عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێک لەبارەی چارەنووسی هەسەدە و سووریا بڵاو دەکاتەوە
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە
ئاڤا نیوز
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە نوێترین پەیامیدا، جەخت دەکاتەوە ڕێککەوتننامەی 10ی ئازار لە نێوان هەسەدە و ئیدارەی نوێی سووریا (مەبەست لە ڕێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعە) مۆدێلی سیاسیی دیموکراتی خۆبەڕێوەبردنی پێکەوەیی گەلانی سووریایە.
پەیامی فەرمی: ئۆجەلان بەبۆنەی سەری ساڵ پەیامێکی هەیە و دەم پارتی پەیامەکەی بڵاوکردەوە. لە پەیامەکە هاتووە، ڕێککەوتننامەی 10ی ئادار دەبێتە هۆی بەرەوپێشتبردنی پڕۆسەی ئاشتی و داوا لە تورکیا دەکات ڕۆڵی بونیادنەرانە بگێڕێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە.
ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان:
لە کاتێکدا پێ دەنێینە ساڵێکی نوێوە، ناچارین جارێکی تر ئەوەمان بیر بێتەوە کە چۆن ناسیۆنالیزم، کە لە سەدەی ڕابردوودا شانبەشانی هێرشە ئیمپریالیستییەکان گەشەی کرد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕووبەڕووی پێکدادانی قووڵ، وێرانکاری و لێکترازانی کۆمەڵایەتی کردەوە. هەموو ئەو تائیفەگەری و ناسیۆنالیزمە نەتەوەییانەی ئەمڕۆ لە ناوچەکەدا هەن، ڕەگیان لەم مێژووە نزیک و پڕ لە ئازارەوە سەرچاوە دەگرێت. بەداخەوە، ستراتیژی سیستەمی هەژموونگەرا "پەرت کە و زاڵ بە" بە شێوازی جیاواز بەردەوامە.
هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، ئەو دیدگایەی ئێمە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، سەرەڕای هەموو زەحمەتییەکان، پەرەمان پێداوە، تەنها بژاردەیەک نییە، بەڵکو وەک پێویستییەکی مێژوویی لەبەردەمماندایە. ئەگەر بە دروستی و بە تێگەیشتنەوە هەڵبسەنگێنرێت، ئەم دیدگایە چارەسەرێکە کە دەتوانێت ڕێگە لە پێکدادانی نوێ بگرێت و ژیانێکی هاوبەش، یەکسان و ئازادی گەلان مسۆگەر بکات. لە قۆناغی داهاتوودا، بەرپرسیارێتیی سەرەکیمان ئەوەیە کە ڕێگە لە شەڕێکی نوێ بگرین کە لەوانەیە لە ماوەیەکی کورتدا سەرهەڵبدات و بەر لە دەرئەنجامە قەرەبوونەکراوەکانی بگرین.
قەیران قووڵ و پێکدادانە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرئەنجامی حەتمیی گیرخواردن و بەردەوامنەبوونی ئەو تێڕوانینە ستەمکار و دەسەڵاتخواز و دەوڵەتسالارانەی شارستانیەتە کە هەزاران ساڵە بەردەوامە.
کێشەی کوردیش، کە لە دڵی ئەم قەیرانانەدایە، تەنها بە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕێککەوتنی دیموکراتییانە چارەسەر دەکرێت. کێشەکە بە ڕێگەی پێکدادان، شەڕ، ڕێبازی سەربازی و ئەمنی چارەسەر ناکرێت؛ بەڵکو دەبێت لەسەر بنەمایەکی دیموکراتییانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کە ئیرادەی گەلان بە بنەما وەربگرێت.
نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت. تا بیرکردنەوەی پیاوسالاری نەسڕێتەوە، کولتووری شەڕ کۆتایی نایەت و ئاشتی بەردەوام نابێت. هەر بۆیە من ئازادیی ژن وەک بنەمای دامەزرێنەر و وازلێهەڵنەگیراوی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دەبینم.
ئەو دۆخە پشێوییەی لە سووریا دروست بووە، ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرای پێویستیی دیموکراتیزەکردنە. ئەو تێڕوانینەی حوکمڕانی کە ساڵانێکی زۆر لەسەر بنەمای تاکڕەهەندی، سەرکوتکاری و نکۆڵیکردنی ناسنامەکان بوو؛ داواکاریی کورد، عەرەب، عەلەوی و هەموو گەلانی بۆ ئازادی و یەکسانی بەهێزتر کردووە. ئەو داواکارییە سەرەکییەی کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی 10ی ئاداردا لەنێوان هەسەدە و حکومەتی شامدا هاتووەتە ئاراوە، بریتییە لە مۆدێلێکی سیاسیی دیموکراتی کە تێیدا گەلان بتوانن پێکەوە خۆیان بەڕێوەببەن. ئەم تێڕوانینە، زەمینەیەکی تێکەڵبوونی دیموکراتییانە لەخۆدەگرێت کە دەکرێت لەگەڵ پێکهاتەی ناوەندیدا گفتوگۆی لەسەر بکرێت. جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 10ی ئادار پرۆسەکە ئاسانتر و خێراتر دەکات.
ئێجگار گرنگە تورکیا لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکی ئاسانکار، بنیاتنەر و کراوە بۆ دیالۆگ ببینێت. ئەمە هەم لە ڕووی ئاشتیی هەرێمییەوە و هەم لە ڕووی بەهێزکردنی ئاشتیی ناوخۆیی خۆیەوە، گرنگییەکی چارەنووسسازی هەیە.
مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ڕادەیەکی زۆر مێژووی "شۆڕشە نەرێنییەکانە". شەڕ، زۆرداری، نکۆڵیکردن و وێرانکاری... لە بەرامبەر ئەمەدا، ئەوەی ئێمە پێشنیازی دەکەین "شۆڕشی ئەرێنی"یە. واتە، دووبارە بنیاتنانەوەی کۆمەڵگە بە ڕێبازی دیموکراتی، ئاشتییانە و ئاکاری-سیاسی. ئەو ئاشتییەی کە ئێمە بە پێداگرییەوە بەرگریی لێ دەکەین، دەبێت سەرەتایەکی نوێ بێت، نەک دەرئەنجامێک. ئەو خەباتەی کە لە چوارچێوەی ئاشتیدا بۆ ماف، یاسا و دیموکراتیزەکردن دەکرێت، ڕق، دژایەتی و تووڕەیی لەناو دەبات و دەرگا بە ڕوی ژیانێکی نوێ بۆ هەمووان دەکاتەوە.
بەو تێگەیشتنەوە، هیوادارم ساڵی نوێ بکەینە ساڵی ڕێککەوتنی دیموکراتی، ئاشتی و ئیرادەی بنیاتنانی داهاتووی هاوبەشی گەلان، نەک ساڵی شەڕ، وێرانکاری و لێکترازان.
هیوادارم ساڵی نوێ لە تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا دەرگایەک بەڕووی ئاشتی، ئازادی و داهاتوویەکی دیموکراتیدا بکاتەوە؛ پیرۆزبایی ساڵی نوێ لە هەموو دۆستان، بە تایبەتی گەلانی تێکۆشەر دەکەم.
هیوادارم ساڵی نوێ ئاشتی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هەموو گەلان بهێنێت و خۆشەویستی و سڵاوی خۆمتان پێ ڕادەگەیەنم.
ئەم قۆناغە، قۆناغێک دەبێت کە بە ئازادیی ژن بەهێز دەبێت و گەلان لە چوارچێوەی ئاشتیدا لەگەڵ بەها دیموکراتییەکاندا یەکدەگرن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان
ئیمراڵی
30-12-2025
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

ئاڤا دیجیتاڵ
Editor
دوایین هەواڵەکان
- هەواڵ
- 50 خولەک لەمەوپێش
سعوودیە بۆ ئیمارات: هێزەکانتان لە یەمەن بکشێننەوە
- بزنس
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
نرخی زێڕ نزیکەی 80 دۆلار بەرز دەبێتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ

کچێکی کورد لە لیستی کەسە ئیلهامبەخشەکانی ساڵی 2025ـی ڕۆژنامەی گاردیانە
28 کانوونی یەکەم

زانست تیۆرەکەی ئەرستۆ پووچەڵ دەکاتەوە؛ مرۆڤ 33 هەستی هەیە نەک پێنج
28 کانوونی یەکەم

بەوێنە؛ پشیلەی وان؛ ئەفسانەیەک بە چاوی شین و زەردەوە
27 کانوونی یەکەم

کچە کوردێک فیلمێک دەربارەی شەهید بوونی باوکی بەرهەم دەهێنێت
27 کانوونی یەکەم

گەردوون پیر بووە و ئەستێرەی نوێی کەمتر لەدایک نابن
27 کانوونی یەکەم
- هەواڵ
- 50 خولەک لەمەوپێش
سعوودیە بۆ ئیمارات: هێزەکانتان لە یەمەن بکشێننەوە
- هەواڵ
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان لە ژێر سفرە
- هەواڵ
- 4 کاتژمێر لەمەوپێش
گەڕی سێییەمی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت





