نەمسا لەچک لە منداڵانی موسڵمانان قەدەغە دەکات و ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە
- ڕاپۆرت
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش

قوتابیەکی باڵاپۆش لە یەکێک لە خوێندنگەکانی نەمسا.
ئاڤا نیوز
پەرلەمانی نەمسا بە زۆرینەیەکی دەنگ بڕیارێکی پەسەندکرد بۆ قەدەغەکردنی لەچک لە قوتابخانەکان بۆ ئەو کچانەی تەمەنیان لە خوار 14 ساڵەوەیە، ئەوەش ناڕەزایی ڕەوەندی موسڵمانانی لێکەوتەوە و لە ڤیەننای پایتەخت خۆپیشاندان سازکرا.
چیرۆکی سەرەکی: بڕیارە لەم مانگەوە ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت کە لە 11/11/2025 هەموارکرایەوە لە پەرلەمانی نەمسا و چیتر ڕێگە نادرێت لە خوێندنگەکاندا منداڵی خوار تەمەن 14 ساڵان سەرپۆش لەسەر بکەن، بە پێچەوانەوە ئیدارەی قوتابخانەکە لەگەڵ کچەکە و دایک و باوکی کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن، ئەگەر کچەکە بەردەوام بوو لە باڵاپۆشی، پێویستە دایک و باوک پەیوەندی بە دەسەڵاتی پەیوەندیدار بە قوتابخانەوە بکەن، لە کۆتاییدا وەکو تاوان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بڕی غەرامەی تا 800 یۆرۆ (931 دۆلار) بۆ ئەم تاوانە دەستنیشان دەکرێت.
لێدوانی فەرمی: کلاودیا بلاکهۆڵم، وەزیری یەکگرتن و پێکەوەبوون لە نەمسا، وتارێکدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی، ئەو هەنگاوەی بە هەنگاوێکی مێژوویی بۆ پاراستنی کچان وەسف کرد.
بلاکهۆڵم، ئەندامی پارتی موحافیزکاری گەلی نەمسا دەڵێت: سەرپۆش و باڵاپۆشبوون پارچە قوماشێکی بێ زیان نییە، بەڵکو "هێمای ستەمکارییە" و نابێت هیچ کچێک لە نەمسا بەو باوەڕە گەورە بکرێت کە دەبێت جەستەی بشاردرێتەوە.
کاردانەوە: ئەم بڕیارەی پەرلەمانی نەمسا، ناڕەزایی بەشێک لە گروپەکانی مافی مرۆڤ و گرووپە موسڵمانەکان و شارەزایانی بە دوای خۆیدا هێناوە و ئەوان دەڵێن ئەمە جیاکارییە و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکاتەوە و سەدان کەس لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی یاساکە خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.
لێدوانی خۆپیشاندەر: مارلێن مێلچەر، خانمێکی موسڵمان کە خەڵکی نەمسایە و باڵاپۆشە و بەشداریی خۆپیشاندانەکەی کردووە، وتی: "زۆر شۆک بووم، بڕیارەکە بە جۆرێک دەمترسێنێت کە دەڵێم کە تەنانەت ئێستاش، لە ژیانی ڕۆژانەدا جیاکاریمان لەگەڵ دەکرێت و بڕیاری پێشوەختە لەسەر ئەو کەسانەی دەدرێت کە سەرپۆش لەسەر دەکەن. کاتێک بوومە باڵا پۆش، لێیان پرسیم: 'ناچاریان کردوویت؟' بۆیە دەبێت بۆیان ڕوون بکەمەوە کە ناچار نەکراوم، ئەمەش ڕەوا نییە".
زانیاری زیاتر: خۆپیشاندەران دەڵێن پێش دەرچوونی ئەم یاسایەش بە چاوی جیاکارییەوە سەیری کچە باڵاپۆشەکان کراوە و ماف و ئازادییەکانیان پێشێلکراوە، ئێستا یاساکە ئەم پێشێلکارییانە دەکاتە شتێکی یاسایی و گوشارێکی زیاتر بۆ سەر موسوڵمانان دروست دەکات.
مەلیکە ماتایڤا، ژنێکی دیکەی موسڵمان بوو کە بەشداریی خۆپیشاندانەکەی کردبوو، دەیوت: "ئەمە لەخۆڕا و لە هیچەوە نەهاتووە، چونکە ئەم کچانە، بەتایبەتی ئەوانەی لە قوتابخانەکاندان، ساڵانێکە ڕووبەڕووی جیاکاری و ڕەفتاری ڕەگەزپەرستانە بوونەتەوە. ئەمەش تەنیا هەنگاوێکی دیکەیە کە وامان لێ دەکات بڵێین: ئیتر بەسە، چونکە تەنانەت یاساکان و ئازادییە گەرەنتی کراوەکانیش ڕێزیان لێ ناگیرێت، ئەمەش ڕێک ئەو شتەیە کە ئێمە داوای دەکەین."
باکگراوند: جێبەجێکردنی ئەم یاسایە لە نەمسا، نزیکەی 12 هەزار کچە قوتابیی خوار 14 ساڵ دەگرێتەوە کە لەچک لەسەر دەکەن و دووچاری گرفتی یاساییان دەکاتەوە.

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 58 خولەک لەمەوپێش
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مارکۆ ڕۆبیۆ کۆبوونەوە









