هەموو ئەوەی دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا دەبێت بیزانیت

شەیری بکە لە:
هەموو ئەوەی دەربارەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەلی سووریا دەبێت بیزانیت

هەڵبژاردنی سووریا

ئاڤا نیوز

بۆ یەکەمجار لە ماوەی شەش دەیەدا، گەلی سووریا مافی هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان لە ئەنجوومەنی گەلدا دەبێت، بەڵام هەڵبژاردن لەو ناوچانە ناکرێت کە دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە' و پارێزگای سوەیدای درووز نشین.

وێنە گەورەکە
: ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی سووریا دەستیانپێکردووە، ىڕیارە سبەی 2025-10-5، یەکەم پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی گەل لە سووریا بکرێت. ژمارەی کورسییەکانیش 210 کورسی دەبێت، 70 ئەندامیان لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دیاری دەکرێن

لێدوانی فەرمی: محەممەد وەلید، ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردەنەکانی سووریا، بە "جەزیرە"ی قەتەری ڕایگەیاند، لیژنە لاوەکییەکان کار لەسەر پێکهێنانی دەستەی دەنگدەران دەکەن کە گوزارشت لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سووریا بکات.

چاودێری نێودەوڵەتی و پرۆسەیەکی نوێ

لیژنەی باڵای هەڵبژاردن دەرگای بەڕووی چاودێری نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا کردووەتەوە، ئەمەش بۆ "شەفافیەت و بێلایەنی زیاتر" و دڵنیایی دان لە "هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێلایەن".

پێکهاتەی ئەنجوومەن و ڕۆڵی پسپۆڕان

بەپێی فەرمانی سەرۆکایەتی، 70%ی دەستەی دەنگدەران لە کەسانی پسپۆڕ و 30%یش لە کەسایەتییە دیارەکان پێکدێن. لیژنەکە وردبینی لە لیستە سەرەتاییەکانی 50 بازنەی هەڵبژاردن لە 11 پارێزگا دەکات. ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بە فەرمانی ژمارە 66ی ساڵی 2025 بڕیاری پێکهێنانی "لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی گەلی"دا، بە پشتبەستن بە ماددەی 24ی جاڕنامەی دەستووری. ماوەی ئەندامێتی ئەنجوومەنەکە 30 مانگ دەبێت و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.

ئەرکەکانی ئەنجوومەن و چاکسازی یاسایی

ئەم ئەنجوومەنە ئەرکەکانی وەک پێشنیازکردن و پەسەندکردنی یاساکان، هەموارکردن یان هەڵوەشاندنەوەی یاسا کۆنەکان، پەسەندکردنی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، پەسەندکردنی بودجەی گشتی و لێبووردنی گشتی لە ئەستۆ دەگرێت.

بە گوتەی محەممەد وەلید، سووریا لە قۆناغێکی گواستنەوەدایە و نەبوونی دەسەڵاتی یاسادانان ڕێگر بووە لە چاکسازی یاسایی. ئەنجوومەنی داهاتوو چاوەڕوان دەکرێت "شۆڕشێکی یاسادانان" ئەنجام بدات بۆ چارەسەرکردنی یاساکانی سیستەمی پێشوو کە بۆ بەرژەوەندی تەسک دانرابوون. بۆ ئەمەش، 70%ی ئەندامان لە پسپۆڕان دەبن بۆ دڵنیابوون لە کارایی یاسادانان.

ناچاری واقیعی و قۆناغی گواستنەوە

سەرکردایەتی سووریا لە سەرەتای "ڕزگاریدا" پشتی بە ناچاری واقیعی و شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەست. دوای کۆنفرانسی "ڕاگەیاندنی سەرکەوتن" و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی پێشوو، کۆنفرانسی گفتوگۆی نیشتمانی بووە هۆی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی جاڕنامەی دەستووری. بەپێی جاڕنامەکە، دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی گەل لە ڕێگەی دەستەی دەنگدەرانەوە هەڵدەبژێردرێن، بە پێچەوانەی ڕابردوو کە سەرۆککۆمار دایدەنان.

شێوازی هەڵبژاردن و قۆناغەکان

ئەنجوومەنی نوێ لە 210 ئەندام پێکدێت، 140یان لە ڕێگەی لیژنە لاوەکییەکان و دەستەی دەنگدەرانەوە هەڵدەبژێردرێن. ئەمەش پێویستی بە نزیکەی 17 مەرج هەیە لە ئەندامانی لیژنەکاندا، وەک شارەزایی، نەبوونی ناکۆکی و هەڵبژاردن بە "دابەشکاری کۆمەڵایەتی". پاشان، لە قۆناغی دووەمدا، هەڵبژاردنی ئازاد و ڕاستەوخۆ و نهێنی لەناو هەر بازنەیەکدا بەڕێوەدەچێت. لیژنەی باڵا سەرپەرشتی دەکات و سەندیکای پارێزەران و شاندە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی چاودێری دەبینن.

کێشە و ئاڵنگارییەکان

وەلید سیستەمی ئێستای بە "نموونەیەکی سووریای ناوازە و ناڕاستەوخۆ" ناوبرد، کە وەڵامێکە بۆ قۆناغی گواستنەوە بەهۆی بوونی 8 ملیۆن پەنابەر و ئاوارە، کێشەی بەڵگەنامە و نەبوونی داتابەیسێکی تەواوی دەنگدەران. هەندێک ناوچە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتن، بۆیە هەڵبژاردنەکان لە سوەیدا، حەسەکە و ڕەققە دواتر ئەنجام دەدرێن. گەڕانەوەی هەندێک ناوچەی حەسەکە و ڕەققە بۆ کۆنترۆڵی حکومەت بووە هۆی پێکهێنانی لیژنە تێیاندا.

بەگوتەی ئەندامی لیژنەکە، ئامانجی ئەم هەنگاوانە دامەزراندنی دەسەڵاتێکی یاسادانانە کە شەرعیەتی لە گەلەوە وەربگرێت و یاساکان لە میراتی سیستەمی پێشوو ڕزگار بکات. جەختی لەوەش کردەوە ئەنجوومەنە نوێیەکە سەروەری گەلی سووریایە و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت دەستوەردان لە ئەرکەکانیدا بکات.

سەربەخۆیی ئەنجوومەن و داهاتووی دەستووری

بەپێی جاڕنامەی دەستووری کاتی، هیچ ئەندامێک ناتوانرێت لەکار لاببرێت تەنیا بە ڕەزامەندی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەن، ئەمەش سەربەخۆیی تەواوی ئەنجوومەن مسۆگەر دەکات. ماوەی ئەندامێتی ئەنجوومەنی گەل 30 مانگ دەبێت و دەکرێت نوێ بکرێتەوە.

وەلید ئەمەی بە بەشێک لە قۆناغێکی گواستنەوەی 4 ساڵە ناوبرد. ئەنجوومەن ڕۆڵێکی دامەزرێنەر دەبینێت لە ڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئامادەکردنی دەستوورێکی هەمیشەیی کە "پێویستە بخرێتە ڕاپرسی گشتییەوە کاتێک بارودۆخی ئاسایش و جێگیری دەستەبەر دەبێت". دوای پەسەندکردنی، هەڵبژاردنە پەرلەمانی و خۆجێیی و سەرۆکایەتییەکان بە شێوەیەکی "ئازاد و بێلایەن و ڕاستەوخۆ" ئەنجام دەدرێن.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ