سوودانی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەیەک دا؛ ئاڤا وادەی ناردنی پارە ئاشکرا دەکات

شەیری بکە لە:

گرافیک ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز


سوودانی ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی کوردستان دا. بەرپرسێکی باڵای عێراق پێشبینی دەکات لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو تاوەکو کۆتایی هەفتە پارە بنێردرێت.

چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەسەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی كۆبووەوە، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا باسی پرسی مووچە نەكرا. دواتر سێ وەزیری کورد تایبەت بە مووچە لەگەڵ سوودانی کۆبوونەوە. وەزیرەکان د.فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، د.خالید شوانی، وەزیری داد بوون.

لێدوانە فەرمییەکان: لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە بەپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە ئەرێنی بووە، بۆچوون و هەڵوێستی سوودانی باش بوو، ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت دەربڕیوە، بەڵام کاتەکەی دیاری نەکراوە.

لە کۆبووبوونەوەکەدا وەزیرانی کورد داوای خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆیان بەیەکەوە کردووە، بەڵام سوودانی گوتوویەتی "ناتوانم و شتی وامان پێناکرێت، بەڵام هەوڵ دەدەین پێش هەڵبژاردن مووچەی هەردوو مانگ بنێرین".

ئەوەی پێشبینی دەکرێت: لەبارەی وادەی ناردنی پارە بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی عێراق پێشبینی دەکات لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو تاوەکو کۆتایی هەفتە پارە بنێردرێت. باسی ئەوەشی کرد حکومەتی عێراق کێشەی پارەی نەختینەی هەیە و ئێستا پارەی لەبەردەست نییە، بۆیە ناردنی پارە دوادەکەوێت.

زانیاریی پەیامنێر؛ دەروون مەلا ناجی، پەیامنێری ئاڤا لە بەغدا دەڵێت، سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ بنێرن، ئینجا لە ڕۆژانی داهاتوودا بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشت دەدەم.


گۆشەیەکی دیکە: لە کۆبوونەوەکەدا باسی داهاتی نانەوتی کوردستان کراوە و میزان مراجەعەی مانگی هەشتی وەزارەتی دارایی کوردستان خراوەتەڕوو، کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە داهاتی نانەوتی مانگی هەشت 281 ملیار دینارە، وەزیرانی کورد داوایان کردووە 120 ملیار دینارەکە کەم بکرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی 161 ملیار دینار بۆ حکومەتی کوردستان دەمێنێتەوە و ئەمەش بەشی خەرجییەکانی حکومەت ناکات.


لە وەڵامدا سوودانی گوتوویەتی: "ئێمە وا ڕێککەوتبووین داهاتی نانەوتی سەدا 50 بە 50 بێت، کەچی ئێستا 120 دەنێرن و 161 ملیار دینار بۆخۆتانە، واتا سەدا 57.29 بۆ کوردستانە، سەدا 42.61 بۆ عێراقە، لە بەرامبەر ئەوەشدا ئێمە بودجەی وەبەرهێنان خەرج ناکەین و قەرز و کورتهێنانمان زۆرە".

د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان دوێنێ بە ئاڤای گوت: 240 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی مانگەکانی هەشت و نۆیان لەبەردەستە و کێشەیان نییە، هەر کاتێک بەغدا ڕەزامەندی لەسەر ناردنی مووچە بدات دەینێرن، بەغدا مووچەیەک بنێرێت 120 ملیار دینار دەنێرن، دوو مووچە بنێرێت 240 ملیار دینار دەنێرن.

لەلایەکی دیکە: لەبارەی نامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان کە داوای لە سوودانی کردبوو بۆچوونی ئەنجوومەنی دەوڵەت بە بنەما وەرنەگیرێت بۆ دیاریکردنی پشکی بەغدا لە داهاتی نانەوتی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی لەسەر کراوە، سوودانی  بڕیاری داوە شاندەکانی دانوستانکاری هەولێر و بەغدا جارێکی دیکە دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە لەسەر، بەو ئامانجەی بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.

بەگوتەی بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی عێراق بۆ ئاڤا، سوودانی و وەزیرانی کورد ڕەزامەند بوون لەسەر ناردنی مانگانە 120 ملیار دینار  تاوەکو ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر دەکرێت.

لەبارەی داهاتی ناوخۆ، دوێنی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان ڕایگەیاند، 240 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆی مانگەکانی هەشت و نۆیان لەبەردەستە و کێشەیان نییە، هەر کاتێک بەغدا ڕەزامەندی لەسەر ناردنی مووچە بدات دەینێرن، بەغدا مووچەیەک بنێرێت 120 ملیار دینار دەنێرن، دوو مووچە بنێرێت 240 ملیار دینار دەنێرن.


بە تەنیشت ئەم بابەتەوە: لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە ئاڤای گوت: " پارە هەیە و کێشەمان نییە، هەر کاتێک بڕیاری خەرجکردنمان بەدەست گەیشت بە نیو کاتژمێر پارە بۆ بانکەکانی بەشدار لە هەژماری من دەنێرین، تەنیا دوو کاتژمێریش کات پێویستە تاوەکو بانکەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک دێن پارە بە کاش وەربگرن".

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ