موسەننا ئەمین: بە ڕێککەوتنی پارتی و یەکێتیش لەسەر کاندیدێک من ناکشێمەوە

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

د. موسەننا ئەمین، کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق ڕەتیدەکاتەوە بکشێتەوە، تەنانەت ئەگەر پارتی و یەكێتیش لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێککەون. دەشڵێت، پێش ئازاکردنی شاسوار عەبدولواحید، نەوەی نوێ بەڵێنی دابوو دەنگ بەمن بدەن.

چیرۆکی سەرەکی: بڕیارە سبەی سێشەممە هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە پەرلەمان بکرێت، بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار 19 کاندید کێبڕکێ دەکەن، کە بەگوێرەی عورفی سیاسیی پاش ساڵی 2003، ئەم پۆستە وەک پشکی کورد جێگیر کراوە، د.موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق یەکێکە لە کاندیدەکان.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: نەوزاد هادی، کاندیدی پارتی بۆ پۆستەکە بە فەرمی کشانەوەی خۆی ڕاگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمانی عێراق هیچ لێدوانێکی لەسەر نەداوە و ناوی لە لیستی کاندیدەکان دەرنەهێناوە.

لێدوانی فەرمی: د. موسەننا ئەمین، کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە نان و چای ئاڤا بەشداری کرد و گوتی، "سوورین لەسەر کاندیدبوونمان، بۆچوونێکی بەهێز هەیە، پاڵپشتی کەسی سێیەم بکرێت لە دەرەوەی کاندیدی پارتی و یەکێتی."

ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت ئەگەر پارتی و یەکێتیش لەسەر کاندیدێکی هاوبەش ڕێککەون، ناکشێمەوە و لە کێبڕکێیەکە دەمێنمەوە."

زانیاریی زیاتر: لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا د. موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ زۆربەی ئەو فراکسیۆنانەی کاندیدیان نییە، قسەی کردووە و داوای دەنگی لێکردوون، وتیشی، "پێش ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید نەوەی نوێ بەڵێنیان دا دەنگ بە من بدەن، بەڵام دوای ڕێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی قسەم لەگەڵ نەکردوون، ڕەنگە دەنگ بە کاندیدی یەكێتی بدەن."

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: