرۆشرێت.
بەڵام كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بە دونیابینییەكی فراوانەوە دەستیكردووە بە دابینكردنی ژێرخانی تۆكمەی گەشتیاریی بۆ بەدەستهێنانی نزیكەی شەش ملیار دۆلار لەو كەرتەدا، ئەوەش سێ هێندەی داهاتی سامانی نەوتە.
ڕاگەیێندراوی فەرمی: لە هەرێمی كوردستان 3100 بنكەی چالاكیی گەشتیاری هەیە، 80 هەزار شوێنی مانەوەی گەشتیاریی هەیە، تەنها لە چوار ساڵی ڕابردوودا 55 بە گوژمەی حەوت ملیار و 378 ملیۆن و 699 هەزار و 880 دۆلار سەرمایەگوزاریی لە كەرتی كەشتوگوزار كراوە.
دیدگای كابینەی نۆیەم: كار بۆ ئەوە دەكرێت گەشتیاریی ببێتە یەكێك لە پایە سەرەكییەكانی داهاتی گشتی، هاوشانی كشتوكاڵ و پیشەسازی، بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت.
پلانی ستراتیژی دانراوە بۆ ڕاكێشانی 20 ملیۆن گەشتیار تا ساڵی 2035، ئەگەر بێتەدی، دەتوانێت داهاتی ساڵانەی ئەم كەرتە بۆ زیاتر لە پێنج بۆ شەش ملیار دۆلار بەرزبكاتەوە.
ئەمەش ئەو بازدانە گەورەیەیە كە لەماوەی 10 ساڵی داهاتوودا داهاتی كەرتی گەشتیاریی سێ هێندە و بە ڕێژەی 200٪ داهاتەكەی زیاد دەكات، واتە لە نزیكەی دوو ملیار دۆلارەوە بەرز دەبێتەوە بۆ نزیكەی شەش ملیار دۆلار و زیاتریش.
نهێنی گەشەكردنەكە: گەشەكردنی كەرتی گەشتیاریی، دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵكی كوردستان لە سەقامگیریی ئابووری زیاتردا بژین، گەشەی بەردەوام بەدی بكرێت لەبواری هەلی كار و كەمكردنەوەی مەترسییەكان لەسەر داهاتی خەڵك كە تا ئێستا بەهۆی هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت و پشێوییەكان دۆخی خەڵكی هەراسان كردووە.
كوردستان باشترینی ئاسیا: لە گۆڕانكارییەكی چاوەڕواننەكراو و مێژووییدا كە دەنگدانەوەیەكی بەرفراوانی لەسەر ئاستی جیهان هەبوو، شاری هەولێر، پایتەختی هەرێمی كوردستان و یەكێك لە كۆنترین شارە زیندووەكانی جیهان، لەلایەن گۆڤاری بەناوبانگی نێودەوڵەتی Condé Nast Traveler وەك یەكەم باشترین شوێنی گەشتیاری لە كیشوەری ئاسیا بۆ ساڵی 2026 دەستنیشانكرا.
ئەم نازناوە، كە لەنێو ڕكابەرییەكی بەهێزی دەیان شاری گەورەی ئاسیادا بەدەستهاتووە، پاش ئەوەی لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا كار كرا بۆ گۆڕینی كەرتی گەشتوگوزار لە چالاكییەكی لاوەكییەوە بۆ یەكێك لە پایە ستراتیژییەكانی ئابووریی هەرێم.
نەخشەڕێی حكومەت: كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم لەڕێگای پلانێكی هەمەلایەن و بە سوودبینین لە توانای مرۆیی خەڵكی كوردستان و سامانە نیشتمانییەكان و ڕەخساندنی هەل و مەرجی لەبار، ئەم ڕێكارانەی گرتەبەر و جێبەجێی كردوون:
تۆڕی ڕێگاوبان: تۆڕێكی مۆدێرنی ڕێگاوبان نەك تەنها شارەكان بەیەكەوە دەبەستێتەوە، بەڵكو دەروازەیەك دەبێت بۆ گەشەی ئابووری و كۆمەڵایەتی خەڵك. لەم چوارچێوەیەدا، زیاتر لە هەزار و 119 پڕۆژەی ڕێگاوبان بە بەهای 4.3 تریلیۆن دینار جێبەجێ كراون.
ئاسایشی ئاو: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و دابینكردنی ئاسایشی ئاو بۆ پەرەپێدانی گەشت و گوزار، كابینەی نۆیەم ستراتیژێكی گشتگیری بۆ دروستكردنی بەنداو و پۆند داڕشتووە. تا ئێستا نۆ بەنداو بە بوودجەی 266 ملیار دینار و توانای گلدانەوەی 253 ملیۆن مەتر سێجا ئاو تەواو كراون.
ئەم پرۆژانە بوونەتە هۆی دابینكردنی سەدان هەلی كار، ڕاكێشانی وەبەرهێنانی كەرتی تایبەت و گۆڕینی ناوچەكان بۆ شوێنێكی سەرنجڕاكێشی گەشتیاری.
لە كابینەی نۆیەمدا: 80 پڕۆژەی ستراتیژی گەشتیاری بە بەهای نزیكەی 7.56 ملیار دۆلار جێبەجێ كراون، ئەم وەبەرهێنانە زەبەلاحە نەك تەنها ژێرخانی گەشتیاریی بەهێز كردووە، بەڵكو بووەتە هۆی گەشەسەندنی كەرتی تایبەت و سەدان كۆمپانیای ناوخۆیی.
كەرتی گەشتوگوزار ڕۆڵێكی گرنگی لە كەمكردنەوەی بێكاری گەنجاندا گێڕاوە. لە كۆی 150 هەزار هەلی كار كە لە ماوەی كابینەی نۆیەمدا بۆ گەنجان ڕەخسێنراون، كەرتی گەشتوگوزار بە تەنها نزیكەی 20 هەزار هەلی كاری ڕاستەوخۆی دروستكردووە.
سیاسەتی حكومەت بووە كە لە پڕۆژەكاندا 75٪ـی هەلی كار بە هێزی كاری ناوخۆیی ببەخشرێت، گەنجان سوودمەندی سەرەكی بوون. بۆ نموونە، تەنها لە قەزای ئاكرێ، زیاتر لە سێ هەزار هەلی كار بۆ گەنجان ڕەخسێنراوە.
ئەمەش بزانە: هەر گەشتیارێك بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە نزیكەی 23 پیشەی جیاواز دەكات، لە شۆفێری تەكسی و خاوەن چێشتخانەوە بگرە تا دەگاتە جووتیار و دوكاندار و نانەوا. ئەمەش واتە گەشەی گەشتیاری كاریگەری لەسەر هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا هەبێت.
فرەچەشنكردن: گرنگییەكی تایبەت بە فرەچەشنكردنی بەرهەمی گەشتیاری داوە، بۆ ئەوەی تەنها پشت بە هاوینەهەوارەكان نەبەسترێت، بە واتای تێپەڕاندنی مۆدێلی كلاسیكی گەشتیاریی، كە تەنها پشت بە هاوینەهەوار و سروشتی وەرزی نەبەسترێت.
دەوڵەمەندیی كلتووری (قەڵای هەولێر وەك نموونە):
هەرێمی كوردستان خاوەنی زیاتر لە 3500 شوێنەواری مێژووییە. كابینەی نۆیەم گرنگی بە بوژاندنەوەی ئەم میراتە داوە.
قەڵای هەولێر كە لە لیستی میراتی جیهانیی یونسكۆدایە، پڕۆژەیەكی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنكردنەوەی بەڕێوەدەچێت، لە تاقیكردنەوەیەكدا، لە ماوەی سێ كاتژمێردا زیاتر لە 3000 كەس سەردانیان كردووە، كە پێشبینی دەكرێت ئایندەیەكی گەشتر چاوەڕێی پرۆژەی گەشتیاری قەڵای هەولێر دەكات.
گەشتیاریی ئایینی (پەرستگای لالش وەك نموونە):
گرنگیدان بە شوێنە ئایینییەكان وەك پەرستگای لالش (پیرۆزترین شوێنی ئێزدییەكان لە جیهاندا)، دەبێتە هۆی ناساندنی كلتووری پێكەوەژیان و نیشاندانی وێنەی ڕاستەقینەی كوردستان وەك ناوچەیەكی ئارام و ڕاكێشانی ئەو گەشتیارانەی گرنگی بە مێژووی ئایینەكان دەدەن و هاتنی زیارەتكاران... هتد بازاڕی ناوچەكە دەبوژێنێتەوە.
گەشتوكاڵ (Agritourism): ئاوێتەكردنی كشتوكاڵ و گەشتیاری:
ئەم مۆدێلە نوێیە، كە بریتییە لە ئاوێتەكردنی كەرتی كشتوكاڵ و گەشتیاری، تەنها ئەزموونێكی ناوازە پێشكەش بە گەشتیاران ناكات، بەڵكو دەرفەتێكی زێڕین بۆ جووتیاران و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی دەڕەخسێنێت تا بەرهەمەكانیان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ و بە نرخێكی باشتر بفرۆشن.
لە ڕێگەی دەستپێشخەری "گەشتوكاڵ"ەوە، تا ئێستا 20 پڕۆژەی گەشتوكاڵی لە سەرتاسەری كوردستاندا دامەزراون، كێڵگەی كوردستان لە هەڵەبجە، كە زیاتر لە 120 جۆر بەرهەمی كشتوكاڵی بەرهەم دەهێنێت، نموونەیەكی دیاری ئەم مۆدێلەیە.
ئەم پڕۆژانە كێڵگە كشتوكاڵییەكان دەكەنە شوێنێكی گەشتیاریی سەرنجڕاكێش كە گەشتیاران دەتوانن سەردانی بكەن، بەرهەمەكان ڕاستەوخۆ لە كێڵگەكەوە بكڕن، و زۆرجار بەشداری لە پرۆسەی چنینەوەی بەرهەمەكانیشدا بكەن.
ئەمشێوەیە داهاتی ڕاستەوخۆ بۆ جووتیاران دەبێت و ئەزموونێكی ناوازەش دەبێت بۆ گەشتیاران كە دەرفەتی ئەوەیان دەبێت لە ژیانی لادێ نزیك ببنەوە و بەرهەمی فرێش و ئۆرگانیك بەكاربهێنن و ژینگە بپارێزن.
فێستیڤاڵی بەرهەمەكان: هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەكان، حكومەت كاریكردووە لەسەر براندكردنی بەرهەمی كشتوكاڵی تایبەت بە ناوچە جیاوازەكان و گۆڕینیان بۆ بۆنەیەكی گەشتیاری. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین فێستیڤاڵی ساڵانە كە هەزاران گەشتیار بۆ لای خۆیان ڕادەكێشن:
فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە: هەناری هەڵەبجە، كە بە كوالێتی بەرز و ناوبانگی جیهانی ناسراوە، بووەتە هێمای شارەكە و بۆنەیەكی كلتووری و گەشتیارییە كە خەڵك لە هەموو شوێنێكەوە بۆی دێن.
فێستیڤاڵەكانی ترێ لە دهۆك و عەنكاوە: پارێزگای دهۆك و ناحیەی عەنكاوە بە بەرهەمهێنانی چەندین جۆری ناوازی ترێ ناسراون. ڕێكخستنی فێستیڤاڵی ساڵانەی ترێ لەم ناوچانەدا، بووەتە هۆی ناساندنی زیاتری ئەم بەرهەمە و گۆڕینی بۆ بۆنەیەكی گەشتیاریی خۆماڵی.
مەرزی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە سۆران: دامەزراندنی بازاڕی تایبەت بە بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە دەڤەری سۆران، وەك ناوەندێك كاردەكات بۆ كۆكردنەوە و فرۆشتنی بەرهەمی جووتیارانی ناوچە شاخاوییەكان، وەكو هەنگوین و گوێزە تا دەگاتە سێو و بەرهەمە سروشتییەكانی تر.
دیجیتاڵكردن، كلیلی گەیشتن بە گەشتیاری جیهانی: پڕۆژەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی (Digital Transformation) یەكێكە لە پایە سەرەكییەكانی ئەم قۆناغە، كە ئامانجی ئۆتۆماتیككردنی تەواوی خزمەتگوزارییە حكومییەكانە.
ئەم ستراتیژەی حكومەتی هەرێم كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ و بەرچاوی لەسەر كەرتی گەشتوگوزار هەبووە، بەتایبەتی لە ڕێگەی دوو دەستپێشخەریی سەرەكییەوە: پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیكترۆنی (E-Visa) و پلاتفۆرمی Visit Kurdistan.
پێشتر، پرۆسەی وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاتنە هەرێمی كوردستان پرۆسەیەكی ئاڵۆز و كاتبەر بوو، كە زۆرجار دەبووە ڕێگر لەبەردەم گەشتیارانی نێودەوڵەتی.
كاراكردنی پۆرتاڵی ڤیزای ئەلیكترۆنی (visit.gov.krd) لە ساڵی 2023دا، ئەم پرۆسەیەی بە تەواوی گۆڕی، ئێستا گەشتیاران لە زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە دەتوانن بە شێوەیەكی ئۆنلاین ڤیزە وەربگرن.
پلاتفۆرمی Visit Kurdistan: هاوتەریب لەگەڵ ئاسانكارییەكانی ڤیزا، پلاتفۆرمی Visit Kurdistan وەك ئامرازێكی سەرەكی بۆ بەبازاڕكردنی دیجیتاڵی كارا كراوە.
ئەم پلاتفۆرمە زانیاری گشتگیر لەسەر شوێنە گەشتیاری، كلتووری و مێژووییەكانی كوردستان پێشكەش دەكات و وەك دەروازەیەك بۆ ناساندنی كوردستان بە جیهان كاردەكات.
پلاتفۆرمی ڤیزت كوردستان، هاندەربووە بۆ دروستكردنی وێنەیەكی مۆدێرن و سەرنجڕاكێش بۆ كوردستان لەسەر ئاستی جیهان و لە ڕێگەی سۆشیال میدیا و كەمپەینی ئۆنلاینەوە، بە گەشتیارانی جیهان دەگات و گەشتیار دەتوانێت پێش گەشتەكەی، پلانی تەواوی سەردانەكەی دابڕێژێت.

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 36 خولەک لەمەوپێش
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەیشتە ئیمارات
- کوردستان
- 46 خولەک لەمەوپێش
نرخی بەنزین هەرزان دەبێت
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

گۆڕێکی بە کۆمەڵ لە دەڤەری برادۆست دەدۆزرێتەوە
20 کاتژمێر لەمەوپێش

پیاوێکی ڕووسی حەوت مانگە شەوانە لە پارکەکانی هەولێر دەخەوێت
20 کاتژمێر لەمەوپێش

پارێزگاری دهۆک: پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە زاخۆ پێشوازی زۆر باشی لێکراوە
2 کانوونی یەکەم

پارکی دۆستایەتی چینی میللی لە شاری هەولێر کرایەوە
2 کانوونی یەکەم

تاڤگەیەک لە دڵی سرووشتی هەورامان
2 کانوونی یەکەم
- بزنس
- 10 کاتژمێر لەمەوپێش
چاودێری دارایی عێراق لە هەولێر چی دەکات؟
- بزنس
- 23 کاتژمێر لەمەوپێش
دابەشکردنی شەش مووچەی ئیکرامییەی خانەنشینان دەستی پێ کردەوە
- بزنس
- 23 کاتژمێر لەمەوپێش
بڕی هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە زیاد دەکرێت





