چەند پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە لەبارەی پێکهێنانی حکومەت و ڕۆژئاوای کوردستان

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز


سەرۆک بارزانی، لە هەولێر وتارێکی پێشکەشکرد و لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند: "خەریکبوو کارەساتێکی گەورە ڕووبدات و ترسی گەورەی من ئەوەبوو ببێتە هۆی شەڕی کورد و عەرەب،" لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و عێراقیش وتی: "گرفتی زۆر لە بەردەم پێکهێنانی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراقیش هەن، لە هەوڵی چارەسەرکردنی گرفتەکانین." 


چیرۆکی سەرەکی: ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی یازدەهەمین کۆنفرانسی تەندروستی میزۆپۆتامیا بەڕێوەچوو، كۆنفرانسەکە گەورەترين و گرنگترين كۆبوونەوەی پزيشكييه بۆ پزيشكانى كورد له هەموو پارچەكانى كوردستان ئامانجی ئەم کۆنگرەیە بۆ بەرزكردنەوەى قەبارەى گۆڤاره زانستيەكان و پەرەپێدانى هاوكاريكردنى گرووپە پەروەردەییەکانە. سەرۆک بارزانی، وتارێکی لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و پێکهێنانی کابینەی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی پێشکەشکرد.


لێدوانی فەرمی: سەرۆک بارزانی، لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند: "لەماوەی ڕابردوو خەریکبوو کارەساتێکی گەورە ڕووبدات و ترسی گەورەی من ئەوەبوو ببێتە هۆی شەڕی کورد و عەرەب، هیچ کاتێک کورد دەستپێشخەر نەبووە بۆ شەڕ و دەربڕینی یەکهەڵویستی و یەکێتی نەتەوەیی کورد لەو ڕووداوەدا گەورەترین سەرکەوتنە، هیوادارم ئەو یەکێتییەی بینیمان لەسەر ئاستی نەتەوەیی ببێتە بنەما بۆ داهاتوو بۆ هەر ڕووداێکی دیکە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە و نابێت بیر لە شەڕ بکەینەوە بەڵام ئێمە زۆری زۆرداران قبوڵ ناکەین، وتیشی: نابێت بە عاتیفە بڕیاربدەین، ئێمە پێشتر پێشمەرگەمان نارد بۆ کۆبانێ بەڵام ئەمجارە وای پێویست دەکرد ئاگرەکە بکوژێتەوە و دوای هەوڵەکان ڕێککەوتن کرا و هیوادارین ئەو ڕێککەوتنە بەردەوام بێت و ئەوەی بۆمان کرا هەوڵماندا شەڕەکە تەشەنە نەکات."


سەرۆک بارزانی، هەر لە وتارەکەیدا وتی: سوپاسی هەموو تاكێكی کوردێکی کرد بۆ دەربڕینی هەڵوێستیان سەبارەت بە دۆخی ڕۆژئاوا ئەمە گەورەترین سەرکەوتنە، هاوکات دڵخۆشی خۆی دەبڕی بەوەی هەزاران  گەنجی کورد خۆبەخشانە چوونەتە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان.


سەرۆک بارزانی، هەر لەوتارەکەیدا لەسەر دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی ڕایگەیاند: "لە هەوڵیداین بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، بارزانی، وتیشی: "بۆ  پێکهێنانی حکومەتی نوێی فیدڕاڵ هاوکاری برادەران دەبین و دەوڵەتانیش پێویستە لەناو بارودۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە بە ئاشتی و دیالۆگ چارەسەری کێشەکانیان بکەن لە دروستبوونی شەڕ هەمووان زەرەر دەکەن."

 

سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسی تەندروستی میزۆپۆتامیا ئەمانەشی وت: 


٠ دەستخۆشی لە دەزگای خێرخوازی بارزانی و وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەو ڕۆڵە گەورەیەی بینییان بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.


٠ زیاتر لە ساڵێکە پڕۆسەی ئاشتی لە باکور دەستی پێکردووە هیوادرین پڕۆسەکە بگاتە ئەنجامێک کە خێری هەموو لایەکی تێدابێت.


٠ ئەگەر ئیرادە و بڕوامان بەخۆمان و دۆخی گەکەلەمان هەبێت هەمیشە دۆستمان هەیە بە پێچەوانەوە کەس دۆستی ئیمە نییە.


٠ بە هەموو هێز توانایەکمانەوە پشتیوانی پزیشکانین، هیوادارین کوردانی تاراوگەش کە لێرە بەشدارن سوود لە دەرفەکانیان وەربگرن و لە هەمان کاتیشدا منداڵەکانیان فێربکەن زمان و خاکییان لەبیرنەکەن.

 

زانیاریی زیاتر: له کۆنفرانسی تەندروستی میزۆپۆتامیا لە هەموو پارچەكانى كوردستان هەزار و 700 پزیشکی کورد بەشدارن، ئامانجی ئەم کۆنگرەیە بۆ بەرزكردنەوەى قەبارەى گۆڤاره زانستيەكان و پەرەپێدانى هاوكاريكردنى گرووپە پەروەردەییەکانە، لە کۆنفڕانسەکەی ئەمساڵدا کوردانی دانیشتووی تاراوگە و هەرچوار پارچەی کوردستان بەشداری کۆنفرانسەکەیان کردووە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: