هەولێر و بەغدا لەبارەی مووچە نەگەیشتنە ڕێککەوتن و بەغدا پلانی نوێی هەیە
- بزنس
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش

گرافیکی پرسی مووچە
ئاڤا نیوز
دانوستانەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق سەبارەت بە پرسی مووچە و داهاتەکان جارێکی دیکە تووشی شکست بوون، ئەمەش دوای ئەوەی لیژنە هاوبەشەکان نەیانتوانی لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا بگەنە هیچ ڕێککەوتنێک. هەرچەندە هەردوولا یەکتر خەتابار دەکەن، بەڵام حکومەتی کوردستان ئامادەیی خۆی بۆ پابەندبوون بە ڕێککەوتنی پێشوو نیشان داوە، بەغداش ڕازی نییە و پلانی نوێی هەیە.
چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ دوایین وادە بوو بۆ چوا لیژنەی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا تا ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیان لەبارەی پرسی نەوت، داهاتی ناوخۆ، بودجە و میکانیزمی بە بانکیکردنی مووچە ئامادە بکەن. بڕیار بوو ڕاپۆرتەکان پێشکەش بە لیژنەی باڵای وەزاریی بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی بکرێن و دواتر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریان لەسەر بدرێت.
زانیاریی بەدەستهاتوو: لیژنەکان بە دەستی بەتاڵ و بێ هیچ ئەنجامێک کارەکانیان ڕاگرتووە و هیچ ڕێککەوتنێکی نوێ واژۆ نەکراوە. هەردوو لا یەکتری بە پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکان تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی هیوای ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ ئەم هەفتەیە نەمێنێت.
لێدوانی فەرمی: بەرپرسێکی کورد لە حکومەتی عێراق بە ئاڤای ڕاگەیاند: "چارەسەری کێشەکە پێویستی بە دەستوەردان و گوشاری سیاسیی ئاستی باڵا هەیە، ئەگەرنا بەغدا جارێکی دیکەش کێشە بۆ ناردنی مووچە دروست دەکاتەوە."
زانیاریی پەیامنێر: ئەو بەرپرسە بۆ دەروون مەلا ناجی، پەیامنێری ئاڤا لە بەغدا ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی بەشێکی ڕێککەوتنەکە؛ بە شێوەیەک کە 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ تەرخان بکات و هاوکات دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتیش بکاتەوە بەو بڕەی کە لە توانایدا هەیە، جا چ 150 هەزار بەرمیل بێت یان کەمتر و زیاتر، ئەم هەڵوێستە بە واتای پابەندبوونی کوردستانە بە ڕێککەوتنەکەی مانگی پێنج.
لە بەرامبەرا فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدا دەڵێت: ئێمە وەکو حکومەتی کوردستان پابەندین بە ڕێککەوتنەکە و هەر شتێک پێویست بووبێت کردوومانە.
لەگەڵ ئەوەشدا، دیدگایەکی نوێ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هاتووەتە ئاراوە. بەغدا دەیەوێت هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەست بکات، تاوەکو خۆی لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە و بە نرخی بازاڕ بیفرۆشێت. بەم شێوەیە، بەغدا مانگانە نزیکەی 637 ملیار و نیو لە فرۆشی نەوتی کوردستان دەست دەکەوێت. ئەگەر 120 ملیار دینارەکەی داهاتی ناوخۆشی بچێتە سەر، کۆی داهاتەکە دەگاتە 757 ملیار و نیو . پاشان بەغدا دەیەوێت نزیکەی 100 ملیار دینار بخاتە سەر ئەو پارەیە و ئینجا وەک شایستەی مووچە ڕەوانەی هەرێمی کوردستانی بکاتەوە.
جگە لەمە، ناکۆکییەکی دیکە لەسەر داهاتە نانەوتییەکان لە ئارادایە. وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پێی وایە کە دەبێت 50%ـی داهاتی گومرگ و خاڵە سنوورییەکان ڕادەستی بەغدا بکرێت، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی عێراق پێداگری لەسەر وەرگرتنی 50%ـی کۆی گشتیی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێم دەکات.
لەلایەکی دیکەوە: حکومەتی عێراق بڕیاری دابوو لیژنەیەکی دیوانی چاودێریی دارایی خۆی ڕەوانەی هەرێم بکات بۆ وردبینی لە سەرجەم داهات و خەرجییەکان، بەبێ بوونی لە ڕێککەوتنی پێشوودا، بەڵام وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئامادە نەبووە پێشوازییان لێ بکات و پێیان ڕاگەیاندووە کە بەهۆی نەناردنی مووچەی دوو مانگی ڕابردوو، هیچ پاساوێک بۆ وردبینی لە ئێستادا نییە. دواتر کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لیژنەکە ڕاپۆرتێکیان بۆ سوودانی بەرز کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەیان بەوە داوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکار و هەماهەنگ نییە.
گۆشەیەکی دیکەی دیمەنەکە: ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەمموزی ڕەوانەی بەغدا کرد، ئاڤا زانیویەتی دەمێکە وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی مووچەی مانگی حەوتی کردووە بۆ وردبینی، بەڵام ئەو کاتە وەزارەتی دارایی کوردستان دوایخستووە، سەرەنجام ئەمڕۆ کە سێ ڕۆژ لە مانگی هەشت تێپەڕیووە ڕەوانە کرا.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- عێراق
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی دووپات دەکاتەوە
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
دوای 15 ساڵ دابڕان، ئەساڵە نەسری دەگەڕێتەوە سووریا
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
دوای 15 ساڵ دابڕان، ئەساڵە نەسری دەگەڕێتەوە سووریا
1 کاتژمێر لەمەوپێش
لە پاکستانەوە بۆ سلێمانی؛ چیرۆکی گەڕانەوەی گەنجێک بۆ نیشتمانی باوکی
2 کاتژمێر لەمەوپێش
لە هەولێر ماڵێک بۆ حەیرانبێژان کرایەوە
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سەفین یاسین: وا دەكەین یانەی هەولێر لەڕووی داراییەوە پشت بەخۆی ببەستێت
4 کاتژمێر لەمەوپێش
تێچووی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی تێسلا بە كارەبای پرۆژەی ڕووناكی ئاشکرا دەکرێت
4 کاتژمێر لەمەوپێش
- بزنس
- 11 کاتژمێر لەمەوپێش
تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حەوت ئامادە دەکرێت
- بزنس
- 14 کاتژمێر لەمەوپێش
هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی چینیی بۆ عێراق 75% زیاد دەکات
- بزنس
- 14 کاتژمێر لەمەوپێش
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دابەزی