ئایا عێراق دەتوانێت هاوپەیمانێتی ئێران و سووریا زیندوو بکاتەوە؟
- ڕاپۆرت
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش

هەرسێ ئاڵای عێراق و ئێران و سووریا. گرافیک؛ ئاڤا میدیا
ئاڤا نیوز
عێراق ئەمڕۆ لە ناوەڕاستی گۆڕانکارییەکی گەورەی ناوچەییدایە و هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکاندا. وڵاتەکە، وەک نێوەندگیرێک، دەستی داوەتە جموجۆڵی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ نزیککردنەوەی لایەنەکان، بەتایبەتی لە دۆسیەی ساردیی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سووریا. لەکاتێکدا هەوڵدەدرێت پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان ڕێکبخرێنەوە، عێراق خۆی لەبەردەم ئاڵنگاریی ناوخۆیی و دەرەکیدا دەبینێتەوە.
وێنە گەورەکە: ئەمڕۆ ناوچەکە بە قۆناغێکی نوێی سیاسی و ئەمنیدا تێدەپەڕێت کە پێشتر وێنەی نەبووە. بەرژەوەندیی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە تارانەوە بۆ دیمەشق و بەغدا تێکەڵ بوون. دوای کەمبوونەوەی شەڕ و پێکدادانە سەربازییەکان لە سووریا و هاتنە ئارای ڕژێمێکی نوێ، پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سووریا دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە هاوپەیمانییەکی نزیکی سەربازی، ڕووبەڕووی قۆناغێکی "ساردی ستراتیژی" بووەتەوە.
ئەوەی ئێستا ڕوودەدات: لەناو ئەم دۆخە ئاڵۆزەدا، عێراق وەک بەرپرسانی ئێستای حکومەتەکەی دەڵێن، هەوڵ دەدات ڕۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت. عێراق دەیەوێت لە پشت پەردەوە کار بۆ نزیکبوونەوەیەکی نوێ بکات لە نێوان دوو هاوپەیمانی کۆن کە ئێستا ڕێگاکانیان لێک جیا بووەتەوە، بە سوودوەرگرتن لە پێگە جوگرافییەکەی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران.
چی ڕوویدا: شەڕی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، کە بەبێ براوەیەکی ڕوون کۆتایی هات، کاریگەریی سیاسی و ئابووریی قووڵی بەجێهێشت، هاوسەنگیی هاوپەیمانییەکان لە ناوچەکەدا وردە وردە گۆڕانی بەسەردا هات. ئەو شەڕە کورتە لاوازیی هێڵی دەسەڵاتی ئێرانی لە سووریا و لوبنان دەرخست و تارانی ناچار کرد جارێکی تر پێشەنگایەتی ستراتیژییەکانی خۆی ڕێک بخاتەوە.
لەهەمان کاتدا: لەگەڵ هاتنە سەرکاری حکومەتێکی نوێی سووریا کە چەندین کەسایەتی لەخۆ گرتبوو کە لەگەڵ ئێراندا ناکۆکی کۆنیان هەبوو، تاران خۆی لەبەردەم دۆخێکی جیاوازدا بینییەوە کە ناچاری دەکرد بەدوای ڕێگای هێمندا بگەڕێت بۆ گێڕانەوەی کاریگەریی خۆی بەبێ ئەوەی لەبەرامبەر نەیارەکانی بە شکستخواردوو یان پاشەکشەکەر دەربکەوێت.
جموجۆڵ و هەوڵە نهێنییەکانی عێراق
سەرچاوە سیاسییە عێراقییەکان بە "ئاڤا"یان ڕاگەیاند، چەند مانگێکە جموجۆڵێک کە بە نهێنی هێشتراوەتەوە لە نێوان بەغدا و دیمەشقدا هەیە، بە نێوەندگیرییەکی بێدەنگی ئێران.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شاندی فەرمی عێراقی، لەوانە بەرپرسان لە دەزگای هەواڵگری و وەزارەتی دەرەوە، بە نهێنی سەردانی دیمەشقیان کردووە. لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی سووریا کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیان دەربارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تاران کردووە.
ئەم دیدارانە کە بە فەرمی ڕانەگەیێنراون، دوای خولێکی چڕ و پڕی پەیوەندییەکانی سوریا و ڕووسیا هاتنە ئاراوە، کە جیاوازیی دیدگای دیمەشق و تاران سەبارەت بە سروشتی هەژموونی ئێران لە قۆناغی داهاتوودا ئاشکرا کرد.
بەپێی هەمان سەرچاوەکان، "ئێران داوای لە بەغدا کردووە نێوەندگیری بکات بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا، بە ئامانجی گێڕانەوەی بوونی فەرمی خۆی لە سووریا و دڵنیابوون لە بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی کە لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا چەسپابوون."
بەگوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە پڕۆسەی نێوەندگیرییەکە "بەغدا دوو ڕۆڵ دەگێڕێت، لەلایەک سەبارەت بە هەڵوێستەکانی سووریا بەرامبەر بە ئاشتەوایی ڕاپۆرت پێشکەش بە تاران دەکات، هاوکات پێشنیازی کردەیی پێشکەش بە دیمەشق دەکات کە دەستوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران سنووردار دەکات لە بەرامبەر هاریکاری ئابووری و ئەمنی وردە وردە".
نێوەندگیری لە پشت پەردەوە
خەلیفە ئەلتەمیمی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، "بەغدا خاوەنی توانای نێوەندگیرییە لە نێوان تاران و دیمەشق، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا توانای بەڕێوەبردنی پرسە هەستیارەکانی ناوچەکەی نیشاندا".
بە گوتەی ئەلتەمیمی "عێراق پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ دەسەڵاتی حاکم لە سووریا هەیە، ئەمەش لە ڕێگەی کۆبوونەوە بەردەوامەکانی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری کە چەندین جار سەردانی دیمەشقی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەندین دۆسیەی سیاسی و ئەمنی."
ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەکان دەشڵێت: "بەغدا دەتوانێت بۆچوونەکان لە نێوان تاران و دیمەشق نزیک بکاتەوە گەر ویستێکی ڕاستەقینە هەبێت، بەڵام ڕەنگە ئێران ئێستا هەر هەنگاوێک دوابخات بۆ خۆپاراستن لە شەرمەزاریی ناوخۆیی لەبەردەم باڵە تووندڕەوەکانی کە هێشتا بە گومانەوە سەیری حکومەتی نوێی سووریا دەکەن."
ئەلتەمیمی جەختی لەوە کردەوە کە "هەر نزیکبوونەوەیەکی ئەگەری بڕیارێکی سۆزداری نابێت، بەڵکو هەنگاوێکی ستراتیژی دەبێت کە پێویستی بە حیساباتی ورد و پشکنینی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا هەیە. بەڵام پێیوایە چەقبەستوویی نێوان هەردوو پایتەختەکە زۆر ناخایەنێت، چونکە زمانی بەرژەوەندی هاوبەش لە کۆتاییدا دەتوانێت بەستەڵەکی سیاسییەکەی نێوانیان بشکێنێت."
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
عێراق 19 هەزار کەس لە کەمپی هۆل دەگەڕێنێتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
پێنتاگۆن ڕەخنە لە فیلمێکی نێتفلێکس دەگرێت: توانای بەرگریی ئەمریکاتان لاواز نیشانداوە
3 کاتژمێر لەمەوپێش

فیدراسیۆنی شەترەنجی ئاسیا بارزانیی نەمر وەك كەسایەتیی ساڵ لە ئاسیا هەڵدەبژێرێت
7 کاتژمێر لەمەوپێش

شارەزایەکی کەشناسی: پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە
10 کاتژمێر لەمەوپێش

هەژدەیەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقام لە مەریوان دەستپێدەکات
11 کاتژمێر لەمەوپێش

ئەمریکا و چین نزیکن لە ڕێککەوتن
14 کاتژمێر لەمەوپێش
- ڕاپۆرت
- 16 تشرینی یەکەم
چیرۆکی ونبوونی 8 ملیۆن دەنگدەر لە عێراق






