بەندەرەکانی عێراق چۆڵ دەبن؛ مەترسیی داڕمانی داهاتە نانەوتییەکان لە ئارادایە

شەیری بکە لە:
بەندەرەکانی عێراق چۆڵ دەبن؛ مەترسیی داڕمانی داهاتە نانەوتییەکان لە ئارادایە

ژمارەیەک کەشتی بارهەڵگر لەکاتی گەیشتنیان بە بەندەرەکانی عێراق

ئاڤا نیوز

بەهۆی ڕێکارە داراییە نوێیەکانی حکومەت و جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسکۆدا" بەبێ ئامادەکاریی ژێرخان، جووڵەی بازرگانی لە بەندەرەکانی عێراق بەتەواوی پەککەوتووە و داهاتی گومرگی بەرەو داڕمان دەچێت.

لێدوانی فەرمی:
نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری بەئاڤا میدیای ڕایگەیاند: بڕیاری تەعریفەی گومرگی و پەیڕەوکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی ئەسکۆدا لە عێراق، لە ڕووی یاسایی و ئابوورییەوە بڕیاری دروستن، چونکە پشت بە بەهای کاڵاکان دەبەستن نەک قەبارەکەیان، بەڵام بەهۆی کەمیی پێداویستییەکان و ئامادەنەبوونی ژێرخانی بەندەرەکان بۆ ئەم سیستەمە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە لەسەر زەوی ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە.

مەرسوومی ئاماژەی بەوەکرد، زۆربەی کەشتییە بازرگانییەکان ڕێڕەوەکانیان بەرەو دەروازەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا گۆڕیوە، ئەم گۆڕانکارییەش زیانێکی گەورەی بە داهاتە گومرگییەکانی حکومەتی ناوەندی گەیاندووە.

زانیاریی زیاتر: 
ئەم شارەزا ئابوورییە هۆشداری لە بەردەوامبوونی ئەم دۆخەدا، کە نەک تەنیا داهاتی نانەوتی کەمدەکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی پەککەوتنی جووڵەی کاڵا لە بازاڕەکاندا، کە لە کۆتاییدا زیانی دووسەرە بە حکومەت و هاووڵاتییان و بازاڕی ناوخۆیی دەگەیەنێت، هەروەها باسی لەوە کرد کە دروستکردنی بازگەی نوێ لە نەینەوا و دیالە و کەرکووک بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو کاڵایانەی لە هەرێمی کوردستانەوە داخلی عێراق دەبن، چارەسەرێکی کاریگەری نابێت.

لەلایەکی دیکەوە: ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان عێراق داوایان کردووە بۆ تاوتوێکردنی کاریگەرییەکانی سەپاندنی باج و ڕەسمی گومرگی لەسەر بژێوی هاووڵاتییان و دڵنیابوونەوە لەوەی تا چەند ئەم ڕێکارانە لەگەڵ دەستوور و پرەنسیپی دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا دەگونجێن، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و تەیف سامی، وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان بکرێن. 

زانیاریی زیاتر: سیستەمی ASYCUDA (ئەسکۆدا) سیستمێکی جیهانییە بۆ بەڕێوەبردنی گومرگ کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەرەی پێدراوە، عێراق دەیەوێت لە ڕێگەیەوە گەندەڵی کەم بکاتەوە، بەڵام جێبەجێکردنە "خاو و بێبەرنامەکەی" لە باشوور، جووڵەی گەورەترین بەندەرەکانی عێراقی پەکخستووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ