عێراق هەزاران چەکداری داعش دادگایی دەکات

شەیری بکە لە:
عێراق هەزاران چەکداری داعش دادگایی دەکات

سەربازانی سوپای عێراق لەسەر سنوور جێگیربوون

ئاڤا نیوز

بەغدا ئامادەکاریی بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەیەکی فراوانی دادگاییکردنی ئەو چەکدارانەی داعش دەکات کە لە سووریاوە دەگوازرێنەوە بۆ عێراق، ئەوەش دوای تەواوبوونی وردبینییە ئەمنییەکان.

لێدوانی فەرمی: فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند: دادگاییکردنی زیندانییان بەپێی یاساکانی عێراق و بە پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی بێلایەنیی و پاکیی ڕێکارەکان.

زانیاریی زیاتر: حکومەتی عێراق پلانێکی تۆکمەی بۆ پۆلێنکردنی زیندانییەکان داڕشتووە کە بەسەر دوو گرووپدا دابەش دەبن؛ گرووپی یەکەم ئەو کەسانەن کە ڕاستەوخۆ دەستیان لە شەڕ و پشتگیریکردنی داعشدا هەبووە، ئەمانە ڕووبەڕووی دادگا دەبنەوە و بەپێی قورسیی تاوانەکانیان سزا دەدرێن.

٠ گرووپی دووەم ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەنها ئەندامی خێزانەکان بوون و دەستیان لە خوێنڕشتندا نەبووە، کە هەوڵ دەدرێت بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتە ڕەسەنەکانی خۆیان. گەورەترین ئاڵێنگاریی لەبەردەم ئەم پڕۆسەیەدا دۆسیەی چەکدارە بیانییەکانە، بەتایبەت ئەوروپییەکان، چونکە هێشتا بۆشاییەکی یاسایی هەیە لەبارەی چۆنیەتیی دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی خاکی عێراق تاوانیان ئەنجامداوە، ئەمەش پێویستیی بە هەماهەنگیی چڕی دیپلۆماسیی و یاسایی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا هەیە.

باکگراوند: ئەم چەکدارانە لە ساڵی 2019ـەوە و دوای تێكشکانی داعش لە باغۆز، لەلایەن هەسەدەوە لە زیندانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر کرابوون. بەهۆی گۆڕانکارییە سەربازییەکانی ئەم دواییەی سووریا و لەژێر فشاری ئەمریکا، بڕیاردرا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەڵاتنیان، ڕادەستی عێراق بکرێنەوە تاوەکو چارەنووسیان بە شێوەیەکی یاسایی یەکلایی بکرێتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ