عێراق هاوردەی مریشک لە دەرەوەی وڵات قەدەغە دەکات و کێڵگەکانی کوردستان دەبنە شوێنگرەوە

شەیری بکە لە:
عێراق هاوردەی مریشک لە دەرەوەی وڵات قەدەغە دەکات و کێڵگەکانی کوردستان دەبنە شوێنگرەوە

وێنەی مریشکی سپی و نەخشەی عێراق

ئاڤا نیوز

حکومەتی عێراق بڕیاری دا لە 15ـی ئەم مانگەوە هاوردەکردنی مریشک لە دەرەوەی وڵات بە تەواوی قەدەغە بکات؛ لەمەودوا بە شێوەیەکی فەرمی پشت بە بەرهەمی کێڵگە پەلەوەرییەکانی هەرێمی کوردستان دەبەسترێت بۆ دابینکردنی پێداویستیی بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

وێنە گەورەکە: 
هەرێمی کوردستان لە "بەکارهێنەر"ەوە گۆڕاوە بۆ "بەرهەمهێنەرێکی گەورە"؛ لە سایەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی کشتوکاڵ، بەرهەمی ساڵانەی گۆشتی مریشک گەیشتووەتە 300 هەزار تۆن. ئەم بڕە دوو هێندەی پێداویستیی ناوخۆی کوردستانە (کە 150 هەزار تۆنە)، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینی بۆ کوردستان ڕەخساندووە تاوەکو ببێتە سەبەتەی خۆراکی تەواوی عێراق.

چیرۆکی سەرەکی: لە ماوەی ڕابردوو و ئێستاشدا، مریشکی زیندوو لە هەرێمی کوردستانەوە بە شێوەیەکی نافەرمی ڕەوانەی عێراق دەکرێت و لە بازگەکاندا ڕووبەڕووی چەند ئاستەنگێک دەبنەوە. هەر بارهەڵگرێک کە نزیکەی پێنج هەزار مریشکی زیندووی هەڵگرتووە، نزیکەی دوو ملیۆن دیناری لێ وەردەگیرێت. حکومەتی عێراق بڕیاری داوە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە هاوردەکردنی مریشک لە دەرەوەی وڵات قەدەغە بکات، بەمەش عێراق پشت بە بەرهەمی مریشکی هەرێمی کوردستان دەبەستێت.

لێدوانی فەرمی: فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم بە ئاڤای ڕاگەیاند: "لەمەودوا عێراق پشت بە مریشکی هەرێمی کوردستان دەبەستێت. بەرهەمەکان بە شێوەیەکی فەرمی هەناردە دەکرێن و هیچ بڕە پارەیەک لە بازگەکان وەرناگیرێت. لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە گفتوگۆداین تاوەکو میکانیزمێک دابنێین کە هەناردەکردنەکە نەبێتە هۆی گرانبوونی نرخی مریشک لە بازاڕەکانی ناوخۆی هەرێم."

زانیاریی زیاتر: لە هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار کێڵگەی پەلەوەریی مۆڵەتپێدراو هەن. ئەم بڕیارە نوێیەی بەغدا نەک هەر بازاڕی ئەو کێڵگانە گەورەتر دەکات، بەڵکو هاندەرێکی بەهێزیش دەبێت بۆ وەبەرهێنەران تاوەکو پڕۆژەی نوێ لە کەرتی پەلەوەردا دابمەزرێنن، کە ئەمەش هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ