مەترسی هەیە مەلا بەختیار وەک کاندیدی سەرۆککۆمار دووربخرێتەوە

شەیری بکە لە:
مەترسی هەیە مەلا بەختیار وەک کاندیدی سەرۆککۆمار دووربخرێتەوە

گرافیک - ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

کێبڕكێی بەدەستهێنانی کورسی سەرۆککۆماری عێراق، تا دێت گەرمتر دەبێت و مەترسی هەیە ناوی مەلا بەختیار لە لیستی كاندیدەکان بۆ پۆستەکە دووربخرێتەوە، کە خۆی وەکو کاندیدێکی سەربەخۆ ناوی خۆی تۆمارکردبوو، نوسینگەکەشی زانیاری نوێی بۆ ئاڤا ئاشکراکردووە.

 

چیرۆکی سەرەکی: یەكێک لە مەرجەكانی خۆكاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق، پێویستە كاندیدەکە بەلایەنی كەمەوە بڕوانامەی بەكالۆریۆسی هەبێت و باوەڕپێکراوبێت لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە، بەڵام بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی ئاڤا، مەلا بەختیار، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە لە لقی کەرکووکی زانكۆی حورەی هۆڵەندی، کێشەکە ئەوەیە زانکۆکە هێشتا خوێندنی باڵای عێراق پەسەندی نەکردووە و ناوی لە لیستی ئەو زانکۆیانە نییە کە بەفەرمی دانیان پێدا نراوە.

 

زانیاری زیاتر: ئاڤا زانیویەتی، تا ئێستا بڕیار لەبارەی چارەنووسی مەلا بەختیار نەدراوە، ئەگەرچی پەرلەمانی عێراق نووسراوی فەرمی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە بۆ پشتڕاستکردنەوەی بڕوانامەکەی.

 

لەلایەکی دیکەوە: مەلا بەختیار، ئەمڕۆ 11-1-2026 بە سەردانێک چووە بەغدا، وەک ئاڤا قسەمان لەگەڵ کرد لەبارەی هۆکاری سەردانەکەی و کێشەی بڕوانامەکەی و وتی: چوومەتە بەغدا تا لەسەر بابەتی سەرۆککۆمار و ئەم دۆخەی ئەگوزەرێ لە نزیکەوە ئاگاداربم، لەگەڵ لایەنەکان کۆدەبمەوە و داوای پشتیوانیان لێ دەکەم، بەتایبەت لەگەڵ لایەنە کوردییەکان.

 

سەبارەت بە بڕوانامەکەی مەلا بەختیار وتی: جارێ نامەوێ لەمبارەیەوە هیچ قسەیەک بکەم، بەڵام نووسینگەی ڕۆژنامەوانی ناوبراو بە ئاڤای ڕاگەیاند، بڕوانامەکەی باوەڕپێکراوە و هیچ کێشەیەکی نییە.

 

زانیاری زیاتر: لە ئەگەری دەرچوونی بڕیاری دوورخستنەوەی مەلا بەختیار، ئەوا ناتوانێت لە دادگای فیدڕاڵی عێراق تانە لە بڕیارەکە بدات، چونکە ئەم بابەتە بە یاسا ڕێکخراوە، لە دەستووردا هیچ مەرجێک دانەنراوە کە کاندیدی سەرۆککۆمار پێویستە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت، بەڵام لە ماددەی 69 دەڵێت خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆککۆمار بەپێی یاسا رێکدەخرێت.

 

باکگراوند: ساڵی 2012 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق یاسایەکی بۆ کاروباری خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار و دەسەڵاتەکانی پەسەندکرد، یاساکە دەڵێت: پێویستە کاندید بڕوانامەی زانکۆیی (بەکالۆرسیۆس و بەرزتر) هەبێت لە یەكێك لەو زانكۆیانەی كە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقەوە دانی پێدانراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ