حکومەتی هەرێمی کوردستان ‌شەش هەزار کتێبی کوردی ڕەوانەی وڵاتانی ئەوروپا دەکات

شەیری بکە لە:
حکومەتی هەرێمی کوردستان ‌شەش هەزار کتێبی کوردی ڕەوانەی وڵاتانی ئەوروپا دەکات

دیمەنی چاپکردنی کتێب و ئامادەکردنی بۆ ناردنە دەرەوەی وڵات.

ئاڤا نیوز


بۆ ئەوەی منداڵای کورد لە وڵاتانی ئەوروپی فێری زمانی کوردی بکرێن و لە کولتوور و ڕەسەنایەتی کوردی دانەبڕێن، حکومەتی هەرێمی کوردستان شەش هەزار کتێبی دیکەی نوێی زمانی کوردی ڕەوانەی وڵاتانی ئەوروپا دەکات.


بڵاوکراوەی فەرمی: فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: لە چوارچێوەی بایەخدانی بەردەوامی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زمان، فەرهەنگی کوردی و پاڵپشتیکردنی قوتابییانی دیاسپۆرا، وەزارەتی پەروەردە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، کاروانێکی دیکەی کتێبی بۆ قوتابخانە کوردییەکانی دەرەوەی وڵات دابین کرد.


زانیاریی زیاتر: ڕەوانەکردنی ئەم کتێبانە دوای ئەوە دێت، لە ڕۆژی سێشەممە، 3ی شوباتی 2026، لە جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پەروەردە و کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی، شەش هەزار کتێبی زمانی کوردی بە شێوەزاری کرمانجی "پیتی لاتینی" بۆ ئاستەکانی یەکەم تا پێنجەمی بنەڕەتی چاپ و ئامادە کران.


ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەم کاروانە کتێبەی ڕەوانەی 14 قوتابخانەی کوردی لە وڵاتانی "ئەڵمانیا، سویسرا، نەمسا، دانیمارک و لۆکسمبۆرگ" کران، تا وەک سەرچاوەی سەرەکیی خوێندن لەلایەن قوتابییانی کورد لەو وڵاتانە سوودی لێ ببینرێت.


ئەمەش بزانە: حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 25ی تشرینی یەکەمی 2025، لە هەنگاوێکی هاوشێوەدا، 8 هەزار و 500 کتێبی کوردیی بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و بادینی، بۆ قوتابخانە کوردییەکانی ئەورووپا و ئەمەریکا ڕەوانە کردبوو.


باکگراوند:
لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی پەروەردە کرایەوە، یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو بەرێوەبەرایەتییە ئەوەیە منداڵانی کوردی دەرەوەی وڵات فێری زمانی کوردی بکات، هاوکات لە ڕێگەی دابینکردنی پێداویستییە تەکنیكی و زانستییەکانی خوێندن، کردنەوەی خولی فێربوونی زمانی کوردی کار لەسەر ئەم ستراتیژییە دەکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ