
ئاڤا نیوز - ڕاپۆرت
دوای چەند ساڵێک لە کێشە و ململانێ لەسەر زەوییەکی بازرگانی لە نێوان چەند وەبەرهێنەرێک، دوێنێ شەڕەتەقەی تێکەوت و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، لە بەدواداچوونێکدا ئاڤا نیوز هۆکار و ڕیشەی کێشەکە ئاشکرا دەکات.
چیرۆکی سەرەکی: ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە گەڕەکی هەولێری نوێ لەسەر پارچە زەوییەک کە دەکەوێتە سەر شەقامی 120 مەتری، شەڕەتەقە لە نێوان دوو وەبەرهێنەر دروست بوو، بەهۆیەوە سێ کەس کوژران و پێنج کەسیش بریندار بوون.
هۆکارە زانراوەکان: سەرەتای چیرۆکەکە بۆ ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە، کۆمپانیایەک بە ناوی (هـ.س) 48 هەزار مەتر زەوی لە شارەوانی وەرگرتووە و بڕیار بووە بە هاوبەشی لەگەڵ یەکێتیی مامۆستایان بیکاتە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون و بە قیستی درێژخایەن بە مامۆستایان بدرێت، تەنانەت دیزاین و رێکلامیشی بۆ کرا و بەشێوەیەکی سەرەتایی دەست بە کارکردنیش کرا، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەیتوانیوە دروستی بکات.
زانیاریی زیاتر: ساڵی 2020 لەلایەن حکومەتەوە زەوییەکە لە کۆمپانیای (هـ.س) وەرگیراوەتەوە و دراوەتە چوار وەبەرهێنەری دیکە، ئەوکاتیش شەڕەتەقە لە نێوان خاوەنی یەکەمی زەوییەکە (هـ.ک) و یەکێک لە وەبەرهێنەران دروست بووە، بەڵام کۆچکردوو د.فرسەت سۆفی، پارێزگاری ئەوکاتی هەولێر کێشەکەی چارەسەر کردووە.
چارەسەرەکان: وا ڕێککەوتوون لەلایەن ئەو چوار وەبەرهێنەرەوە بڕی چوار ملیۆن و نیو دۆلار وەکو قەرەبوو بدرێتە کۆمپانیاکە، زەوییەکە بەمشێوەیە دابەش کراوە:
1 - وەبەرهێنەرێک 18 هەزار مەتری وەرگرتووە، کردوویەتییە کۆمپانیایەکی ئینتەرنێت و هیچ بڕە پارەیەکی نەداوە.
2 - وەبەرهێنەرێک 10 هەزار مەتری وەرگرتووە، پرۆژەی نیشتەجێبوونی لەسەر دروست کردووە و بایی یەک ملیۆن دۆلار شووقەی داوەتە (هـ.ک).
3 - وەبەرهێنەرێکی دیکە بەهەمانشێوە 10 هەزار مەتری وەرگرتووە، ئەویش پرۆژەی نیشتەجێبوونی لەسەر دروست کردووە و بایی یەک ملیۆن دۆلار شووقەی داوەتە (هـ.ک).
4 - وەبەرهێنەرێکی دیکەش بڕی 10 هەزار مەتری وەرگرتووە و بڕیار بووە بیکاتە قوتابخانەیەکی تایبەتی دوو نهۆمی، بەڵام ئەمیان ڕازی نەبووە بڕی یەک ملیۆن دۆلار بداتە (هـ.ک).
سەرهەڵدانەوەی کێشەکە: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وەبەرهێنەری چوارەم دەستی بە کارکردن کردووە بۆ دروستکردنی قوتابخانەکە، (هـ.ک) خاوەنی کۆمپانیای (هـ.س) کاتێک هەواڵەکەی پێگەیشتووە، ئاگاداری کردووەتە و هۆشداری پێداوە ئەگەر ملیۆن دۆلارەکە نەدات ڕێگەی پێنادات.
چی ڕوویدا: دوێنێ ئێوارە کاتێک بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، بووەتە دەمەقاڵێ و هەڕەشەکردن، وەبەرهێنەرەکە لەگەڵ چەند کەسێک لەسەر زەوییەکە بووە و چەکیان پێبووە، (هـ.ک)یش لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە بە چەند ئۆتۆمبێلێکەوە کە ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕیشیان پێبووە دەچنە سەر زەوییەکە، بێ ئەوەی بزانن لایەنی یەکەم بۆسەی بۆ داناونەتەوە، وەک لە ڤیدیۆکان دەردەکەوێت کە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراونەتەوە، لەگەڵ گەیشتنیان و دابەزینیان لە ئۆتۆمبێل دەستڕێژی گوللەیان لێدەکرێت، ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە.
زیانە سەرەکییەکان: بەهۆی دەستڕێژییەکەوە سێ کەس بە ناوەکانی (هـ.ک) خاوەنی یەکەمی زەوییەکە و (شـ.ک)ـی برای کوژراون، کەسێکیش لە لایەنی تەقەکارەکانەوە کوژراوە بەڵام ئەندامی تیمی خۆیان بووە، بە دەستڕیژی خۆیان کوژراوە نەوەک بە دەستڕێژی لایەنی دووەم، پێنج کەسیش لە هەردوولا بریندارن.
لێدوانی فەرمی: موقەدەم ئەردەلان، گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە ئاڤا نیوزی گوت، لەسەر ڕووداوەکە چەند کەسێک دەستگیرکراون، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 25 خولەک لەمەوپێش
یەکەم کوردی ئێزدی دەبێتە ئەفسەر لە سوپای ئەمریکا
- کوردستان
- 45 خولەک لەمەوپێش
لە 75% کارەکانی دووسایدی کەسنەزان - گۆمەسپان تەواو بووە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

براندی ئۆتۆمبێلی سەرۆکی چین دەهێنرێتە کوردستان
16 کاتژمێر لەمەوپێش

کۆمپانیایەکی نەرویجی ڕۆبۆتێک تایبەت بە کاروباری ماڵەوە دروست دەکات
17 کاتژمێر لەمەوپێش

ماڵدیڤ جگەرەکێشان لە خوار تەمەنی 18 ساڵییەوە قەدەغە دەكات
23 کاتژمێر لەمەوپێش

ڕۆژانە هەزاران دار لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەچێنرێت
1 تشرینی دووەم

چاکسازیی بانکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان: ئاییندەیەک لە نێوان چەکوش و سندان و پرسیارە چارەنووسسازەکان
1 تشرینی دووەم
- هەواڵ
- 25 خولەک لەمەوپێش
نێچیرڤان بارزانی: ناوچەگەرێتی لای پارتی شوێنی نابێتەوە و ڕەتی دەکەینەوە
- کوردستان
- 25 خولەک لەمەوپێش
یەکەم کوردی ئێزدی دەبێتە ئەفسەر لە سوپای ئەمریکا
- کوردستان
- 45 خولەک لەمەوپێش
لە 75% کارەکانی دووسایدی کەسنەزان - گۆمەسپان تەواو بووە
- کوردستان
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
مەسرور بارزانی پشتگیریی دارایی یانەی نەورۆز دەکات
- کوردستان
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
چاڵێنجە یەک ملیۆنییەکەی پارتی دەبرێتە سلێمانی
- هەواڵ
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
پارتی لە شەقڵاوە کەرنەڤاڵێکی جەماوەری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدات





