لە مەرزی كێلێ شۆفێرێک 17 کەس لەناو بەفر ڕزگار دەکات

شەیری بکە لە:
لە مەرزی كێلێ شۆفێرێک 17 کەس لەناو بەفر ڕزگار دەکات

دیمەنی ڕزگارکردنی ئەو شۆفێرانە

ئاڤا نیوز

شەوی ڕابردوو لە سنووری قەزای پشدەر سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، کاروان جوونەید، ئەنجوومەنی گوندی دارەشمانە، بە شۆفڵەکەی خۆی 17 شۆفێری بارهەڵگری لەناو بەفر و سەرما ڕزگار کرد، کە لەکاتی گەڕانەوەیان لە ئێرانەوە لە ڕێگای مەرزی کێلێ بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە گیریان خواردبوو.

چیرۆکی سەرەکی: ئەو شۆفێرانە دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان پەکیدەکەوێت، پەیوەندی بە کاروان جوونەیدەوە دەکەن کە گوندەکەیان دەکەوێتە سەر ڕێگای مەرزەکە. ئەویش دەستبەجێ بە دەمی شۆفڵەکەی بەهانایانەوە دەچێت. بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە، بەهۆی سەختی دۆخەکەوە 9 کەسیانی لەناو دەمی شۆفڵەکە و ئەوانی دیکەشی لەناو کابینەکە هەڵگرتووە.

لێدوانی فەرمی: کاروان جوونەید بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: "خۆشبەختانە توانیم لەناو تەم و بەفرێکی زۆر و کەشوهەوایەکی سارددا ئەو 17 کەسە ڕزگاربکەم و بە سەلامەتی بیانگەیەنمەوە ناو کەسوکارییان". شۆفێرەکان بە گرتنی وێنەی سێڵفی دڵخۆشی خۆیان بە ڕزگاربوونیان دەربڕیوە.

زانیاریی زیاتر: ئەمە یەکەمجار نییە ئەو هاونیشتمانییە کاری لەو جۆرە دەکات؛ بە قسەی خۆی لە سەرەتای وەرزی سەرماوسۆڵەی ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 100 گەشتیار و شۆفێر و چەندین ئۆتۆمبێلی دیکەی لەنێو بەفردا ڕزگار کردووە و بەردەوامیشە لەم کارە خۆبەخشییە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ