داعشەکانی خۆراسان کێن و كێشەیان لەگەڵ پووتین چییە؟

شەیری بکە لە:
داعشەکانی خۆراسان کێن و  كێشەیان لەگەڵ پووتین چییە؟

وێنەی هێرشەكەی مۆسكۆ- AFP

ئاڤا نیوز 

 

هێرش بۆ سەر هۆڵێكی ئاهەنگ گێڕانی مۆسكۆ چەندین پرسیار و گومانی درووستكردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی لقی داعشی خۆراسان بەرپرسیارێتی هێرشەكەی ڕاگەیاند.


چیرۆکی سەرەکی: دوێنی هەینی چەند کەسێک بە جلووبەرگی سەربازییەوە، بەر لە دەستپێکردنی کۆنسێرتێک  چوونە ناو  هۆڵی کۆنسێرتی کرۆکوس و نارنجۆک و بۆمبی سووتێنەریان هەڵدایە نێو خەڵکەکە.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: لقی داعشی خۆراسان، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕاگەیاند كە بەهۆیەوە تائێستا 115 كەس كوژراون و زیاتر لە 100 كەسیش برینداربوون.


لە لایەکی دیکەوە: باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕووسیا لە هەشتی ئادار هۆشداری بە مۆسکۆ داوە، کە "توندڕەوەکان" پلانی نزیکیان هەیە بۆ دەستپێکردنی هێرش لە مۆسکۆ، ئەمەش دوای چەند کاتژمێرێک لەوەی دەزگا ئەمنییەکانی ڕووسیا کە پلانێکیان داعشیان  پووچەڵ کردووەتەوە بۆ تەقەکردن لە کەنیسەیەکی جووەكان.


داعشەکانی خۆراسان کێن؟


خۆراسان زاراوەیەکی کۆنە دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەیەک کە سەردەمانێک بەشێک لە ئێران و تورکمانستان و ئەفغانستان بووە.


لقی داعشی خۆراسان لە کۆتاییەکانی ساڵی 2014 دا دەرکەوتووە، مێژوویەکی لە هێرشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی ئەفغانستاندا هەیە.


 لە سێپتەمبەری 2022 بەرپرسیاریەتی هەوڵێکی خۆکوژی لە باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە کابووڵ لە ئەستۆ گرت.


ئەم گرووپە بەرپرسیار بووە لە هێرشێک بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ لە ساڵی 2021 کە بووە هۆی کوژرانی 13 سەربازی ئەمریکی و دەیان هاووڵاتی.

 

بۆچی هێرشی کردە سەر ڕووسیا ؟


شارەزایان دەڵێن، داعشەکانی خۆراسان ساڵانێکە دژایەتی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا دەکەن، کۆلین کلارک، لە سەنتەری سۆڤان، دەڵێت: "داعش لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەرنجی خۆی لەسەر ڕووسیا چڕکردووەتەوە و زۆرجاریش لە بانگەشەکانیدا ڕەخنەی لە پووتین گرتووە". 


مایکل کوگلمان، لە سەنتەری ویڵسن کە بنکەکەی لە واشنتنە، گوتی: "داعش، ڕووسیا بە هاوبەشی ئەو چالاکییانە دەبینێت کە بەردەوام  مەترسی لەسەر لە موسوڵمانان درووست دەکەن".


پووتین ڕێڕەوی شەڕی ناوخۆی سووریای گۆڕی کاتێک لە ساڵی 2015 پاڵپشتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریای دژی ئۆپۆزسیۆن و داعش کرد ، داعش نزیکەی یەک لەسەر سێی سوریا و 40%ی عێراقی کۆنترۆڵکرد، بەڵام  لە کۆتایی ساڵی 2017 دا %95 لەدەستدابوو. کوگلمان وا دەڵێت.


یەکەم هێرشی تیرۆریستی نییە بۆ سەر ڕووسیا


ئەمە نوێترین "هێرشی تیرۆریستییە" لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا،  وڵاتەکە لە سەرەتای ساڵانی 2000 لە کاتی شەڕی ڕووسیا لەگەڵ جوداخوازان لە چیچان، بووە ئامانجی زنجیرەیەک هێرشی تیرۆریستی کوشندە.


لە ئۆکتۆبەری 2002، چەکدارانی سەر بە چیچان 800 کەسیان لەشانۆیەکی مۆسکۆ وەک بارمتە گرت، کە 129 یان کوژران.


لە ئەیلوولی 2004، چیچانییەکان هێرشیان کردە سەر قوتابخانەیەک و سەدان کەس کە نیوەیان منداڵ بوون وەک بارمتە دەستبەسەرکران.


لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2015 بۆمبێکی چێنراو تەقییەوە کە لەلایەن داعشەوە لە ناو فڕۆکەیەکی ڕووسیدا دانرابوو، فڕۆکەکە لە ئاسمانی سینا لە میسر کەوتە خوارەوە و سەرجەم سەرنشینەکانی ناو فڕۆکەکە 224 کەس بوون و زۆربەیان ڕووسی بوون گیانیان لەدەستدا.


لە خولی داهاتووی پووتین چاوەڕوانی چی دەکرێت؟


نووسەر ڕایلی ستیوارت دەنووسێت "بڕیارە حوکمڕانی سەرۆکی ڕووسیا شەش ساڵی دیکە بەردەوام بێت، بەڵام وڵاتەکە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە، لەوانە کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان و لەشکرکێشییەکی وێرانکەر بۆ سەر ئۆکراینا و زیادبوونی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان