سەرەڕای ناڕەزایی کوردستان ڕێکارەکانی بە قەزابوونی قەرەتەپە تەواو دەکرێن

شەیری بکە لە:
سەرەڕای ناڕەزایی کوردستان ڕێکارەکانی بە قەزابوونی قەرەتەپە تەواو دەکرێن

بارەگای بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی قەرەتەپە. وێنە؛ سۆشیال میدیا

ئاڤا نیوز

هەرچەندە هەرێمی کوردستان ناڕازاییە لەوەی گۆڕانکاری کارگێڕی لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 بکرێت تا ئەم ماددە دەستوورییە وەک خۆی جێبەجێی دەکرێت، بەڵام حکومەتی عێراق و حکومەتی خۆجێیی دیالە ڕێکارەکانی بە قەزابوونی قەرەتەپە تەواو دەکەن، لە دوایین هەنگاویشدا دەیانەوێت قائیقامێک بۆ شارۆچکەکە دابنێن.

بۆچی گرنگە: مانگی تەممووزی ئەمساڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڕیاری هێنانەکایەی قەزای قەرەتەپەی لە سنووری پارێزگای دیالە دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکەش هەردوو ناحیەی جەبارە و کۆکس (کوڵەجۆ) ـش خرانەسەر قەزا تازەکە، ئەوکات بڕیارەکە ناڕەزایی کوردی لێکەوتەوە و دەڵێن، بەگوێرەی دەستوور تا جێبەجێکردنی ماددەی 140 نابێت دەستکاری سنووری کارگێڕی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بکرێت.

نووسراوی فەرمی: عومەر کروی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، 24ـی ئەم مانگە نووسراوێکی دەرکردووە و تێیدا دەرگای خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی قائیقامی قەزای قەرەتەپە و ناحیەی ئەبی سەیدا کردووەتەوە، ماوەی خۆ کاندیدکردنەکەش بۆ ئەو دوو پۆستە تا 22ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

لە مەرجەکانی کاندیدبوون بۆ هەردوو پۆستەکە ئەوەیە نیشتەجێی پارێزگای دیالە بن، کاندید دەبێت لانیکەم بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەبێت، ناوبانگێکی باشی هەبێت و بەتاوانی جۆراوجۆر سزا نەدرابێت، نابێت یاسای ڕیشەکێشکردنی بەعس بیگرێتەوە، نابێت ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بێت و هەروەها ناشبێت ماوەی خزمەتکردنی لە 10 ساڵ کەمتر بێت.

دەقی نووسراوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە زمانی عەرەبی

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ