ئاڤا مەرجی کوردستان بۆ پێدانی نەوت بە بەغدا و سازشێکی کۆمپانیاکانی نەوت ئاشکرا دەکات
- بزنس
- 17 ئەیلوول

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان
ئاڤا نیوز
حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی لەسەر پێدانی نەوت بە حکومەتی عێراق دەربڕی، بەڵام بە مەرجی گەرەنتیکردنی ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە. چاوەڕوان دەکرێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێککەوتننامەیەکی سێقۆڵی لەنێوان هەولێر و بەغدا و کۆمپانیا نەوتییەکان گەڵاڵە بکرێت و کێشەی مووچە بەیەکجاری چارەسەر بکرێت.
چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، کۆبووەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەند بابەتێک کرد، لەوانە دوایین پێشهاتەکانی دۆسیەی نەوت، بابەتی داهاتە نانەوتییەکان و مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی کوردستان.
مەرجی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لە بەرامبەر ڕادەستکردنی نەوت، حکومەتی عێراق گەرەنتی نووسراو بدات کە مووچە زامن بکرێت و چیتر لە داهاتوودا بیانووی نوێ بۆ نەناردنی مووچە نەدۆزرێتەوە. واتە، دوای ڕادەستکردنی نەوت، لە سەرەتای هەر مانگێکدا مووچە بنێردرێت. ئەمە پێشهاتێکی ئەرێنی نوێیە، بەتایبەت کە کێشەی نەوت زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە بووەتە بەربەستی سەرەکی بەردەم ناردنی مووچە.
لێدوانی فەرمی: مەسرور بارزانی دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی خۆی بە زیادەوە بەرامبەر بەغدا جێبەجێ کردووە و هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی کێشە و ئاستەنگەکان. گوتیشی: "نابێت چیتر ئەم بابەتانە ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچە."
زانیاریی زیاتر: لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشنیازی هەولێر و بەغدا لەبارەی نەوت خرایەڕوو، کە پێشتر لە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان پەسەند کرابوو و دوێنێش ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندی کرد. بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە نوێیە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆ دەگێڕێتەوە و تەواوی بڕەکەی تر دەدات بە کۆمپانیای سۆمۆ.
ئەم قۆناغە ئێستا لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە و دانوستانەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەوە بینیوە و چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا ڕێککەوتننامەکە گەڵاڵە بکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە تا کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی، ئامادەن نەوت ڕادەستی بەغدا بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، وەزیری سامانە سرووشتییەکان و شاندی دانوستانکار ڕاسپێردراون ڕێکاری پێویست بگرنەبەر، لە بەرامبەردا پێویستە حکومەتی فیدراڵ پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بکات.
لەلایەکی دیکەوە: پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاڤای ڕاگەیاند کە بەرەوپێشچوونی باش هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان و ئێستا کۆمپانیاکان نەرمییان نواندووە و سازشیان لەسەر یەکێک لە مەرجەکانیان کردووە. پێشتر کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی نێودەوڵەتییان دەکرد بۆ پێدانی ماف و شایستەکانیان، بەڵام ئێستا ڕازی بوونە لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
هەورامانی ئاماژەی بەوەشدا کە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ڕۆژانە گەیشتووەتە 233 هەزار بەرمیل.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 36 خولەک لەمەوپێش
وەزارەتی پەروەردەی کوردستان پلاتفۆڕمێکی نوێ ڕادەگەیێنێت
- کوردستان
- 51 خولەک لەمەوپێش
کارکردن لە پڕۆژەی ڕێڕەوی ژیان دەستیپێکرد
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

كۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانی نەمر ئەزموونی جیاوازی وانەوتنەوە پەیڕەو دەکات
13 کاتژمێر لەمەوپێش

بە سپۆنسەری ئاڤا میدیا یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ وەرزش و لەشجوانی دەکرێتەوە
4 تشرینی دووەم

مامە ڤاندام: داوا دەکەم خەڵک دەنگ بەو لایەنە بدات کە خزمەتی خەڵکی کوردستان دەکات
3 تشرینی دووەم

عێراق لە پلەکانی کۆتایی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد دێت
3 تشرینی دووەم

خواردنی مۆز و کیوی ڕێژەی پۆتاسیۆمی لەش بەرز دەکەنەوە
2 تشرینی دووەم





