مەزڵووم عەبدی بەسەرۆکایەتی شاندێکی سەربازی دەچێتە دیمەشق

شەیری بکە لە:
مەزڵووم عەبدی بەسەرۆکایەتی شاندێکی سەربازی دەچێتە دیمەشق

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)

ئاڤا نیوز

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرۆکایەتی شاندێکی سەربازیی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەچێتە دیمەشق، سەرکردەیەکی ڕۆژئاوای کوردستانیش بە ئاڤای ڕاگەیاند، لەم سەردانەدا تەنیا هەنگاوەکانی تایبەت بە دۆسیەی تێکەڵبوونەوەی سەربازیی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا باس دەکرێت.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: 25ـی ئەم مانگە فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی سووریا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ تێکەڵبوونەوەی هێزە سەربازییەکان، ئەویش بەجۆرێک بەرژەوەندی گشتیی تێیدا ڕەچاو دەکرێت.

لێدوانی فەرمی: ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) بە ئاڤای ڕاگەیاند، "شاندەکە مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە سەرۆکایەتی دەکات و دەچێتە دیمەشق، ئەم شاندە دۆسیەی سەربازیی و تێکەڵبوونەوەی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا تاوتوێ دەکات و ئومێد زۆرە کە دەرئەنجامی باشی هەبێت"، لە هەنگاوی دواتریشدا پرسی تێکەڵکردنەوەی دامەزراوە مەدەنییەکان لەگەڵ حکومەتی سووریا تاوتوێ دەکرێن.

لەبارەی ڕۆڵی ئەمریکا و هاوپەیمانانیش لە دانوستانەکانی ئەمجارە، ساڵح موسلیم وتی، دانوستانەکانی ئەمجارەش بە چاودێری ئەمریکا و هاوپەیمانان بەڕێوەدەچن.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بەگوێرەی زانیارییەکان شاندەکە جگە لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان لە ئیدارەی خۆسەر و چەند بەرپرسێکی دیکەی سەربازیی و مەدەنی ئیدارەی خۆسەر تیایدا بەشدارن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لەم کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەسەر ناکۆکییەکان دەکرێت کە لەبارەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئادار هاتوونە تەئاراوە، چاوەڕێش دەکرێت لەم کۆبوونەوەیەدا وردەکارییەکانی تێکەڵبوونەوەی 90 هەزار ئەندامی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ پەسەند بکرێن، بەتایبەتی کە پێشتریش هەردوولا ڕێککەوتبوون هەسەدە بکرێتە سێ فیرقەی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا، ئەوانیش لە ڕەققە، دێرەزوور و حەسەکە جێگر دەبن.

لەلایەکی دیکەوە: سەرچاوەیەک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بە ئاڤای ڕاگەیاند، بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە مەزڵووم عەبدی ئەم سەردانە ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەوا سەردانەکەی دواخستووە و ئەگەر دۆخی کەشوهەوا گونجاو بێ لەماوەی 24 کاتژمێری داهاتوودا ئەو سەردانە ئەنجام دەدرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ