عەشیرەتێک هۆکاری گۆڕانی هاوکێشە سەربازییەکانی ئەشرەفییە دەبێت

شەیری بکە لە:
عەشیرەتێک هۆکاری گۆڕانی هاوکێشە سەربازییەکانی ئەشرەفییە دەبێت

دیمەنی بۆردومانی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب.

ئاڤا نیوز

 

بەپێی سەرچاوە مەیدانییەکان، گروپێکی چەکداری سەر بە عەشیرەتی بەقارە، بە دیاریکراویش هۆزی حاجب عومەر، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە گۆڕانی هاوکێشە سەربازییەکانی نێوان سووپای عەرەبی سووریا و ئاسایشی ناوخۆی هەردوو گەڕەکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوودی کوردنشین لە شاری حەلەب.

 

چیرۆکی سەرەکی: گروپێکی چەکداری عەرەبی عەشیرەتی بەقارە، نەک هەر ئاسانکارییان بۆ چوونە ناوەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتە کاتیەکەی شەرع بۆ نێو کۆڵانە سەرەتاییەکانی گەڕەکی ئەشرەفییە ڕادەستکردنی بەشێکی زۆر لەو ناوچانەیان کردووە کە لەژێر دەسەڵاتیاندا بووە، بەڵکو چەکدارانی ئەم عەشیرەتە ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکە بەشەڕ هاتوون وەک لەکوردەواریدا دەڵێن لەپشتەوە خەنجەریان لێداون، ئەمەش فشارێکی دەروونی و سەربازی زۆری خستە سەر ئەو هێزانە.

 

زانیاری زیاتر: بڵاوبوونەوەی جوگرافی عەشیرەتی بەقارە یان بەکارە، لە پارێزگای دێرەزوورە، بەڵام لقیان لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەی وەک حەسەکە، حەلەب و ڕەققە هەیە و تەنانەت هەندێک لە تیرە و هۆزەکانی سەر بەم عەشیرەتە لە عێراق و تورکیا و ئوردن بڵاوبوونەتەوە.

 

ئەوەی پێویستە بزارێت: ئەوان بەشێکی دانەبڕاون لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی باکووری سووریا. لە ململانێکانی سوریادا، ئەم عەشیرەتە هەمیشە وەک هێزێکی یەکلاکەرەوە سەیر کراون و لایەنە جیاوازەکان هەوڵیان داوە ڕازییان بکەن.

 

ئەوەی ڕوودەدات: پێنج ڕۆژە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەر بە هەسەدە، ڕووبەڕووی چەکدارەکانی سەر بە سوپای سووریا بوونەتەوە لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب، لەکاتێکدا ئەو گەڕەکانە چەندین مانگە ئابڵووقە دراون و لە چوارلاوە هیچ هاوکارییەکیان بۆ ناچێت، بەڵام هێزەکانی سوپای سووریا بە پێشکەوتووترین چەک و درۆنی خۆکوژ و تانک و زرێپۆشی سەربازیی هێرش دەکەنە سەریان و جەنگێکی نابەرابەر لە دژی ئەو گەڕەکە کوردییانە بەڕێوە دەچێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ