لە هەولێر كەرنەڤاڵی ئۆتۆمبێلە كلاسیكییەكان سازدەكرێت

شەیری بکە لە:
لە هەولێر كەرنەڤاڵی ئۆتۆمبێلە كلاسیكییەكان سازدەكرێت

نمایشی ئۆتۆمبێلی کڵاکسک لەبەردەم قەڵای هەولێر

ئاڤا نیوز

 

لە چوارچێوەی ئەنجامدانی كارو چالاكیە هونەری و كولتوورییەكان بەبۆنەی سەری ساڵ، سبەی دەیان ئۆتۆمبێلی جۆرەکانی کلاسیک و مۆدێل كۆن شەقامەكانی سەنتەری شاری هەولێر دەڕازێننەوە. تا ئێستا زیاتر لە 120 خاوەن ئۆتۆمبێل ناوی خۆیان تۆماركردووە و گەشتیاران و هەوادارانی ئەو ئۆتۆمبێلانە ئامادەی نمایشەکان دەبن.

 

چیرۆكی سەرەكی: پارێزگای هەولێر بۆ ئاهەنگ و پشووەكانی سەری ساڵی نوێ، فێستیڤاڵی 10 ڕۆژەی گەشتیاری و كولتووری بەڕێوەدەبات، لەو چوارچێوەیەشدا سبەی سێشەممە 30ـی كانوونی دووەمی 2025، لەبەردەم پاركی شانەدەر کەرنەڤاڵى ئوتۆمۆبێلە کلاسیک و کۆنەکان (ئەوانەی خوار مۆدێلی 1991ـن) ساز دەكرێت و لە شەقامەكانی سەنتەری شار دەخوولێنەوە و گەشتیاران و هەوادارانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەتوانن بینەربن و دیمەنەکان تۆمار بکەن.

 

لێدوانی فەرمی: موقەدەم بۆتان عەلی، ڕێكخەری كەرنەڤاڵی ئۆتۆمبێلە كلاسیكەكان تایبەت بە ئاڤا ڕایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 120 خاوەن ئۆتۆمبێل ناوی خۆیان بۆ بەشداریكردن لەو كەرنەڤاڵە تۆماركردووە و لەنێویاندا كەسانێك بە دوو ئۆتۆمبێل و سێ ئۆتۆمبێلی جۆری كلاسیك بەشداری دەكات.

 

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوانەی نیازی بەشداریكردنیان هەیە سبەی كاتژمێر 3:00ـی پاش نیوەڕۆ، لە بەردەم پاركی شانەدەر ئامادەبن، كاروانی ئۆتۆمبێلەكان بەیەكەوە بەرەو سەنتەری شاری هەولێر بەڕێدەكەون و وێستگەی كۆتاییش بەردەم تەلاری پارێزگای هەولێر دەبێت.

 

باکگراوند: ئەمە دەبێتە دووەمین نمایشی لەم جۆرە لە شاری هەولێر؛ یەکەمین نمایشی ئۆتۆمبێلە کلاسیکەکان لە ساڵی 2023 و لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆزدا بەڕێوەچوو کە دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: