سەرۆک بارزانی لەبارەی گرژییەکان پەیامێک ئاراستەی دیمەشق و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

شەیری بکە لە:
سەرۆک بارزانی لەبارەی گرژییەکان پەیامێک ئاراستەی دیمەشق و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات

وێنەیەکی سەرۆک بارزانی

ئاڤا نیوز

سەرۆک بارزانی داوا دەکات بە زووترین كات شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییەکانی نێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕابگیرێن و  هەموو لایەك بگەڕێنەوە بۆ ئەو ڕێككەوتنانەی پێشووتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەستراون.
 
وێنە گەورەکە: ئیدارەی خۆسەر چەکهەڵگرتنی گشتیی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای پێشڕەوییە بەردەوامەکانی سوپای عەرەبیی سووریا و چەکدارانی سەر بە دیمەشق شەڕ لە سنووری حەلەب و دێرەزوور و ڕەقە بە درێژایی ڕۆژئاوای فورات، شەڕڤانانی هەسەدەش بە تووندی بەرپەرچیان دەدەنەوە.
 
ڕاگەیێنراوی فەرمی: سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاو کردەوە و تیایدا هاتووە: سەبارەت بە دوایین پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی سووریا و لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، دوێنێ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی گرنگمان لەگەڵ نێردەی تایبەتی سەرۆك ترەمپ بۆ كاروباری سووریا و فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و سەرۆكی ئەنەكەسە هەبوو.
 
- هیوادارین بە زووترین كات ئەو شەڕ و ئاڵۆزی و گرژییانە ڕابگیرێن كە ئێستا لەنێوان هێزەكانی حكوومەتی سووریا و هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ئارادایە و هەموو لایەك بۆ ئەو ڕێككەوتنانە بگەڕێنەوە كە پێشتر بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و گەییشتن بە سەقامگیری لەنێوان لایەنەكانی سووریا بەستراون.
 
- دەرچوونی مەرسوومی سەرۆكی سووریا لەبارەی مافەكانی كورد بە هەنگاوێكی ئیجابی و ئاراستەی دروست دەزانین و هیوادارین ببێتە زەمینەیەك بۆ ئەوەی بە ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەوڵەمەند بکرێت و بە شێوەیەکی یاسایی و دەستووری، گەرەنتی مافەكانی گەلی كوردی لەسەر بنیات بنرێت.
 
لەلایەکی دیکەوە: ئەمڕۆ یەکشەممە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، قسەیان کردووە لەبارەی ڕاگرتنی شەڕ.
 
باکگراوند: ڕۆژی شەممە 17ی كانوونی دووەمی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعود بارزانی میوانداریی كۆبوونەوەیەكی گرنگی كرد لەنێوان باڵیۆز تۆماس باراك، نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا و ویندی گرین، كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژەنراڵ كێڤن لامبارت، فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە سووریا و كۆڵۆنێڵ زاكاریا كۆرك و ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محەممەد ئیسماعیل، سەرۆكی ئەنەكەسە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ