ئامارێکی ترسناک لەبارەی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی غەززە بڵاو دەکرێتەوە

شەیری بکە لە:
ئامارێکی ترسناک لەبارەی کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی غەززە بڵاو دەکرێتەوە

ژیانی ڕۆژانەی دانیشتووانی غەززە. وێنە؛ AP

ئاڤا نیوز

دەزگای ناوەندیی ئاماری فەلەستین لە ڕاپۆرتێکی نوێدا هۆشداریی لە دۆخی دیمۆگرافیی کەرتی غەززە دەدات و ئاشکرای دەکات، بەهۆی جەنگی وێرانکەرەوە ژمارەی دانیشتووانی کەرتەکە بە ڕێژەیەکی زۆر  کەمی کردووە.

وێنە گەورەکە: دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە، بەهۆی سەرما و سۆڵە و نەبوونی خۆراک و پێداویستی ڕۆژانە بە پێی پێویست، دانیشتووانی کەرتەکە بە ناچاری ئاوارە دەبن.

ژمارەکان وا دەڵێن: بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەراورد بە ساڵی 2023، ژمارەی دانیشتووانی کەرتی غەززە 254 هەزار کەس کەمی کردووە، ئێستا تەنیا دوو ملیۆن و 13 هەزار کەس لە غەززە ماونەتەوە.

٠ لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 ـەوە تا کۆتایی 2025، زیاتر لە 72 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە لەنێویاندا 18 هەزار و 592 منداڵ و 12 هەزار و 400 ژن هەن، 98%ـیان دانیشتووی غەززە بوون.

٠ ژمارەی بریندارەکان گەیشتووەتە 171 هەزار و 195 کەس، هاوکات 11 هەزار کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

٠ نزیکەی دوو ملیۆن کەس لەناوخۆی کەرتەکەدا ئاوارە بوون و 100 هەزار کەسیش ناچار بوون غەززە بەرەو ناوچەی دیکە جێبهێڵن.

لەلایەکی دیکەوە: ئاژانسی ئۆنروا ڕایگەیاندووە، سەرما و بارانی زستان دۆخی ئاوارەکانی قورستر کردووە، بە جۆرێک زیان بە 92 هەزار خێمە و 17 باڵەخانە گەیشتووە، ئۆنروا هۆشداری دەدات لەوەی گەمارۆ و نەبوونی کەرەستەی پێویست، ژیانی منداڵان و بەتەمەنەکانی لەنێو خێمەی سارد و تەڕدا لە مەترسی دایە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: