عێراق دەیەوێت بە کۆنکرێت ڕێگە لە تیرۆر و ماددەی هۆشبەر بگرێت

شەیری بکە لە:
عێراق دەیەوێت بە کۆنکرێت ڕێگە لە تیرۆر و ماددەی هۆشبەر بگرێت

دیواری کۆنکریتی نێوان عێراق و سووریا

ئاڤا نیوز

 

عێراق ستراتیژێکی نوێی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی سنوورەکانی لەگەڵ سووریا، بە دروستکردنی دیواری کۆنکرێتیی درێژ و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو، لە پێناوی نەهێشتنی مەترسیی دزەکردنی چەکدارانی داعش و جموجوڵی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لەو سنوورانەوە.

 

وێنە گەورەکە: عێراق لە کاتێکدا دیواری کۆنکرێتی بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسییە ئەمنییە دەرەکییەکان دروست دەکات، هێشتا ڕووبەڕووی مەترسییەکانی ناوخۆیی وەک بێکاری، گەندەڵی و پەراوێزخستن نەبووەتەوە، هەمیشە مەترسییەکانی دووبارە دەرکەوتنەوەی تووندوتیژی و پێکدادان زیندوو دەکەنەوە. ستراتیژیی پاراستنی فیزیکی سنوورەکان، بەبێ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، تەنیا بەشێکە لە چارەسەرەکە.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: عێراق و سووریا سنووری نێوانیان بە نزیکەی 600 کیلۆمەترە، هەروەها سنووری عێراق – ئوردن زیاتر لە 180 کیلۆمەتر دەبێت، هەر بۆیە پێویستی بە توانایەکی بەهێز هەیە بۆ پاراستنی ئەو ڕووبەرە فراوانە و سنوورە دوور و درێژە، بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی سووریا لە کانوونی یەکەمی 2024 و ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، عێراق زنجیرەیەک ڕێوشوێنی ئەمنی بە ئامانجی پاراستنی سنوورەکەی لەگەڵ سووریا گرتووەتەبەر.

 

لێدوانی فەرمی: یاسر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، پێیوایە پاراستنی ئەو سنوورە لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراقدا لە پێشینەی پێداویستییەکانی دیکەیە. ئەمەش بەتایبەت لەو ناوچانەی کە بەهۆی سروشتەکەیەوە ئاڵۆزن.

 

پلانەکە: عێراق ستراتیژێکی سێ لایەنەی گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی سنوورەکانی، کە ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت: دیواری کۆنکرێتی (کە لە ساڵی 2022 دەستیپێکردووە و سەدان کیلۆمەتری تەواو کردووە، بەرزییەکەی لە 3 بۆ 4 مەتر دەبێت و بە تەواوکەری خەندەق و پەرژین و تاوەرەکانی چاودێری دادەنرێت)، کامێرای زیرەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هێڵی بەرگریی زەمینی و هەوڵی هەواڵگری.

 

کاریگەرییەکانی داعش لە سووریا و مەترسیی کەمپەکان
لە لایەنی سووریاوە، داعش ئێستا شارەکانی بە دەستەوە نەماوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ناوچە بیابانەکانی دێرەزوور و ڕەققە و حومس و حەلەب چالاکن. ئەم ناوچە جوگرافیایە کە زۆر سەختە بۆ کۆنترۆڵکردن، بووەتە پەناگەیەکی باش بۆ داعش بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی خۆی.

 

لەگەڵ ئەمانەشدا، کەمپەکانی و زیندانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەتایبەت کەمپی هۆل، بوونەتە "بۆمبێکی تەوقیتکراو". هەزاران ژن و پیاو و منداڵ کە گومانی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە، ماوەیەکی زۆرە چارەنووسیان نادیارە، ئەمەش مەترسی دروستکردنەوەی چەکداری نوێ زیاد دەکات. عێراق هەزاران هاووڵاتیی خۆی لەو کەمپانە گەڕاندووەتەوە، بەڵام پرسی دەیان هەزار کەسی دیکە کە لەوێ ماونەتەوە، هێشتا وەڵامی نییە.

 

لاوازی ناوخۆیی عێراق: مەترسییە شاراوەکان
بەربڵاوترین سیناریۆ بۆ گەڕانەوەی داعش لە عێراقدا، لە لاوازی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە دەستپێدەکات، نەک لە لاوازی دیوارەکە. داعش لە قۆناغی یەکەمیدا بەهۆی هەستی نائومێدکردنی خەڵک و پەراوێزخستنی هاووڵاتیانەوە چووەتە نێو شارەکانی عێراق.

 

ئێستاش دوای نزیکەی 10 ساڵ، هەندێک لەو هۆکارانە هێشتا ماون، وەک بێکاریی لە پارێزگا ئازادکراوەکان، دۆسییەکانی قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی دواکەوتوون، ئاوارەیی درێژخایەن، گەندەڵی لە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان و جیاکاریی لەسەر بنەمای تائیفی و ناوچەگەرێتیی.

 

ئەگەر ئەم هۆکارانە چارەسەر نەکرێن، دەتوانن زەمینەیەکی نوێ بۆ داعش فەراهەم بکەن، سەرەڕای بوونی دیواری کۆنکرێتی. دیوارەکە ڕێگری لە چەکدارە بیانییەکان دەکات، بەڵام ڕێگری لە دروستبوونی چەکداری ناوخۆیی ناکات لە گوندە پەراوێزخراوەکان یان کەمپی ئاوارەکان.

 

ئایندەی سنوورە فیزیکی و کۆمەڵایەتییەکان
دیواری کۆنکریتی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە بۆ پرسی گەڕانەوەی داعش ناداتەوە، بەڵکو چوارچێوەیەکی نوێ بۆ شێوازی پرسیارەکە دابین دەکات. سنوورەکان دەتوانن گەڕانەوەی داعش بۆ عێراق دوابخەن و توانای جووڵەیان کەم بکەنەوە. لە بەرامبەردا، جێهێشتنی سووریا بە کەمپ و زیندان و بیابانە پەرشوبڵاوەکانیەوە، بەبێ چارەسەرێکی سیاسیی سەقامگیر و بەبێ چارەسەری جدی بۆ دۆسییەکانی دەستبەسەرکردن و نۆژەنکردنەوە، بە سادەیی کێشەکە بۆ کاتێکی نادیار دوادەخات.

 

عێراق ناتوانێت زۆرتر چاوەڕێی بڕیاری پایتەختە گەورەکان بکات دەربارەی داهاتووی سووریا، بۆیە وادیارە بڕیاری یەکلایەنەی خۆیداوە کە پەرژینێکی کۆنکریتی لەسەر سنووری ڕۆژئاوای وڵات دابنێت و بە بەهێزترین سیستمی چاودێریی و لەڕیی تیمی سەربازیی راهێنراوەوە بیپارێزێت، بەڵام لە ساڵانی داهاتوو ئەوە دەردەکەوێت زەمینەسازیی گروپە تونڕەوەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ناو شارەکان تا چ ئاستێک هەڵتەکێنراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ